کۆڕەو ... ئای لە کۆڕەو
2 مانگ پێش ئێستا
بیخوێنەرەوە ئەگەر کۆڕەوت نەبینیوە تابزانی ئەو خەڵکە چی بەسەرهات!
نزیکی بانگی عیشا باوکم لە شەڕی کەرکوک گەڕایەوەو کتوپڕ خۆی کرد بە ماڵا، چڵکن و ریشهاتوو هەر لە دەرگای حەوشەوە هاواری کرد: پەروین خۆتان کۆکەنەوە با بڕۆین!
باوکم و دایکم خێرا تەگبیریان کرد، تۆ ئاراس و نیوفەردە ئارد و ڕۆن هەڵگرە، منیش جانتا پارەکەی ماڵ کاکە ناجیم و دوو بەتانی و شادیە و کاوەو نادیەش دەستی یەکتر بگرن و دەڕۆین!
بەو سادەییە ماڵمان جێهێشت، نیوسەعات لە ماڵ دوورکەوتبووینەوە کەوتینە سەر رێگای سلێمانی ــ دەربەندیخان لەوێ حەشربوو.. گریان و زریکەی منداڵ، کڕوزانەوەی دایک کە منداڵی لێ ون بووبوو.. پیاو بەنیوەگریان و نیوە هاوارکردن بانگی دەکرد دەی خێرا بێن.. کوا فڵان؟... دەستی یەکتر بەر مەدەن... ئەی هاوار ماڵم وێران بوو.. لەگەڵ ژاوەژاوێک کە باوەڕ ناکەم بە فیلمی سینەماییش دروست بکرێتەوە.
ئەو ڕێگا دووردرێژە پڕپڕبوو لە خەڵکی ترساو بەڕادەیەک نیو مەتر بۆشاییت نەدۆدۆزییەوە چۆڵبێ. باران و سەرما ئەوەندەی تر خەڵکەکەیان شپرزە کرد.
باوکم ئاراسی تەمەن پێنج ساڵانی کردووەتە قەڵادۆشکان و نیوفەردەئاردی بە پشتیا دابەشتووە. من و شادیە و نادیەی خوشکم وەک زنجیر دەستی یەکترمان گرتووە و دایکیشم کە چەند ڕۆژێک لەوەوبەر بەهۆی گوللەی وێڵەوە برینداربوو، لەدوامانەوە خۆی ڕادەکێشا. ئەو گوللەیە بەرناوەڕاستی پشتی کەوتبوو دکتۆرەکان هەرگیز بۆیان دەرنەهێنایەوەو ئێستایش لەگۆڕەکەدا لەگەڵیایەتی!
باوکم و دایکم چەندە سەرما و هیلاکبوون، بەڵام هەر بیروهۆشیان لای ئێمەبوو دانەبڕێین. دەبوو زوو زوو یەکتر ئاگادار بکەنەوە. بەڵام دایکم کوشتەی ئەو بریندارییەی بوو کەچی زۆر ئازایانە دەهات بەڕێوە.
نیوەی شەو گەیشتینە گوندی کانی پانکە.. ئەو گوندەی ئێستا دوکانم لێداناوە.. لەژێر کارگەیەکی قیردا بەتانیەکمان ڕاخست و بەتانییەکەی ترمان دابەخۆماندا.. ئای لەو خەوە خۆشەی ئەو شەوە کە بۆ یەک سەعاتیش باران خۆشی نەکردەوە.
ئێمە بارگەمان خستووە، بەڵام هەزاران هەزار ژن و پیاو و منداڵ بە تەنیشتمانا هەر دەڕۆن. گریان و زریکە و هاوار یەک سانیەیش لەو ڕێگەیە نەدەبڕا.
خەڵک بوو پڕ بە دەنگی هاواری ژن و منداڵەکانی دەکرد، هەبوو بۆ دایک و باوکی ون بووی دەگریا چ گریانێک. خۆزگە دەمتوانی ئەوساتانە بنووسمەوە کە هەرگیز ناتوانم!!!
بەیانی هەستاین بەتانییەکەمان لەئاودا خوسابوو.. خۆ جادەکە قەرەباڵخترە لە شەو. دیمەنەکانی رۆژ زۆر ترسناکتر و خەمهێنەرترن چونکە ئیتر ئێستا ژن و منداڵی پێپەتی.. جل دڕاو و پێڵاو شڕ دەبینرێن. پیاوان فرمێسکی چاویان دەسڕن بە چمکی جامانە و پشتوێنەکانیان.. گریانی پیاو زۆر ترسناک و روخێنەرە!
خێزان هەبوو مەیتیان پێبوو.. خێزان هەبوو ژن یان پیاوێکی کەنەفتە و بێهێزیان پێبوو بە کۆڵ دەیانبرد. سەیارە بە ئەستەم دەیتوانی مەترێک بجوڵێ. خەڵکەکە هەموو بە پێ دەڕۆشتن.
لەو هەموو زەحمەتی و ناڕەحەتییەدا کەچی درۆی گەیشتنی سوپای دڕندەی بەعس لەو خەڵکە نەدەبڕا. تاوناتاوێک دەیانوت: جەیش گەیشتووەتە عەربەت.. سلێمانییان داگیرکردەوە. ئیتر ئەم دەنگۆیانە ئەونەی تر پاڵی بە خەڵکەوە دەنا بەبێ وەستان بڕوات.. هەر بڕوات!!
پێش بانگی مەغریب گەیشتینە ناو سەی سایەقی تەختکراو!
ئەو ڕێگا کورتە بە پێنج سەعات و شەش سەعات دەبڕا. کاتێ چووینە ناو سەی سایەق ئیتر تاڕادەیەک پەرشوبڵاوی خەڵکمان بینی. وادیاربوو لەوێ ترس کەمتربوو چونکە خەڵک لای دەدا بۆ مانەوە.
شەوێک لە ژێرزەمینێکی کۆندا ماینەوە کە لە ڕاستیدا جێی پێنج کەس بە باشی نەدەبوویەوە، کەچی لەگەڵ ماڵی ئامۆزایەکماندا بووین بە سیانزە کەس و تیایدا خەوتین!
بەیانییەکەی بەڕێکەوتین بۆ شاخی سورێن تا بچینە رۆژهەڵاتی کوردستان. مەرگەساتی ڕاستەقینە هەڵزنان بوو بە شاخی سەختی سورێندا چونکە ئێمە هەموومان تەمەنمان دە ساڵ و کەمتربوو تا پێنج ساڵان، کەچی دەبوو بەو کێوە سەختەدا سەرکەوین.
پاش سێ ڕۆژ رێگەبڕین، گەیشتینە سەر لوتکەی سورێن کە تەواوی دەشتی شارەزوور تا گەرمیان وەکو فەرش لە بەردەمیا ڕاخراون. لەوێ پاسداری ئێران ڕێی پێگرتین و نەیاندەهێشت بچینە ئەودیو!
هەرچۆن بوو پێنج شەو و ڕۆژ ئێمە لەژێر لێزمەی باران و سەرمای تەزێنەردا ڕێمان بڕی تا گەیشتینە ڕۆژهەڵات.
زۆر چیرۆکی تراژیدیمان بینی کە هێشتا لە یادەوەریمدا زیندوون وەک خنکانی کچێکی گەنج کە وتیان کەرکوکییە لە چەمی چەقاندا لە سەی سایەق. مردنی ژن و پیاو و منداڵ کە بە چەقۆ و کەوچک قەبریان بۆ هەڵدەکەندن چونکە پاچ و خاکەناز نەبوو.
زۆر شتی تر کە نانووسرێنەوە.... ئێستا زۆر کەس لەوانەی کە لەو کارەساتە پێکەوەبووین ئێستا لەژێر خاکدان. بۆیە پێویستە ئەوانەمان زیندووین هەریەکەمان بەشێکی بنووسێتەوە تا نەوەی داهاتوو بزانن ئەم میللەتە بە چ زەحمەت و چەرمەسەرییەک هێنای تا ئێرە!
#کاوە_شێخ_عەبدوڵڵا