ئەمریکا و کورد
3 مانگ پێش ئێستا
د. سەردار عەزیز
تێگەیشتن و مامەڵەی ئێمە، چ وەک خەڵکێک، نوخبەیەکی سیاس و ڕۆشنبیری، لە گەڵ زلهێزێکی وەک ئەمریکادا، پڕیەتی لە بارێکی دەرونی شلەژاو و کەمێک لە عەقلانیەت. ئێمە، لە مامەڵە لە گەڵ ئەم هێزەدا، هەمیشە لە نێوان یار و نەیاردا جۆلانێمان کردوە. ئەم ڕۆژانە کار لە سەر لێکۆڵینەویەک دەکەم لەمبارەوە، بۆ ئەو مەبەستە بە ئەدەبیاتی کوردی ئینگلیزیدا دەچمەوە لەمبارەوە، بە گشتی زۆربەی نوسراوەکان سۆزێکی شلەژاو یان دیدێکی لە قاڵبدراو بە سەریدا زاڵە. یەکێک لەو دیدە سادانە ئەوەیە کە چونکە ئەمریکا ئەوەی نەکردوە کە کورد دەیەوێت یان ویستویەتی، ئەوا مانای وەهایە دۆست نیە. یان زۆربەی دیدەکان دەچنە خانەی دیدی چەپ لە دەسەڵات بەوەی ئەمریکا ئیمپریالیستە یان دۆست نیە یان کەپیتالیستە. ئەم ڕەخنانە گرنگن، بەڵام هەرگیز ئەو دیدە تایبەتە لە بەرچاو ناگیرێت، ئایا ئێمە خەڵکێکین دەمانەوێت لە دونیادا ئامدەبین و حوکمی خۆمان بکەین، یان ئێمە کارمان ئەوەیە سیستەمی جیهانی ڕەخنە بکەین و لە دیدی هەندێک ئایدەلۆژیاوە هەڵوێستی بەرامبەر وەربگرین. دیارە لە بەر نەبونی کورد لە مێژودا و هەروەها لە دونیادا، ئاسان نیە، وەک کوردێک دونیا ببینیت.
لای من پەیوەندی کورد و ئەمریکا دوو قۆناغە؛ سەردەمی جەنگی سارد و سەردەمی پاش جەنگی سارد یان تاک جەمسەریی. ئەم دوو قۆناغە زۆر جیاوازن. ئەوەی لە سەردەمی جەنگی ساردەوە لە پەیوەندییەکە دەڕوانێت، ئەوا هەمیشە چەمکی وەک خیانەت، فۆشراو، بەکاربردن، فەرامۆشکردن و ئیمپریالیزم و چەمکەکانی تر بەکار دەبات. ڕەنگە کتێبەکەی برایان گیبسون بە ناوی فرۆشراو؟ سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا، عێراق، کورد و جەنگی سارد، دیاریترین کتێبی ئەم بوارە بێت.
Sold Out? US Foreign Policy, Iraq, the Kurds, and the Cold War
(ویستم ئاماژە بە هەندێک نوسینی کوردیش بکەم، بەڵام لە ترسی جنێو ناوێرم)!
بەڵام بە ئاسانی دەتوانین دابڕانی لە نێوان سەردەمی جەنگی سارد و سەردەمی پاش جەنگی سارددا، لە مامەڵەی ئەمریکا لە گەڵ کورددا ببینین. ڕەنگە بەڵگەنامەیەک کرۆکی پەیوەندی کورد و ئەمریکامان لە سەردەمی جەنگی سارددا بۆ ڕون دەکاتەوە، کۆبونەوەیەکە لە ساڵی ١٩٧٣ لە نێوان کیسنجەر و باڵوێزی ئەمریکی لە ئێران، کە تیایدا کیسنجەر چەمکی برینی کولاوە بەکاردەبات بۆ پرسی کورد. ئەمریکا لە پەیوەندی نهێنی و ناڕاستەوخۆ و سنورداریدا هەوڵیداوە کورد وەک ئامرازێک بەکاربەرێت بۆ ئەوەی نەیارەکانی دووجار بیربکەنەوە لە هەڵنانی هەر هەنگاوێک لە ناوچەکە.
لە سەردەمی جەنگی سارددا کورد یەکێک بوە لە ئامرازەکانی هاوسەنگکردن لە ناوچەکە. بەڵام پاش جەنگی سارد، ئەم دۆخە سەرتاپا دەگۆڕێت. ئەمریکا نەیاری نامێنێت، لە ئەنجامدا سەردەمی تاک جەمسەری سەرهەڵدەدات.
تێگەیشتن لە سەردەمی تاک جەمسەریی، پێویستی بە قوڵبونەوەیە لە ئەدەبیاتی تایبەتی ئەو بوارەدا. ئێمە لە پاش جەنگی سارد، مێژویەکمان هەیە، کە زیاتر لە سی ساڵە. خوێندنەوەی ئەم مێژوە، دەکرێت بە مۆدێلی جیاواز بێت. لێرەدا بە کورتی هەردوو چەمکی ئارکەلۆژیا و جینالۆجیای فۆکۆ بەکاردەبەم. مەبەست لە چەمکی ئارکەلۆژیا ئەوەیە کە بە ووردی هەوڵبدەین بزانین سەرەتا دۆخەکە چۆن بوە. چونکە بە دیدی فۆکۆ، هەمیشە دیاردەیەک لە سەرەتادا بۆ ئامانجی جیاواز بوە لەوەی کە ئێستا هەیەتی. سەرەتا ئەمریکا ئەو ئامانجانەی نەبوو کە ئێستا یان پاشان هەیبو. هاتنی ئەمریکا لە سەرەتادا هۆکاری مرۆیی و فاکتەری ناوخۆیی ئەمریکا و چەند هۆکارێکی تر بوو، کە هێندە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە کورد و دۆزی کوردەوە نەبوو. بەڵام بە بەکاربردنی جینالۆجیا، بەو مانایە لە ئێستاوە بگەڕێینەوە بۆ سەرەتا، هەتا هەوڵبدەین ڕێچکەکە دیاری بکەین و بزانین چۆن ئامانج و پلانەکان گۆڕاون. بە گەڕانەوە بۆ ڕێچکەکەدا دەبینین ئەمریکا دەیەوێت هەڵبژاردن بکرێت، پەرلەمان هەبێت، ئەمە ببێتە بنەمای دروستبونی حکومەت. هەموو ئەمانە تەبان لە گەڵ دیموکراتیزەبون و حوکمی یاسا و بونیادی دەزگا و زۆر بواری تر.
بە دیدی من ئەمریکا، وەک زۆر لە بیرمەندانی زلهێزی کاریان لە سەرکردوە، لە ئەنجامی هەوڵی بۆ سەپاندنی هەژەمۆنیەتی بە سەر جیهاندا، وزەیەکی زۆری بە فیرۆدا و ئەمرۆ چیدی ناتوانێت بەو مۆدێلە بەردەوام بێت و لە ئەنجامدا کۆمەڵێک هێز سەریانهەڵدا، کە دەیانەوێت بە شێوازی تایبەت ڕکەبەریی بکەن. کەواتە ئێمە لە دۆخێکداین، لە کاتێکدا زلهێزێکی تر نیە لە دونیادا، بەڵام ئەمریکا، زلهێزەکەی جاران نیە.
ئەم دۆخە وەهایکردوە کە ئەمریکا بیەوێت لە گەڵ کورددا، لە ئەنجامی سی ساڵی مێژوی ڕابوردو، هەوڵی ئەوە بدات کە چۆن جۆرێک لە پارتنەرشپ دروست بکات. ئەمە هەتا ئاستێکی زۆریش بۆ ڕۆژئاڤای کوردستانیش ڕاستە. بۆ ئەمریکا دەیەوێت لە گەڵ کوردا، پەیوەندی پارتنەرشیپی هەبێت؟ لە بەر سێ هۆکاری سەرەکی: یەکەم، ئەمریکا نایەوێت یان ناتوانێت وەک جاران بە چڕی لە ناوچەکە بێت.
دووەم، ناتوانێت بە تەواوی ناوچەکە بەجێبهێڵێت. سێیەم، ناوچەکە ناسەقامگیرە و ئەمریکا بێ دۆستە. بە کورتی ئەمریکا دەیەوێت لە گەڵ کورددا پارتنەر بێت، چونکە پێویستی بە هەبونی هێزێکی لۆکاڵە لە سەر ئەرز، کە هەمیشە ئامادەباش بێت و لە کاتی قەیراندا هاوکاری بێت. بەڵام بۆ ئەوەی کورد بتوانێت پارتنەری ئەمریکا بێت دەبێت چەند خەسڵەتێکی تیادابێت. ئەمریکا ئەو پرسیارە لە خۆی دەکات، ئەگەر لە کورد باشترنیە بۆ هاوپەیمانی لە ناوچەکە، ئەوا چۆن کورد ببنە پارتنتەرێکی باش؟ لە دیدی ئەمریکاوە کورد کاتێک دەبنە پارتنەرێکی باش کە بتوانن هێزەکانیان سەردەمیانە بکەن، هەتا بتوانێت لە گەڵ هێزی ئەمریکادا هاوکاربێت. ئەمەش کرۆکی ریفۆرمی پێشمەرگەیە. بەڵام ڕیفۆرمی پێشمەرگە، لە بەر هۆکاری ناوخۆیی بەو ئاقارەدا ناڕوات. هەروەها بۆ ئەوەی هەرێم پارتنەرێکی باش بێت دەبێت سەقامگیربێت، سەقامگیریش کاتێک دێتە دی کە حوکمداری لە ڕێگای دەزگاوە بەڕێوەبچێت، نەک لە ڕێگای ئارەزو و ترس و بەرژەندی شەخسەکانەوە. ئەمەش لە هەرێم بەو ئاقارەدا ناڕوات. خەسڵەتێکی تری گرنگی بونی پارتنەر ئەوەیە کە هەرێم بتوانێت خۆی بژێنێت. ئەمەش مانای ئەوەیە کە دەبێت سیستەمی ئابوری هەبێت، کار دابین بکات، لە ئەنجامدا جۆرێک لە پەیوەندی لە نێوان حکومەت و خەڵکدا دروست بکات.
لە گەڵ ئەمەشدا بوارەکانی تری وەک دیموکراسی و ئازادی و مافەکان گرنگن بۆ سەقامگیریی و پتەوکردنی پەیوەندییەکە. بەڵام ئەگەر لە ئاراستەی سیاسەت و ئابوری و حوکمداریی و پەیوەندی حکومەت و کۆمەڵگا بنوارین هەرێم بە ئەو ئاقارەدا ناڕوات هەتا بتوانێت ڕۆڵی پارتنەرێکی کارا بگێڕێت. دەتوانین بڵێین تەواو بە پێچەوانەوە. هەرێم لە بڕی ئەوەی بیربکاتەوە چۆن پەیوەندییەکەی پتەو بکات، زیاتر کاردەکات کە چۆن لاوازی بکات. نوخبەی سیاسی هەرێم، لە بڕی ئەوەی کۆتایی بە پێویستی دارایی لە گەڵ ئەمریکادا بهێنن، هەوڵ ئەدەن زیاتر بەردەوام بێت و بەردەوام بونی وەک دەستکەوتێک دەبینن. لە بڕی ئەوەی خۆیان یەکخەن و حوکمدارییەکی سەقامگیر و تۆکمەن بکەن، شانازی بە ئەوەوە دەکەن کە ئەمریکا دێت ناوبژییان دەکات یان بە جودا دیداریان لە گەڵدا ساز دەکات.
لە کۆتاییدا، گرنگە قسە لە سەر خاڵێکی تر بکەین. ئەگەر پەیوەندی پارتنەرشیپ لە ئێستادا سنوردارە بۆ ئیدارەدانی قەیرانەکانی ناوچەکە، ئەوا بە ڕوانین لە مێژوی سی ساڵی ڕابوردو مەرج نیە هەمیشە وەها بمێنێتەوە، دەکرێت بەرەو بواری باشتر بڕوات، یان لاوازتربێت. لە ماوەی ڕابوردودا واڵتەر ڕەسڵ مێد یەکێک لە ناسراوترین بیرمەندانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا کتێبێکی تایبەتی دەربارەی پەیوەندی ئەمریکا و ئیسرائیل نوسی بە ناوی
The Arc of a Covenant: The United States, Israel, and the Fate of the Jewish People
لەو کتێبەدا واڵتەر دەیەوێت وەڵامی ئەوانە بداتەوە کە دەڵێن پەیوەندی ئەمریکا و ئیسرائیل تەنها بەرژەوەندی و هێز و سودمەندییە. واڵتەر دەڵێت ڕەهەندێکی ئایدیالیزمی قوڵ لە نێوان خەونی ئەمریکی و ئیسرائیلدا بونی هەیە. ئەگەر کورد بتوانن حوکمی خۆیان بکەن، خاوەن سوپایەکی کاریگەر بن، سەقامگیری و ئابوری لە ناوەوە دابین بکەن، ڕێزی خەڵکی خۆیان بگرن، ئەوا دەکرێت بە هەمانشێوە ببنە بەشێک لە سۆز و خەونی ئەمریکی.