كه‌ی شه‌ڕی ناوخۆ ده‌ست پێ ده‌كاته‌وه؟!
3 مانگ پێش ئێستا
فاتح به‌خته‌وه‌ر
ده‌گێڕنه‌وه له یه‌كێك له لادێكانی كوردستاندا زه‌ماوه‌ندێكی گه‌رموگوڕ ده‌بێت و شایی و هه‌ڵپه‌ڕكێ و ئاهه‌نگێكی كه‌م وێنه ده‌بێت چه‌ندین مه‌نجه‌ڵی گه‌وره خواردن دروست كراوه، له‌سه‌ر شتێكی ساده كوڕێكی گه‌نج توڕه ده‌كه‌ن ئه‌ویش ده‌ڵێ به‌خوا له‌و سه‌ربانه به‌رزه خۆم ده‌خه‌مه خواره‌وه زوو په‌لاماری ده‌ده‌ن و ناهێڵن و ده‌یهێننه‌وه، به‌ڵام ئه‌و هه‌ر واز ناهێنێت و سووره له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی خۆی بخاته خواره‌وه چه‌ندین جار ده‌ستی ده‌گرن و ده‌یهێننه‌وه ئه‌و هه‌ر هه‌وڵى خۆخستنه خواره‌وه ده‌دات پاڕانه‌وه‌و لاڵانه‌وه سوودی نابێت و كۆڵ نادات.
دوا جار پیاو ماقوڵێكی دیار‌و به‌ته‌مه‌نی گونده‌كه ده‌ڵێت وازی لێ بێنن و ده‌ستی مه‌گرن به غیره‌ت و به ناموسم ئه‌وه‌ی ده‌ستی بگرێت ده‌یخه‌مه خواره‌وه فه‌رموو بزانم چی ده‌كه‌یت؟ وازی لێ ده‌هێنن نه‌ك هه‌ر خۆی ناخاته خواره‌وه ته‌نانه‌ت نزیك پاساری سهربانهكهش ناكه‌وێته‌وه نه‌با كه‌سێك پاڵی پێوه بنێت و بكه‌وێته خواره‌وه .
باوه‌ر بكه‌ن، پارتی و یه‌كێتیش وه‌ك ئه‌و كه‌سه‌یان لێ هاتووه ئه‌گه‌ر وازیان لێ بهێنی هه‌رگیز شه‌ڕ ناكه‌نه‌وه‌و باسیشی ناكه‌ن چونكه ئه‌وه‌ی له‌م سات و كاته‌دا هه‌یه زۆر زۆر جیاوازه و چه‌ند هۆكارێك كه ئێستا بوونیان هه‌یه و له‌نه‌وه‌ده‌كاندا هیچكام له‌و شتانه بوونیان نه‌بووه.
له خواره‌وه ئاماژه به هه‌ندێ له‌و هۆكارو ده‌ره‌نجامانه ده‌كه‌م و خوێنه‌رو كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان دڵنیا ده‌كه‌مه‌وه كه به هیچ جۆرێك شه‌ڕ دروست نابێته‌وه‌و ناگاته ئه‌وه‌ی خۆیان بخه‌نه خواره‌وه و له خۆیانی تێك بده‌ن ئه‌مه‌ش هه‌ندێك له‌و هۆكارانه‌یه كه زه‌مینه خۆشناكات بۆ شه‌ڕى ناوخۆ به‌كورتى ئاماژه‌یان پێ ده‌كه‌ین :-
یه‌كه‌م – بوونی چه‌ندین كونسڵخانهو نوێنه‌رایه‌تی و ڕێكخراوى وڵاتانی دراوسێ و عه‌ره‌بی و رۆژئاوایی و ئه‌وروپی و له‌سه‌ر هه‌مووشیانه‌وه كونسڵخانه‌ی وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له هه‌رێمی كوردستان .
دووه‌م – ئه‌و كاته عێراق به‌ده‌ستی سه‌دام حسێنه‌وه بوو و كورد رێگای به‌غدای نه‌بوو وه‌ك ئێستا ده‌بینین و ده‌بیستین رۆژی وا هه‌یه دووجار به دزی یه‌كه‌وه سه‌ردانی به‌غدا ده‌كه‌ن، ئه‌و كاته حكومه‌تی ناوه‌ند نه‌ی ده‌توانی سنوری هه‌رێم ببه‌زێنێت چونكه ناوچه‌ی دژه فڕین بوو به‌ڵام ئێستا وانیه .
سێیه‌م – بوونی چه‌ندین كۆمپانیای گه‌وره‌و وه‌به‌رهێن له‌سایه‌ی به‌رپرسانی هه‌ردوولا و بوونی دوو كۆمپانیای گه‌وره تایبه‌ت به هه‌ردوو حزب كه‌له بواری ووزه‌دا كار ده‌كه‌ن ئه‌وانیش كۆمپانیای كار‌و قه‌یوانن .
چواره‌م – بوونی بۆری نه‌وت و بیره نه‌وت و فرۆشتنی نه‌وت له‌لایه‌ن هه‌رێمی كوردستانه‌وه و گرێ به‌ستی په‌نجا ساڵه.
پێنجه‌م – دۆستایه‌تی پارتی له‌گه‌ڵ وڵاتی توركیا و یه‌كێتی له‌گه‌ڵ ئێران, هه‌ریه‌كه‌یان پاراستن و ره‌چاو كردنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه‌كه‌ی و پاراستنی هاوسه‌نگی له‌به‌رچاوده‌گرێت .
شه‌شه‌م – بوونی هه‌ژمونی ئهمهریكاو ئێران له هه‌رێمی كوردستاندا ئه‌وه‌ش پێویستی به وریابوون و ئارامی و جۆره هاوسه‌نگیه‌كی دیكه هه‌یه .
حه‌وته‌م – به‌شداری كردنی هه‌رێمی كوردستان له پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی عێراق و وه‌رگرتنی هه‌ندێ پۆست له حكومه‌تی ناوه‌نددا له‌لایه‌ن هه‌ردوو حزبه‌وه له سه‌روو هه‌مووشیانه‌وه پۆستی سه‌رۆك كۆمار .
هه‌شته‌م – په‌ند وه‌رگرتن له شه‌ڕی ناوخۆ‌و شه‌ڕی داعش و كاره‌ساته گه‌وره‌كه‌ی شانزه‌ی ئۆكنۆبهرو له‌ده‌ست دانی نزیكه‌ی نیوه‌ی خاكی ئازاد كراوی كوردستان .
نۆیه‌م - جگه له گومرگ و داهاتی نه‌وتی و نانه‌وتی، داهاتێكی تریش له ئارادایه ئه‌ویش كه‌رتی گه‌شتیاریه ئه‌گه‌ر بێت و بچوكترین شت رووبدات له نێوان ئه‌و دوو حزبه‌ی كوردستان ئه‌وه‌ش نامێنێت و برا عه‌ره‌به‌كانمان سه‌ردانی كوردستان ناكه‌ن .
ده‌یه‌م – بوونی فره حزبی و فره جه‌مسه‌ری له كوردستان و له به‌غداش به شێوازێكی تر ده‌توانین بڵێین بوونی نه‌یارێكی ده‌سه‌ڵات وه‌ك (موقته‌دا سه‌در) له به‌غداو چه‌ند حزبێكیش له كوردستان .
یانزه – له‌دوای روخانی سه‌دام و شه‌ڕی داعش بڵاو بوونه‌وه‌و بوونی چه‌كێكی زۆری تازه‌و مۆدێرن و پێش كه‌وتوو، وێڕای ڕۆڵی میلیشیای پڕ چه‌ك و مه‌شق پێكراو له‌سه‌ر هه‌مووشیانه‌وه حه‌شدی شه‌عبی كه ده‌رگای كراوه‌یه بۆ هه‌موان .
دوانزه – هۆكانی گه‌یاندن و په‌یوه‌ندی هاوچه‌رخ و بوونی ئینته‌رنێت كه وه‌ك ئه‌وه وایه هه‌ركه‌سه‌و كه‌ناڵێك و سه‌ته‌لایتێكی له‌گه‌ڵ بێت ئه‌مه‌ش كارێكی زۆر قورسه بۆ ئه‌مڕۆی دوو حزبی ده‌سه‌ڵات دار .
سیانزه – كوردستان گۆڕه‌پانێكی له‌باره بۆ وه‌به‌رهێنان و ده‌سكه‌وت به كه‌مترین تێچون به‌راورد به وڵاتانی تر ئه‌وه‌ش وا ده‌كات فشار بخه‌نه سه‌ر هه‌ردوو حزبی فه‌رمان ره‌وا شه‌ڕ نه‌كه‌ن .
چوارده – بوونی چه‌ندین باخچه و قوتابخانه‌و زانكۆی بیانی ئه‌وه‌ش نیشانه‌یه‌كی تره له بێ خه‌می وڵاتان كه هه‌رێمی كوردستان ئارامه‌و هیچ ترسێك له ئارادا نیه .
پانزه- پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ردوولا ئه‌گه‌ر بێت و بچوكترین شت روبدات ریسه‌كه‌یان ده‌بێته‌وه به خوری .