سه‌رده‌می زێڕینی ماڵی مام جه‌لال
3 مانگ پێش ئێستا
عارف قوربانی
یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ته‌مه‌نی وا نزیك ده‌بێته‌وه له په‌نجا ساڵ، به درێژایی ماوه‌ی ئه‌و پێنج ده‌یه‌یه هیچ كات به ئه‌ندازه‌ی ئێستا ئه‌م حیزبه به سه‌ركردایه‌تی و بنكردایهتییهوه نهكەوتووەته ژێر كۆنترۆڵی خاوه‌نه‌كه‌یه‌وه.
مام جه‌لال سه‌رباری ئه‌وه‌ی خۆی دامه‌زرێنه‌ری حیزبه‌كه بوو، خاوه‌ن كه‌سایه‌تییه‌كی به‌هێز و خه‌سڵه‌تێكی كاریزمی له‌و جۆره‌ش بوو كه ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی به ئاسانی ده‌كه‌وتنه ژێر كاریگه‌رییه‌وه، وه‌ك ئه‌زموونی سیاسی له هه‌موو هاوڕێكانی ده‌وڵه‌مه‌ندتر بوو، سیاسییه‌كی شاره‌زا، دونیادیده، زمان‌زان و لێهاتوو بوو. له هه‌ر روویه‌كه‌وه مام جه‌لال و ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵی سیاسه‌تیان كردبوو، به‌راورد بكرێن، مام جه‌لال زۆر له سه‌رووی ئه‌وانه‌وه بوو، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هیچ كات نه‌یتوانیوه كۆنترۆڵی هه‌موو یه‌كێتیی بكات و هه‌مو سه‌ركردایه‌تی و مه‌كته‌بی سیاسی به‌و ئه‌ندازه‌یه وابه‌سته‌ی بن كه قسه‌ی مام جه‌لال قسه‌ی هه‌موو یه‌كێتیی بووبێت.
مێژووی ئه‌و 37 ساڵه‌ی به كرده‌وه مام جه‌لال رابه‌رایه‌تیی یه‌كێتیی كردووه (1975 بۆ 2012)، جیا له‌وه‌ی له به‌شێك له قۆناخه‌كانی مێژووی یه‌كێتیدا چه‌ند ئاراسته‌یه‌كی سیاسی جیاواز هه‌بوون و وه‌ك حیزبی سه‌ربه‌خۆ له‌ناو نیمچه به‌ره‌ی یه‌كێتیی كاریان كردووه. له‌ناو سه‌ركردایه‌تیی یهكێتییشدا هیچ كاتێك نه‌بووه ده‌سته‌یه‌ك یا گرووپێك یا چه‌ند كه‌سێك خه‌سڵه‌تی ئۆپۆزیسیۆن یا نه‌یاری سیاسه‌ته‌كانی مام جه‌لال نه‌بووبن. له‌و په‌ڕی ده‌سه‌ڵات و توانای به‌ڕێوه‌بردنی و هه‌ژموونی مام جه‌لالدا هه‌میشه كه‌سانێك هه‌بوون پێچه‌وانه‌ی مام جه‌لال ره‌فتار و كرداریان نواندووه. به‌ده‌ر له‌و هه‌ڵوێسته رێكخراوانه‌ش له زۆربه‌ی كۆبوونه‌وه‌كانی سه‌ركردایه‌تی و مه‌كته‌بی سیاسی‌دا ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تی و پێچه‌وانه‌ی بۆچوونه‌كانی مام جه‌لال هه‌بوون، جاری وابووه ئیراده‌ی ئه‌وان به‌سه‌ر مام جه‌لالیشدا سه‌پێندراوه و له چه‌ند وێستگه‌یه‌كدا هێنده ته‌نگیان به مام جه‌لال هه‌ڵچنیوه خه‌ریك بووه ناچاری بكه‌ن حیزبه‌كه‌یان بۆ جێبهێڵێت.
به‌ڵام ئێستا پێچه‌وانه‌ی ئه‌و رابردووه، هیچ ده‌نگێكی ناڕازی نابیسترێت. نه‌ك بۆچوون و ره‌فتار و كرداری پێچه‌وانه نه‌ماوه، به‌ڵكو بێ راوێژ و گه‌ڕانه‌وه بۆ كۆبوونه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تی و مه‌كته‌بی سیاسی ئه‌گه‌ر سه‌رۆكی یه‌كێتیی هه‌ر بۆچوونێك ده‌رببڕێت، هه‌موو سه‌ركردایه‌تی و مه‌كته‌بی سیاسی، به‌دوایدا ده‌یڵێنه‌وه. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له هه‌فته‌یه‌كدا دوو بۆچوون و تێڕوانینی دژ به‌یه‌ك و جیاوازیشی هه‌بێت، راگه‌یاندنه‌كان هه‌ر سه‌ركرده‌یه‌كی یه‌كێتیی له‌و باره‌یه‌وه بدوێنن، ده‌ڵێن (قسه‌ی كاك بافڵ قسه‌ی هه‌موو یه‌كێتییه).
ئه‌م به‌راورده‌ی ژیانی حیزبی یه‌كێتیی بۆ وێناكردنی به‌شی یه‌كێتیی له حوكمڕانیش هه‌ر وایه. له ساڵی 1992ـەوه كه حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دامه‌زراوه و یه‌كێتی یه‌كێك له دوو پێكهێنه‌ره سه‌ره‌كییه‌كه‌ی بووه تائێستا كه نزیكه‌ی 31 ساڵه، له حكومه‌تیشدا چی ئه‌وكاتانه‌ی له‌گه‌ڵ پارتی هاوبه‌ش بوون و چی ئه‌وكاتانه‌ش كه به ته‌نیا حكومڕانیی ناوچه‌ی سه‌وز بوون، هیچ كات به‌شی یه‌كێتی له حوكمڕانی وه‌ك ئێستا كۆنترۆڵ نه‌كراوه له‌لایه‌ن ماڵی مام جه‌لاله‌وه. نه‌ك هیچ كام له جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانه‌كان وه‌ك ئێستای (قوباد تاڵه‌بانی) ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر ئیداره و ده‌زگا ئه‌منی و سه‌ربازییه‌كاندا نه‌بووه، به‌ڵكو سه‌رۆك حكومه‌ته‌كانیش كه له پشكی یه‌كێتی بوون، به‌هۆی بوونی ته‌كه‌تولاتی به‌هێزی ناو یه‌كێتییه‌وه نه‌یانتوانیوه ده‌سه‌ڵاتی ته‌واویان به‌سه‌ر حكومه‌تدا هه‌بێت.
بێگومان له‌نێوان كۆنترۆڵكردن و وابه‌سته‌یی و بوونی راو بۆچوون و دیدگای جیاواز، به‌پێی هه‌لومه‌رج و قۆناخه‌كان هه‌ریه‌كه و لایه‌نی باشه و خراپه‌ی خۆی هه‌یه. بوونی به‌ره و رای جیاواز ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر بنه‌مای جیاوازیی دونیابینی و تێڕوانین بێت بۆ پرس و بابهتهكان، ده‌بێته سه‌رچاوه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندی و هێز له هه‌ر حیزبێكی سیاسی‌دا هه‌بێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر جیاوازییه‌كان و دابه‌شبوونه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندی و پشك پشكێنه و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتن و پاوانكردن بێت، بێگومان مه‌ترسیداره. كۆنترۆڵكردنیش ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر بنه‌مای سه‌ركوتكردن و نه‌هێشتنی جیاوازی بێت، مه‌ترسیداره، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به دیسپلین و بۆ نه‌هێشتنی فره كوێخایی و فره ناوه‌ندێتیی ده‌سه‌ڵات بێت، كارێكی باشه.
بۆ حیزبێكی وه‌كو (ی،ن،ك) كه دوای نه‌خۆشكه‌وتنی مام جه‌لال به سه‌رده‌مانێكی بێسه‌ره‌وبه‌ره‌ییدا تێپه‌ڕیی، كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی حیزبه‌كه باشه، به‌ڵام بۆ هه‌لومه‌رجێكی وه‌ك ئێستا كه كوڕانی تاڵه‌بانی له سه‌ره‌تای ئه‌زموونكردنی ده‌سه‌ڵاتدارێتی كرداریدان، به‌رپرسیارێتییه‌كی گه‌وره‌شه كه ره‌نگه به ئاسانی ده‌ره‌قه‌تی نه‌یه‌ن. یه‌كێتی له رابردوودا به كاره باش و خراپهكانییهوه مێژوویه‌كه ناتوانرێت به ته‌نیا له‌سه‌ر مام جه‌لال حساب بكرێت، نه ده‌ستكه‌وت و سه‌روه‌رییه‌كانی به ته‌نیا موڵكی مام جه‌لاله، نه خراپه‌كارییه‌كانی به ته‌نیا بۆ ئه‌و ده‌نووسرێته‌وه. له هه‌ردوو حاڵه‌ته‌كه‌دا مام هاوبه‌شی هه‌بووه. له حوكمڕانیشدا هه‌ر وایه، مێژووی ئه‌و ده‌یان ساڵه‌ی رابردووی ئه‌زموونی حوكمڕانی كوردی و پشكی یه‌كێتیی له لایه‌نه باش و خراپییه‌كانی حوكمڕانیدا به ته‌نیا له‌سه‌ر مام جه‌لال حساب نین. خه‌ڵكانی دیكه‌ش له هه‌ردوو ئهزموونهكادا پشكیان ده‌كه‌وێت.
به‌ڵام ئێستا وانییه، ئێستا له حكومه‌ت و له حیزب سه‌رده‌می زێڕینی ماڵی مام جه‌لاله. مێژووی ئه‌م رۆژگارانه به باش و خراپییه‌وه له‌سه‌ر ماڵی مام جه‌لال حسابه. ره‌نگه بۆ هه‌ردوو برا (بافڵ و قوباد) خۆش بێت كه ئێستا به‌م سه‌ره‌تای ته‌مه‌ن و ئه‌زموونه‌وه له ترۆپكی هه‌ردوو جومگه‌كه‌ی ده‌سه‌ڵاتی حیزب و حوكمڕانیدان و ئه‌وه‌ی بۆ ئه‌وان ره‌خساوه بۆ باوكیان نه‌ڕه‌خسابوو. نه میدیای ئازا و ئازاد وه‌ك پێشووتر ماوه تا ره‌خنه‌یان لێبگرێت و نه ئۆپۆزیسیۆنێكی كارا و كاریگه‌ر هه‌یه گرفت بێنێته رێگەیان. له‌ناو خودی حیزبهكهشیاندا نه قوتبی به‌هێز و نه ته‌كه‌تول و به‌ره‌ی جیاجیا ماوه تاوەکو ناچار به موراعاتكردنیان بن. ئه‌وه‌ی بیانه‌وێ بیكه‌ن ده‌توانن و ئه‌وه‌شی ئه‌وان نه‌یانه‌وێ ناكرێت.
بۆیه ئه‌م قۆناخه به ئه‌ندازه‌ی زیاتر له چوار ده‌یه‌ی رابردوو بۆ ماڵی مام جه‌لال، دۆخێكی هه‌ستیاره. له حیزب و له حوكمڕانیدا به باش و خراپییه‌وه بۆ ئه‌وان تۆمار ده‌كرێت. فه‌لسه‌فه‌ی به‌ڕێوه‌بردن و حوكمڕانی حیزب و حكومه‌ت له‌سه‌ر ئه‌وان حسابه، به‌ڵام پێناچێت شانسێكی باشیان هه‌بێت، چونكه نه جه‌ماوه‌ر و ئه‌ندامه‌كانی حیزبه‌كه شادوومانن و نه هاووڵاتییانی سنووره‌كه‌ش به حوكمڕانییه‌كه‌یان دڵشادن. ئه‌م دوو برایه یان ده‌بێت هاوبه‌ش بۆخۆیان بدۆزنه‌وه كه به‌رپرسیارێتیی ئێستا و مێژوویان له‌گه‌ڵ هه‌ڵگرێت، یاخود پێویسته شێوازی به‌ڕێوه‌بردنی حیزب و له حكومه‌ت به جۆرێك بگۆڕن كه مایه‌ی ره‌زامه‌ندیی خه‌ڵك بێت، ئه‌گه‌ر ئه‌وه نه‌كه‌ن، ناگاته یوبیڵی زێڕینی حیزبه‌كه‌یان، كۆتایی به سه‌رده‌می زێڕینی خۆیان دێت.