حاجی کاروان؛ نەزانی عەیب نییە، بەس درۆکردن تاوانە

1 مانگ پێش ئێستا

كەمال چۆمانی

حاجی کاروان لە پەیجی فەیسبوکی خۆیدا دو پۆستی بڵاوکردونەتەوە پەیوەست بە جێندەر و وتەیەکی مایکل بالاک لەبارەی شکستی ئەڵمانیا لە مۆندیال.
حاجی کاروان لەسەر پرسی جێندەر نەیزانیوە چی بڵێ، هاتوە قسەیەکی بێمانای فڕێداوە. لەبارەی مایکل بالاکیشەوە، درۆیەکی گەورەی کردوە. نەزانی عەیب نییە، بەڵام دەزانم درۆ تاوانێکی زۆر گەورەیە لە هەمو دین و کۆمەڵگاکان و ئیسلام دژایەتییەکی بێئەندازەی درۆکردن دەکات.
سەبارەت بە مایکل بالاک:
مایکل بالاک بەڵێ رەخنەی لە تیمی ئەڵمانیا گرتوە، بەڵام باسی پرسی رەگەزخوازیی نەکردوە. لە راستیدا، بالاک لە ٢١ی ١١دا زۆر بەتوندی رەخنە لە فیفا دەگرێ کە رێنادا دەستبەندی یەک_خۆشەویستی لە باسکیان بکەن. هەروەها رەخنە لە تیمەکانی ئەڵمانیا و بەڕیتانیا و هۆڵەنداش دەگرێ کە تەسلیمی سەپاندنێکی وا بونە و داوادەکات لەو پلاتفۆرمە گەورەی مۆندیالدا، ئەمە راستبکەنەوە.
لەبارەی جێندەر:
جێندەر پرسێکی زانستییە، دەیان و سەدان لێکۆڵینەوە و توێژینەوە هەیە لەو بارەیەوە، بە لێکۆڵینەوەی موسڵمانانیش لەبارەی تێڕوانینی ئیسلام بۆ مەسەلەی یەکسانیی جێندەریی. حاجی کاروان هاتوە زۆر بێشەرمانە بە زمانێکی زۆر قێزەوەن دەڵێ کە <<جێندەر واتا هاوسەرگیری ژن و پیاو لەگەڵ ئاژەڵ.>>
خۆشەویستان، ئەو زمانە پۆپیولیست و قێزەوەنە، وەک زمانی ئەوانەیە کە کاتێک جەژنی پیرۆزی قوربان و رەمەزان دێ، یان خەڵک بۆ خۆی دەچێتە حەج، بێشەرمانە و بە زمانێکی قێزەوەن هێرشدەکەنە سەر موسڵمانان.
دەکرێ هەر کۆمەڵگایەو بە جۆرێک پێناسەی یەکسانیی جێندەریی بکا، هەر کۆمەڵگایە و بە پێی نۆرمەکانی خۆی هەوڵبدات یەکسانی جێندەری و مافەکانی هەموان بپارێزێ، هەروەک چۆن دەیان ژن و پیاوی موسڵمان و لێکۆڵەر ئەو هەوڵە دەدەن.
سۆشیەڵ میدیا ژەهراوی بوە، بەتایبەتیش ئەو کەسانە ژەهراوییان کردوە کە تەنها یەک رەهەندی شتەکان دەبینن. هیچ شتێک بەڕەهایی باش نییە، هیچ شتێکیش بەڕەهایی خراپ نییە. ئەوانەی قسەدەکەن و دەنوسن و چالاکی دەکەن، یان کاری سیاسەت دەکەن، بۆ ئەوە نییە ژەهر بەناو کۆمەڵگەدا بڵاوبکەنەوە و هەموان بکەنە دوژمنی هەموان، بەڵکو ئەرکیانە هەوڵبدەن حەقیقەتی شتەکان باسبکەن. نابێ کەسیش ئیدیعای ئەوە بکا کە حەقیقەتی رەها لەبارەی شتەکانەوە لای ئەوە، بەوە کۆمەڵگا ململانێ ناکات بۆ تێگەییشتن لە یەکتر و لە یەکتر فێربون، بەڵکو کۆمەڵگا دابەشدەکات ئێمە دژ بە ئەوان. ئەوەش رۆحی پۆپیولیزمە. ئەگەر پۆپیولیزمی سیاسیی جارێک خراپ بێ، ئەوا پۆپیولیزمی دینیی سەد جار خراپە.
دو مانگ پێش ئێستا لەبارەی توندڕەویی دینی و عەلمانیم نوسی. لێرە، دوبارەی دایدەنێمەوە چونکە پرسەکە دیسان هەمان شتە، پەرەگرافی کۆتایی پۆستەکەش، مەبەستی کۆی بابەتەکەم روندەکاتەوە:
بۆچی سێکیولاری نادیموکراتیک بە ئاهەنگی مەولود لە شانۆی رۆمانی نیگەران بوە؟
سێکیولاری نادیموکراتیکی کورد دەیەوێ دین لە کۆی جڤاک دەربکات و هەر شتێک دین بو ناشیرینە، تەنانەت ئەگەر مەولودیش بێت لە شانۆی رۆمانی لە هەواری شار لە سلێمانی. هەروەک چۆن ناسێکیولاری دینیی هیچ رەوایەتییەک بۆ ئەوانە ناهێڵێتەوە کە لەگەڵ خۆیدا جیاوازن، هەروەک چۆن نالێبوردەیی ئەوان لە بەرانبەر کەسانی خاوەن بڕوای تر سنوری تێپەڕاندوە و لە هەندێک ساتی مێژوییدا گەییشتۆتە رادەی جێنۆساید، بە هەمان شێوەش سێکیولاری نادیموکراتیکی کورد دەیەوێت لەگەڵ سیستەمی سیاسییدا ئەو هاوپەیمانێتییە دروستبکات تا ئەو دەستەڵاتە لە دینداری نادیموکراتیک وەربگرێتەوە و ئەوەی لە مێژودا دینداری نادیموکراتیک بەرانبەر جیاوازییەکانی کردوە، سێکیولاری نادیموکراتیک تۆڵە بکاتەوە.
مێژو و سەرەتاکانی دروستبونی شانۆی رۆمانی لە یۆنانەوە بۆ رۆما، مێژویەکە بۆ سەرخۆشکردنی گەل و لەبیربردنەوەی رۆحیەتی شۆڕش تێیاندا. ئەو ئاهەنگ و روداوانەی لەناو شانۆکاندا سازدەدران، بەشێکیان بۆ دڵخۆشکردنی خواکانیان بو. بەشێکی بۆ نیشاندانی دەستەڵاتی ئیمپراتۆر و سەرکەوتنیان لە داگیرکاری و کوشتوبڕییەکانیان. گلادیاتۆرەکان لەوێدا تا مردن شەڕیان دەکرد و بە خوێنڕشتن دڵی گروپێکی خوێنڕێژی ناو ئیمپراتۆر و ئەریستۆکراتیان خۆش دەکرد. لەپاڵ ئەوانەشدا، لە قۆناغێکدا بۆ خۆشی و بۆ نماییشکردنی شانۆ و دراما بوە کە تێیدا هەم کۆمیدی و هەم تراجیدی.
دژبونی گروپێکی سێکیولاری نادیموکراتیک بەوەی گروپێک خەڵک بیانەوێ بە بۆنەی مەولودی پێغەمبەرەوە لە شانۆی رۆمانی لە سلێمانی ئاهەنگبگێڕن، بە گەردیلەیەک جیاوازیی نییە لەگەڵ دژبونی ئەو گروپە دیندارە نادیموکراتیکەی کە ئاهەنگی گۆرانیبێژێکی میسڕییان لە هەولێر هەڵوەشاندەوە. جیاوازییەکە تەنها ئەوەیە تا ئێستاش دەستەڵات بەرژەوەندیی سیاسیی زیاتر لەگەڵ ئەو گروپە دیندارە نادیموکراتیکەیە کە دژایەتیی ئاهەنگەکەیان کرد.
ئەو دو گروپە، سێکیولاری نادیموکراتیک و دینداری نادیموکراتیک، تەواوکەری یەکترن و هێز لە یەکتر وەردەگرن. هەردوکیان تاکڕەهەند و دەمارگیرن و هیچ لێبوردەیییەکیان بۆ ئەو جیاوازییانە نییە کە لەڕوی ئایدیۆلۆژییەوە دژین. ئەو دو گروپە بانگەشەی سێکیولاریزم و دین بەکاردەهێنن بێدەنگکردنی ئەویدی جیاواز لەوان.