ئایین هی مرۆڤ نیە و بە زۆر ناسەپێنرێت

3 مانگ پێش ئێستا

سامان وەستا بەكر
(ئەگەر لەگەڵم نەبیت دوژمنی، ئەگەر باوەڕت جیاواز بوو كافر و ملحیدی)
ئاین و باوەڕ دیاری دەستی مرۆڤ نییە تا بەزۆر بسەپێنرێ، خواوەندەكان هەرگیز مرۆڤیان ڕانەسپاردووە تا ببنە جێگر و قسەكەر، هەر بەڕاست ئایا خواوەند قسەكەری پێویستە؟
تەماشای باپیر و نەنك و بەتەمەنەكانی پێشوو بكەن، واتای ئیمان و ئایینیان لێفێربن، تۆیەك ئەگەر بازرگانی ئاین نیت، ئەگەر پیشەسازی باوەڕداری ناكەی، ئەگەر سیاسیەكی ئاڕاستەكراوی دەرەوەی سنورەكان نیت و لەو ڕێگەیانەوە سودمەندنیت ئەبێ چیتدابێ لە مناڵی فێرگەكان، چ كار بە نوێژخوێنانی پەرستگاكانە، چی ئەكەی لەناو گەنجانی پەیمانگاو زانكۆكان؟ 
زۆربەی ئەوانەی لەچكەكانیان ئەسوتێنن زۆر لە پیشەسازگەری ئاین و بارزگانەكانی باوەڕفرۆشی موسڵمانتر و بەباوەڕترن، خەڵكانێك كە بەزۆر ئەیانەوێ لەو ڕێگەیەوە ئەم توڕەی و ناڕەزاییە لەبەرژەوەندی مەلا و ئاغاكانی ئێران دامركێننەوە گەواهی ئەوە ئەیەن كە نۆكەری ڕژێمی سێدارەی ئێرانن.
ئەم پیشەسازی ئاین و بازرگانی باوەڕفرۆشییە جێی مرۆڤایەتی بۆناگیرێتەوە ئەگەر بە لۆجیك وەڵام بدرێتەوە.
دوو شت گرنگە بزانرێ:
یەكەم: ئەم ناڕەزای و لەچك سوتانە دژی ئیسلام نیە بەڵكو توڕەی خەڵكە دژی ڕژێمی سێدارە و بەرتەسككردنەوەی ئازادی.
دووەم: كورد ئەبێ هۆشیاربێ و تەماشای وێنە گەورەكەبكا نەك لە كونی دەرزییەوە خۆی نمایشبكا، ئێستا هەموو گەلانی ئێران توڕەن و ناڕەزایی دەرەبڕن و دژی ئەو زوڵمەی لە ژینا ئەمینی كرا بۆیە گرنگە كورد سود لەو توڕەییە وەرگرێ خۆی نەكا بەتەنها بەخاوەنی كێشەكە.