لەچكی سیاسی

3 مانگ پێش ئێستا

سەردەشت محمد
 پاش كۆچی دوایی كچە كوردەكەی سەقز "ژینا امینی" تادێت بازنەی ناڕەزایەتییەكانی خەڵكی ئێران دژ بە سیستمی سیاسی ئەو وڵاتە ڕوو لەفراوانبوون دەكات، ئاستی ناڕەزایەتییەكان بە قۆناغێك گەیشتووە ئەوانەی زۆر بەوردی چاودێری بارودۆخەكەدەكەن پێیان وایە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەكانی ئەمجارە ئەستەمە هەروا بەزویی كۆتایی بێت.

 ئەمە یەكەمینجار نییە، ڕوداوێك ببێت بەپاڵنەر بۆ ڕێگەخۆشكردن بۆ سەرهەڵدان و دروستبوونی ناڕەزایەتی و سەنگەر لەیەكگرتنی خەڵك و هێزە ئەمنییەكانی ئێران، ئێمە بەر لە ڕووداویی مردنی "ژینا"یش دەمانزانی گەلی ئێران تەنها بڕیاریی باڵاپۆشی نیگەرانی نەكردوون، برسێتی و بەرزبونەوەی ڕێژەی هەژاریی، ڕێگری كردن لە ئازادی ڕادەربڕین، نەبونی هەلی كار ، سەروەرنەبونی یاسا، جیاوازی كردن لەنێوان گەلانی ئێراندا، هتد... ئەمانە و دەیان گرفت و قەیرانی دیكە خەڵكی ئێرانی بێتاقەت و ماندو كردووە. هەربۆیە ئەمڕۆ بەچاوی خۆمان دەبینین كوژرانی "ژینا" لەبەر ئەوەی لەچكەكەی بەپێی یاسا بەسەر سەریدا نەداوە، دەبێت بە پاڵنەر بۆ ئەوەی گەل سڵ لەمردن نەكاتەوە.

ئەودۆخەی دەیان ساڵە گەلی ئێرانی تێكەوتووە، دۆخێكە دەكرێت لەهەرچركەیەكدا ڕوداوێكی بچوك ببێتە پاڵنەرێك بۆ هەڵگرساندن و ڕوودانی ناڕەزاییەتییەكی گەورە لەو وڵاتەدا، ئەوەی ئەمڕۆ بووە بەهۆكارێك خەڵك بڕژێنە سەر شەقامەكان مردنی ژینا و بێزاری كچان و ژنانی ئێرانە لەو لەچكە سیاسییەی كە بەزۆر بەسەریاندا سەپێنراوە پیاوەكانیش ئەم نیگەرانیەی كچان و ژنان بەدەرفەت دەزانن و پشتگیرییان دەكەن ئەگەر ئێران بتوانێت ئەمجارەیش بەزۆری هێز و لەڕێگەی دەستگیركردن و كوشتنی خەڵكی سڤیلەوە سەركەوتن بەسەر گەلدا بەدەست بێنێت ئەوا بێگومانین لەوەی سبەینێ ڕووداوێكی دیكە دەبێتە هۆكار بۆئەوەی جارێكی دیكە گەلی ئێران بێنەوە سەرشەقام.

 گەلی ئێران بەجۆرێك توڕەو نیگەرانن لە سیستمی سیاسی لەو وڵاتەدا دەكرێت لە ڕووداوێكی ساددەوە خۆپیشاندانێكی بەرفراوان ڕووبدات، ئەمە بۆ هەرگەل و نەتەوە و وڵاتێكی دیكەش كە هاوشێوەی كۆماری ئیسلامی ئێرانە دروستە، بەتایبەت ئەم ڕووداوە بۆ توركیا پەیامێكی زۆر ڕوونە و گومانی تێدا نییە ڕۆژێك دێت پروشكی ئاگری ناڕەزایەتییەكانی كوردانی ئێرانیش شەقام و كوچەو كۆڵانەكانی توركیاش دەگرێتەوە، بینیمان چۆن ناڕەزایەتییەكانی گەلی كورد لەباشوور و خۆرئاوا بەكوێ گەیشت، دەبێت لەوە دڵنیاببینەوە ئەگەر ئەمجارەش ناڕەزایەتییەكانی كوردانی ئێران بە ئەنجام نەگات ئەوا لەداهاتوودا كورد هەر بەو ئاواتەی خۆی دەگات، بۆیە بۆ ئێران و توركیاش باشترین چارەسەر تەنها داننانە بە مافەكانی كوردا بەشێوەیەكی ئاشتیانە نەك نكۆڵیكردن لەو مافەی كە خودا بەگەلێكی وەك كوردی داوە