ڕوداوەكانی ئێران چی پێ گوتین؟!

3 مانگ پێش ئێستا

كەمال چۆمانی
روداوەكانی ئێران پێی گوتین:
- پارتی و میدیا سێبەرەكان تەنها بۆ لێدان لە پەكەكە و خۆشكردنی شەڕ لەنێوان حدكا و پەكەكە روماڵی ئەو روداوانە دەكەن كە پەیوەستن بە رۆژهەڵاتەوە.
- یەكێتی زۆر بەوەفایە بۆ ئێران.
- قوباد تاڵەبانی لەبارەی مانچستەر یونایتدەوە تویت دەكات بەڵام كوشتنی ژینا ئەمینی نایجوڵێنێ. هەروەها تاڵەبانی داوادەكات (پیاو بین) بۆ داكۆكیكردن لە مافی ژنان بەڵام لە چوارچێوەی سنوری هەرێمی كوردستان.
- تەلەفزیۆنەكانی شاسوار عەبدولواحید تەنها ئەو خۆپیشاندانانە روماڵ دەكات كە خۆی ڤێرچوەڵی -لەڕێی ئینتەرنێتەوە- بەشداری دەكات. هەر بۆ ئاگاداریتان، پەیوەندیی شاسوار عەبدولواحید و ئێران بە رادەیەكی بەهێز چۆتە پێشەوە. شاسوار پێیوایە هەر هێزێك لە عێراق سیاسەت بكات پێویستی بە ئێرانە، هەروەها پێشیوایە تەنها ئێران دەتوانێت لە هۆڤێتیی یەكێتی و پارتی بپارێزێت.
- مرۆڤ دەتوانێت لە زیندانیش بێت و ئازاد بێ، دەشكرێ گردێكی كۆنترۆڵ كردبێ و هەزاران میلیشیای لەپشت بێ و جورئەتی قسەیەكیش نەكا لە بەرانبەر كوشتنی ژینا ئەمینی و روداوەكانی رۆژهەڵات و گەلانی ئێران
- ئازادی گەلانی ئێران و گەلانی دیكەی ناوچەكەش پەیوەستە بەیەكەوە. تەماشای توركیا بكەن، دڵڕەقی و تاكڕەوی ئەردۆغان ئەمڕۆ راستە پشكی گەورەی بەر كورد كەوتوە، بەڵام هەر توركێك وەك مرۆڤێكی ئازاد بیربكاتەوە، یان هەڕەشە بێ لەسەر ئەردۆغان، شوێنی یا زیندانە یان مەنفا.
بەڵێ، هەڵوێستەكان لەوانە نییە كاریگەرییەكی گەورە بەجێبهێڵن، بەڵام هاوسۆزییەكی گەورە دروستدەكەن. هەڵوێست بۆ ئەوەش گرنگ و پڕمانایە كە نیشانی بدەین ئێمەش لەو بەشەی وڵاتی خۆمان روداوی لەو جۆرە قبوڵناكەین. هەڵوێستی سیاسەتكارەكانیش لەپاڵ هاوسۆزییەكە، دوپاتكردنەوەی ئەو پەیمانەیە كە لەژێر حوكمڕانیی ئەواندا مافەكانی ژنان دەپارێزرێن و هیچ كەسێك روبەڕوی چەوساندنەوەی رەگەزی نابێتەوە. 
من چاوەڕێی هەڵوێست لە سیاسەتكارەكان ناكەم چونكە بۆئەوەی چاوەڕێی هەڵوێستیان لێ بكەم دەبێ لە هەرێمەكەی خۆمان لە هەمبەر چەوساندنەوەی رەگەزی و پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤدا وەستابنەوە.