ئەی تەگبیر!

3 مانگ پێش ئێستا

‌ئارام سەعید
ژیان بەبێ هیوا دەبێتە دۆزەخ، وەك دوستۆیفسكی دەڵیت " كاتێك بێ هیوا دەبین وەك ئەوەیە ژیان بوەستێت" لەهەمان كاتیشدا ناكریت پشت ببەستین بە بەڵێنی درۆ ووەهمی سیاسیە بێ ئومیدەكان وەك ئەوەی لەكوردستان دەیبینین. دەبێت بپرسین دوای ئەو هەموو هەڵبژاردنەی سی ساڵی رابردوو ئایا حكومەت گوێ لە هاوڵاتی ئەگرێت؟ هەر هەڵبژاردنێك دەكرێت رێژەی دەنگدان دادەبەزێت ئایا كەمبونەوەی بەشداری لەدەنگدان كاری كردۆتە سەر سیاسەتی حكومەت و پێداچونەوە؟ ئایا ئەو ئامرازە باشە كە خەڵك بەشداری هەڵبژاردن ناكات؟ دەتوانێت كاریگەربێت؟ 

لەم نێوەندەدا یاریكردن بەهەستوسۆزی جەماوەر هیچ دەستكەوتێكی بۆ خەڵك نابێت جگە لە دواخستنی ئەو ئومێدەی بەگۆڕانكاری راستەقینە هەیە..راپەرین و خەباتی چەندین ساڵەی كورد لە دژی حوكمڕانەكانی عێراق و دەسەڵاتی بەعس بۆ ئەوە نەبوو كە خزمەتگوزاری خراپە، موچە دوادەكەوێت، كارەبا و ئاو خراپە، كەرتی تەندروستی و پەروەردە خراپە، بەلكو بۆ ئەوە بوو كە ئازادی نەبوو، رژێمێكی دیكتاتۆر بوو، فرەحزبی نەبوو، بەڵام ئێستا هەموی پێكەوە خراپە و رۆژ بەرۆژ ئازادیەكان بەرتەسك دەكرینەوەو هەڵبژاردن دوا دەخریت و تەزویر دەكرێت ولەسەر شەقامەكان شەق دەوەشێنرێت...

ئەوكاتەی حزب دەبێتە ئامرازێك بۆ بەرژەوەندی نوخبەیەك یان گروپێك ئیتر پەیوەندی نێوان دەنگدەر وحزب تەواو لاواز دەبێت و دەپچڕێت، بەمەش ریژەی بەشداری هاوڵاتی لە دەنگداندا دادەبەزیت و كەس بڕوای بە سندوقەكانی دەنگدان نامێنیت وەك ئەوەی لەدوا هەڵبژاردنی پارلەمانی عێراق رویدا، ئەوەی جێی داخە ئەوەش هەر لەبەرژەوەندی ئەوانەیە كەدۆخی ئەمڕۆیان دروستكردوە و ژمارەی دەنگدەر كەم دەبێتەوەو ژمارەی كورسی پارلەمانی ئەوان وەك خۆیەتی.  

 بەداخەوە بە سەردەمێكی زۆر تاریكدا تێپەڕ دەبین كەلەمێژوی هەرێمی كوردستاندا تاریكترینیانە، وهاولاتی كاتێك سەرنجی هەواڵەكان دەدات و سەیری تەلەفیزیۆن و سۆشیال میدیا دەكات بەئاسانی ئەو سیاسیانە دەبینێت كە خیانەت لە متمانەی خەڵك دەكەن، جا ئیتر پارلەمانتار بێت یان ئەندامی ئەنجومەن یان شارەوانی، یان سەركردە سیاسیەكانی سەرەوەی حزب، بەتایبەتی ئەوانەی لەلایەن خەلكەوە دەنگیان پیدراوە یان ئەندامانی حزب دەنگیان پێداون، ئەوانە زۆر زیاتر بێزراو دەبن، هەلسوكەوتیان وا دەكات هاوڵاتی رقی لە حزبی سیاسی بێتەوەو متمانەیان نەمێنێت. بەگشتی ناشرینیی مامەڵەو خۆپەرستی هەندێك سیاسی كارێك دەكات مرۆڤ سیاسەت بە بیزراو بزانێت و وەك یاریەكی ناشرین لێی بروانێت....ئەمانە بێ ئومێدین بەڵام رەشبینی نیە! 

هەربۆیە حزبە سیاسیەكان ئەوانەی رەگ وریشەی قوڵیان هەیە لە كۆمەڵگادا پیویستە چالاك بن و ئەو دابرانەی تێیكەوتون چارەسەری بكەن چونكە ئەوكاتەی دەنگدەران وەك دوژمن سەیری پارتە سیاسیەكان دەكەن بێ ئومێدی گەورە سەرهەڵدەدات و دواتر لەو بێ ئومیدیەوە هێزی تازەوجیاواز، هەوڵ دەدەن بۆشاییەكە پڕ بكەنەوە هەرچەندە  لەسایەی دەسەڵاتی سیاسی ئەمرۆدا پێناچێت سندوقەكانی دەنگدان بتوانێت گۆڕانكاری دروست بكات، ئەگەر سندوقەكانی دەنگدان نەیكرد ئەوكات شەڕ وتوندوتیژی هێزێكی باشتر لەمەی ئێستا ناهێنێتە بەرهەم.

سەرۆكی پێشوی پارتی كۆنگرەی نیشتمانی ئەفریقی و باشوری ئەفریقا جاكوب زوما لەهەڵمەتی هەڵبژاردنی ٢٠١٤ دا بەڵێنیدا بە دامەزراندنی شەش ملیۆن كەس و دروستكردنی پێنج ملیۆن خانوو بۆ هەژاران، كەبەهیچ شێوەیەك نەئەو بودجەیە هەبوو نە تواناكەش، چاوەروان بن گویتان لەجەندین بەڵێنی وا ببێت پێش هەلبژاردن.

لەكۆتاییدا ئایا هیچ ئومێدێك هەیە بەگۆڕانكاری ئاشتیانە و دوور لە توندوتیژی لەكاتێكدا هەمان نەخۆشیەكانی دەسەڵاتی سیاسی بەربۆتە گیانی ئەوانەشی دژی دەسەڵاتن، ئەوانیش سكرتێر و سەرۆكەكانیان دەیانەویت بۆ ئەبەد سەرۆك و سكرتیربن، ئەی تەگبیر!