فاكتەرەكانی داگیركاریی توركیا - بەشی چوارەم

1 مانگ پێش ئێستا

هێژا دڵشاد 
بەشی چوارەم و كۆتایی
دەربارەی كورد و تورك
1-دەوڵەتی تورك یەكسان نییە بە ئەردۆغان، مەسەلەی شەڕی پەكەكە و سوپا، گرێدراوی دەسەڵات و بڕیارەكانی سەرۆكەكانی توركیا نییە، بەڵكو ئەم دەوڵەتە لە مێژە جەنگێكی فرە رەهەندی بۆ لەناوبردنی كورد و داگیركاریی خاكی كوردستانی بەرپاكردووە، ئەم ئەجێندا لەمێژینەیەی، لە سێ بەشی خاكی كوردستان پەیڕەودەكات.
2- مەسەلەی بایكۆت كردنی كاڵا و بەروبومی توركی، ئەمە بابەتێكی تەواو گرنگە، تاكە چەكە لە دەستی كورددا بێت بەرامبەر بە دەوڵەتی تورك بەكاریبهێنێت، راستییەكەی ئەم بابەتە لە رێگەی هاشتاگی سۆشیال میدیاوە ناكرێت و هیچ ئەنجامێكی نابێت! تەنانەت بە رێپێوان و دروشم بەرزكردنەوەش نابێت، دڵنیام زۆربەی خەڵكی كوردستان باش لە ئەجێندای داگیركاری دەوڵەتی تورك تێگەیشتووە و هوشیارییان هەیە، تاكوو تۆ بە هەڵمەتێك بتەوێ بە ئاگایان بهێنیتەوە. 
ئاخر میلەتێك چۆن دەتوانێت لەگەڵ خۆیدا واقیح و راستگۆبێت، خاوەن ئیرادەی خۆی بێت، كە لە سۆشیال میدیا لە بەرەی بایكۆتە و توركیا بە وڵاتی دوژمن دەناسێنێت لەهەمانكاتدا كەلوپەلی ماڵەكەی توركیین! پۆشاكی توركی دەپۆشێت، ساڵی سەفەرێكی توركیا دەكات، مناڵەكەی بۆ خوێندنگەی توركی دەنێرێت، سەیری درامای توركی دەكات! لایەنی كەم دوان لەمانەی نوسیومە جێ بەجێی بكات ئەوا ناكاتە ئەوەی بایكۆتی توركی كردووە!
3-هەرێمی كوردستانی عیراق، بۆتە سەنتەرێكی گەورە بۆ ساغكردنەوەی كاڵا و بەروبومی توركی و بازاڕگەرمی شتومەكی توركی زۆر زیاترە لەوانەی خۆمان و ئێرانی و شوێنیتر، بابپرسین چۆن رێگری لەوە بكەین و چۆن بایكۆت بكەین؟
4-مەسەلەی بایكۆت كردنی شتومەكی توركی، راستەخۆ پەیوەندی بە بڕیارەكانی ئەو حكومەتەوە هەیە كە دەیەوێ‌ لەبەرامبەر وڵاتێكیتر بەجۆرێك بوەستێتەوە، لێرەدا ئابووری وەك كارتێكی بەهێز لەدەستی خۆی نیشانی لایەنی بەرامبەری دەدات، لەم سۆنگەیەوە ئێمە لە هەرێمی كوردستان ئەو چانسەمان نییە، لەبەرئەوەی حكومەت و حیزب وكۆمپانیای حیزبی و تەنانەت بزنیسمان و سەمایەداری سیاسی بازرگانی گەورەیان لەگەڵ توركیا هەیە.  
5-لەساڵی 1992 بەدواوە، هەرێمی كوردستان جۆرێك لە گرێدراوی توركیایە، توركیا بە بەرنامە كاری بۆ ئەوە كردووە هەژمونی خۆی لەسەر حیزبە كوردییەكان دروستبكات. ئەگەر پێشتر لایەنێك نزیك بوبێت لە توركیاوە، لەم ساڵانەی دوایدا زۆربەی هەرە زۆری حیزبەكانی هەرێمی كوردستان بەجۆرێك پەیوەندییان لەگەڵ توركیا هەیە، لەوەش رونتر بڵێین بزنسی زۆر گەورە هەیە لەنێوان بەرپرسانی حیزبی ئێرە لەگەڵ توركیا.
6--بە كورتییەكەی توركیا بەشێوەیەكی سیستماتیك بازاڕی كوردستانی داگیركردووە، لەم داگیركارییەشدا بەرپرسانی ئەم هەرێمی چاوپۆشیان كردووە لە بەرامبەر ئەو بەرژەوەندییە مادییەی لە كۆمپانیا زەبەلاحەكانیان لەگەڵ توركیا دەسیاندەكەوێت!
7-لەبەهاری ساڵی 1983، توركیا یەكەم هێرشی داگیركاری بۆناو خاكی هەرێمی كوردستان ئەنجامدا، هەر جارە و بە بیانویەك و بەناوێكەوە ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی و زەمینی بۆ باشووری كوردستان ئەنجامداوە، تادێت ژمارەی سەرباز و بنكەكانی زیاتر دەكات. 
8- شەڕی پەكەكە و توركیا، شەڕی بردنەوە  یان دۆڕاندن نییە، هیچ لایەك تائێستا نەیتوانیوە سەركەوتنی تەواوی خۆی بەسەر لاكەیتردا رابگەیەنێت، ئەزمونی شەڕ نزیكەی 30 ساڵە تاقی كراوەتەوە و دەربارەی چارەسەری پرسی كورد بێ ئەنجام بووە، بەتایبەت توركیا بەو جۆرە سەركەوتوو نابێت، ئیلكەر باشبوغ، فەرماندەی پێشووی گشتی ھێزە چەكدارەكانی توركیا (سوپا)، لەدیدارێكی تەلەفیزیۆنیدا لەگەڵ محەمەد عەلی بیراند رۆژنامەنوسی ناوداری كۆچكردووی توركیا لەساڵی ٢٠١٢ دەڵێت "هەموو هێزی سوپای توركیا ناتوانێ‌ قەندیل كۆنتڕۆڵ بكات!". ئەم وتەیە واقعێكی روونە كە توركیا بەرێگەی شەڕ ناتوانێت هیچ سەركەوتنێك بەدەستبهێنێت .
9- هەر جارەو لەپاش بۆردومانكردنی فڕۆكەكانی توركیا و قوربانی خەڵكی مەدەنی، كۆمەڵێك ئیدانەكردن و بەیاننامانەی حزب و لایەنەكان تەنانەت سەرۆكایەتیەكان و سەرۆككۆماری عیراقی بەدوادادێت، لە كرۆكدا بە زمانێكی دواڕادە سادە و شەرمنانە دەنوسرێن، لە ناوەڕۆكی ئەم بابەتە دواڕادە جدیە و چیتر بە بەیاننامە ناتوانرێ‌ توركیا و پەكەكە و هەروەها هاوڵاتیانی كوردستانیش قایل بكرێت. ئەم بابەتە هەموو لایەنێك بەرپرسیارێتی بەردەكەوێت. پێویستی بە هاودەنگییەكی تەواو هەیە تاكوو هێرشەكانی سەربازی بۆ ناو باشووری كوردستان بوەستێنرێت.
10-جگە لەوەی حساباتی دۆسییەی نەوتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ توركیا هەیە، هەرێمی كوردستان قەرزاری كۆمپانیا توركییەكانە، بەدەر لەوەش پارەی خەیاڵی زۆرێك لە بەرپرسی سیاسی كورد لە بانكەكانی توركیادا هەیە!
11-دەوڵەتی تورك هەمیشە ئامانجی ئەوە بووە كە مەسەلەی پرسی كورد لە وڵاتەكەیدا بە پرسێكی ئەمنی بناسێنێت لەم سۆنگەیەوە لەناوخۆ سەقامگیریی بەرجەستە بكات و شەڕی پەكەكە بخاتە دەرەوەی سنوورەكانی توركیا، لە باشوور و رۆژئاوای كورستان درێژە پێبدات، داوای پشتیوانی لە وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ بكات بەپاساوی شەڕی تیرۆر! ئەم سیاسەتەی تا رادەیەكی باش سەركەوتوو بووە و توانیوێتی پشتیوانی لە وڵاتانی ناتۆ وەربگرێت.