گـوڵە زەنبەقەکەی جۆرج ئـۆروێڵ و ئـاگلۆنماکەی ماتیڵدا!

1 مانگ پێش ئێستا

لە ڕۆمانـی(لێگەڕێ، با گوڵە زەنبەقەکە بفڕێت)، جۆرج ئۆروێڵ، گەورە نوسەری بەناوبانگی (ئینگلیز - ھندی - بۆرمایی)،  واتا؛ نوسەری ھەردوو شاکارە مەزنە ناسراوەکەی(مەزرای ئاژەڵان) و (١٩٨٤)، لەبارەی گوڵەزەنبەقەکەوە چیمان پێدەڵێت؟
ئۆروێـڵ، سەرەتا لە ھۆکاری ھەڵبژاردنی ناوونیشانی پەرتووکەکەی بۆ (Keep the Aspidistra Flying - دع الزنبقة تطير)،دەستپێدەکات و دەڵێت؛
«گـوڵە زەنبەق، لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، ڕووەکێکی باو بووە لە نێوان چینی ناوەندی خەڵکیدا، واتا؛ ڕووەکێکە، بەرگری مانەوەی لە ژینگە جۆراوجۆرەکاندا زۆرە، خاوەن رەنگ و رەونەقێکی جوانە، بەتایبەت لە شاری لەندەندا زۆر بەربڵاوبووە، گۆڵە زەنبەق، لە زۆرێک لە نێوماڵەکانی خەڵکیدا لەو زەمەندا بوونی ھەبووە، بە تایبەتتر لە ماوەی سییەکانی سەدەی رابردوودا ئیدی ھێندە باو و بەربڵاوبووە بۆتە قسە و نوکتە لە نێو خەڵکیدا، دواتریش ناونیشانی گۆرانییەکی زۆر باوی پێ بەخشراوە بە ناوی (گەورەترین گوڵە زەنبەق لە جیھاندا)، رەنگە ھۆکاری گرنگیپێدانی زۆریشی لە لایەن خەڵکیەوە بۆ ھەرزاننرخی و خۆڕاگری لە ژینگەکەی خۆیدا و کەمتر  زووتر خراپبوونی گەرابێتەوە، لەگەڵیدا ئەرکی خزمەکردنیشی کەم بووە، بەجۆرێک ئەو سەردەمە سەر تاقی پەنجەرە و سەر رەفەی زۆرێک لە ماڵە ئینگلیزەکانی تەنیوە، بەوەیش؛ رەمز و ھێما و مۆرکی شەعبی بوون و نەتەوەیی وەرگرتوە.»
لە ڕاستیدا، ھۆکاری بەستنەوەی (گوڵە زەنبەق)ەکەی، نێو رۆمانەکەی(جۆرج ئۆروێڵ) و (گوڵ و ئینجانە)ەکەی، نێو فیلمی (لیـۆن؛ پرۆفیشناڵەکە - léon: the professional )پێکەوە، سەرچاوەکەی خوێندنەوەی ڕۆمانە بەچێژەکەی ئۆروێڵ بوو، کە ئەمیش بۆ خۆی دەستبەجێ سەرنج و خەیاڵەکانی بۆ سەر بابەتی (گوڵ و ئینجانەکەی لیۆنی پیشەگەر)ھەڵڕفاندم.
وەک باسمانکرد، ئۆروێڵ، ویستویەتی لە ڕێی دەربرین و شوبھاندنەکەیەوە، واتا؛ لەسەر بنەمای خووی خەڵکی و پاشان گواستنەوەی نەریت و رەوش و دۆخی ژیانی چینی ناوەند و ناوراستی کۆمەڵگەوە لە مەڕ گوڵە زەنبەقەوە ئەوەمان پێ نیشان بدات کە ھەندێک جار دۆخی مرۆڤ ھێندە نالەبار دەبێت، ئارەزووی فڕین و جێھێشتن و ھەڵھاتن لە ژینگە جێگرەکەی دەکات، وە بە ھۆکاری ئەوەیشی گوڵە زەنبەق، بەرگری ئەو بار و کەشە ناھەموارەی خۆی دەکات، بەڵام رەنگە ئەویش دوچاری سیس بوون و وشکبوون ببێتەوە، ئەوکات ھەڵھاتن و فڕبن باشترین بژاردە بێت، ئەمیش بۆ مرۆڤ ھەمان شتە، ھەمان پێناسەیە، بەتایبەت ھەندێک ساتی لێژبونەوە و قڵپبوونەوەی لایەنی ماددی و مەعنەوی لە لایەن مرۆڤەکانەوە ھەیە ئەوکات لە بری مانەوە بە خۆی دەڵێت؛«لێگەرێ، با گوڵە زەنبەقیش بفرێت و ژینگەکەی خۆی بگوازێتەوە.»
بەڵام لە فیلمی لیۆن؛ (پرۆفیشناڵەکە.)، سەرەڕای ئەوەی لیۆن، کەسێکی کوژەری بەکرێگرتە و پرۆفیشناڵ و پیشەگەرە، ڕابردوویەکی تاڵی ھەیە، بەڵام لەگەڵیدا لە ناخدا مرۆڤێکی خاوەن بە ھەست و ویژدانە، بەتایبەت رەفتاری لەگەڵ کەسە لاوازەکاندا زۆر مرۆڤانەیە، تەنھا لەگەڵ ھاوشێوەکانی خۆیدا نەبێت، کە زۆر بێ بەزەیی و دەستێکی پۆڵاینی پیشەگەریانەی ھەیە.
لیۆن، لەو ژیانەدا پڕتووندوتژی و بێبەزەیی و پڕخوێنەدا، کەسێکی تەنھا بوو، ھیچکەس ھاوڕێ و ھاوەڵێکی نەبوو، وە دەبوو ھەر بەو جۆرەش بێت، بەوەیش، جگە لە گوڵ و ئینجانە تاقانەکەی کەس ھاودەردی نەبوو، بەجۆرێک کردبوویە ھاوڕێی و لەگەڵ خۆیدا و بەملاولای دەیگێرا و خزمەتێکی ھێندە جوانیشی دەکرد، ھیچکەس گومانی، یان پەی بەوە نەدەبرد؛(کە ئینجانە بەدەستێکی ئێکجار ترسناک و مەترسیدارە!).
لیۆن، گوڵ و ئینجانەکەی وەک پڕکەرەوەی بۆشای ژیان دەبینی، وەک ھێوەرکەرەوەی تووندوتیژی دەبینی، وەک عەشق و سەرقاڵەییەک دەیبینی، چونكە ھەستی بەھاوبەشی ژیان دەکرد، لەگەڵیدا ھیچ داواکارییەکی لێی نەبوو، بەوەی گلەی لە لیۆن بکات و ئەمیش داواکاریی لێی ھەبێت، ئەمەیش دیسان سەلمێنەری ئەو حاڵەتەیە؛(مرۆڤەکان، کــائینێکی دەستەمۆکەرن، واتا؛ پێیانخۆشە خزمەتی شتانێک، کەسانێک بکەن، کە خۆیان پێیانخۆشە و پێی ئارامـ دەبنەوە.»
تەنانەت، ماتیڵدا، واتا؛ کیژۆڵە تەمەن ١٢ ساڵانەكەی ھەڵھاتووی دەستی پیاوەمافیاکان، کە دواتر ڕووداوی ناو تەلارەکە بە لیۆنی دەناسێنێت و پاشانیش لیۆن دەبێتە فریشتەیەکی پرۆفیشناڵ بۆ پاراستنی گیانی لە مردن کە بە سوودفە دەبێتە قەڵغان و پشت و پەنایەکی زۆر بەھێز بۆ ماتیڵدا، ھەربۆیە کاتێکیش، ماتیڵدا دەگرێتە خۆی، دەبێتە ھاورێی لیۆن، ئەوجا بە گوڵ و ئنجانەکەی لیۆنیش ئاشنا دەبێت، لیۆن، دواتر فێری دەکات کە چۆن خزمەت بە گوڵ وئینجانە تاقانەکەی بکات، بەجۆرێک ئیدی ھەردووکیان ھۆگر دەبن پێوەی، تەنانەت تا دوا ساتیش ماتیڵدا پارێزگاری لە (دوا یادگاری بەجێماوی)، لیۆن دەکات و لای خۆی دەیھێڵێتەوە، چونکە لیۆن، دواجار خۆی دەکاتە قوربانی و ئازادکردنی ژیانی ماتیڵدا، واتا؛ ماتیڵدای قوربانی، بەڵام ماتیڵداش لە پاداشتی چاکەکانی لیۆندا، کەمتەرخەم نابێت و ھەمان گوڵ، لە بەردەم خوێندگەکەیدا بەناوی (لیۆن)ەوە، دەڕوێنێتەوە، وەک ئەوەی پێمان بڵێت؛(لیۆنەکان، ھێشتا زیندووە، ھەن، کە ھاوشێوەی کەسانێکن کە بیانەوێت 'ژیانــێکی بێکــۆتا' بژین.)
نـوسیـن: شــادمان محـەمــەد