‎زۆنی سەوزم لەبەغداد چۆن بینی ؟

1 مانگ پێش ئێستا

‎عادل باخەوان
‎كە گەیشتمە بەردەرگای زۆنی سەوز، لە پرسگەی سەرەكی، هێزێكی پیشەیی بە چەكی قورسەوە لە ئامادەباشیدابوون. بەو گەرمایەی بەغداد، ڕێكپۆش و پڕپۆشبوون و لە ڕوخساریاندا هیچ جۆرە هەستێكی شەخسی دەرنەدەكەوت و هەموو زانیاریەكانیان كۆنترۆڵدەكرد. ئەمانە هێزێكی سەر بە دژە تیرۆرن كە ڕاستەوخۆ لەلایەن سەرۆكوەزیرانەوە بەڕێوەدەبرێن.
‎پاش تێپەڕینم بەنێو زۆنی سەوزدا، كۆمەڵێك هێزی دیكەی پڕ چەكەم بینی. ئەمانیش زۆر ڕێكخراو دەهاتنە بەرچاوم و زۆر جددی دیاربوون. پێیانوتم ئەمانەش هێزەكانی سەماحەتی سەید موقتەدان. 
‎دواتر هاوڕێیەكی ئەكادیمی بەغدادیم دەعوەتیكردبووم بۆ خوانی ئێوارە بۆ رۆستۆرانتێكی نەریتیی پایتەخت. پێش ئەوەی بگەم، سەدان ئۆتۆمبیلی سەربازیم دەبینی لە نمایشێكی سەربازیدابوون و چەكدارەكان بەدەنگی بەرز سرودە جیهادیەكانیان دەوتەوە. پێیان وتم ئەمانە هێزە چەكدارەكانی حەشدی شەعبین.
‎ڕۆژی دواتر لە ناوچەی سەوز ، لە چەند سەعاتێكی جیاوازدا، بەڵام لە هەمان شوێندا، چەند توێژەرێكی نزیك لە حەشد و تەیاری سەدری و سەرۆك وەزیرانم بینی...لەكاتی بینینیاندا هەستم بەوەكرد چەند درزی گەورە لەنێوانیاندایە بەڕادەیەك كە ئامادەنەبوون تەوقەش لەگەڵ یەكتریدا بكەن.
‎تۆ ڕەنگە بزانی دڕان و دابڕان هەیە، بەڵام تا خۆت بەچاوی خۆت نەیبینیت  و ئەزموونی نەكەیت، ناتوانیت بە كۆنكرێتی هەست بەو لێكترازانە كوشندەیە بكەی كە برا شیعەكانی گەیاندوەتە لێوارەكانی جەنگێكی براكوژی بێپێشینە!