نەفرەت لە سەلمان ڕوشدی..!

1 مانگ پێش ئێستا

شەماڵ بارەوانی
بیرمە فەقێ بووم و لە حوجرە و قوتابخانەی ئیسلامی بووم، گۆڤارێك هەبوو وابزانم ناوی (خەڵك)بوو، دواتر ئەوەی من ئاگاداربم گۆڤارەكە بەهۆی بڵاوكردنەوەی ئایەتە شەیتانیەكان ڕاگیرا و قەدەغەكرا.

من بەرلەوەی كتێبەكەی سەلمان ڕوشدی(ئایەتە شەیتانیەكان) هەمووی پێكەوە بخوێنمەوە، من لەو گۆڤارە یەك دوو بەشێكم خوێندەوە. كاتێك ئەو دوو بەشەم خوێندەوە، مەراقم كرد زیاتر و هەمووی بخوێننمەوە. پێشووتر كە هێشتا فەریكە فەقێیەكی جاهیل و فێندەمنێتالست بووم، ڕقێكی زۆرم لەبەرامبەر سەلمان ڕوشدی هەبوو. بەهۆی ئەوەی پێشووتوور لە كتێبێكی قەرەزاوی شتێكم خوێندبوویەوە سەبارەت بە فەتواكەی خومەینی، كە خوێنی سەلمان ڕۆشدی لەسەر ئایەتە شەیتانیەكان حەڵاڵ دەكات.

جا بێئەوەی ئەوكات من بێ ئەوەی جارێ یەك دێڕی ئەو كتێبە بخوێنمەوە و بزانم مەسەلە چییە، ئاواتم بوو خۆم یان كەسێكیتر ڕۆژێك دابێت و سەلمان ڕوشدی بكۆژێت و كاتێك ناوی سەلمان ڕوشدیم هێندە خراپ بیست لە ژێر لێوەوە دەمگووت: نەفرەت لەسەلمان ڕوشدی.

دواتر كاتێك جیهان بینیم سەبارەت بە زۆر چەمك كرایەوە و تووشی گۆڕانی بیر و باوەڕبووم و لە غەیبووبەی فیكری هۆشیاربوومەوە و لە تونێلی تێگەیشتنێكی تەسك و داخراو تۆتالیتاردا هاتمەدەر، بە دڵێكی زۆر فراوان و مێشكێكی زۆر كراوە و دیدێكی جیاواز زۆر باڵاو لیبڕاڵانە(ئایەتە شەیتانیەكان)م، بەpdf هەمووی خوێندەوە و بۆ فەقێی تریشم نارد بیخوێنتەوە و ئەوكات ئیتر لە جیاتی نەفرەت و ڕق، ئاواتە خوازبووم ڕۆژێك بێت لە نزیكەوە سەلمان ڕۆشدی ببینم و بە دیداری شادبم.

ئاوایە ئەزیزم، مرۆڤی فێندەمێنالیست و ڕادیكاڵ، هەڵگری تێڕوانینێكی زۆر سەقەت و خاوەنی مێشكێكی ژاراوی و ئەقڵێكی داخراوە و دوو بست ئەوڵاتری لوتی تێڕوانینی خۆی نابینێت و هەموو تێگەیشتنێكی دەرەوەی بازنەی ئیدەلۆژیا و بیر و باوەڕەكەی خۆی ڕەتدەكاتەوە و كوێرانە و بۆماوەییانە و مێگەڵ ئاسا شوێن ئەقیدەیەكی دیاری كراو دەكەوێت، بێ ئەوەی بیخاتە ژێر نەشتەری ڕەخنە و بە فلتەری زانستیداببات و لە بۆتەی ئەقڵ هەڵیسەنگێنێت.

بۆیە هەركاتێك كەسێك، ڕەخنە بگرێت و قسە لەسەر بیر و باوەڕەكەی بكات، مرۆڤی فێندەمێنتالیست بۆی بلوێت نەك جوێنی وێدەدات و سوكایەتی پێدەكات، بەڵكو سەری كەسەكە گۆشە و گۆش دەبڕێت.

كۆمەڵی كوردی ئێستا ڕێك لەو قۆناغە مەترسیناكەدایە و تاكەكانی لە سۆشیاڵ میدیا زۆربەی داعشانە بیردەكەنەوە و جوێن بە جیاوازیەكان دەدەن و سوكایەتی و بێ ڕێزی بەهەر شتێك دەكەن، لەگەڵ میزاجی داعشیانەیان نەگونجێت.

لە نیویۆرك تیرۆرستێك بە چەقۆ هێرشی كردە سەر سەلمان ڕۆشدی، بە سەتان و هەزاران كۆمێنتی دەستخۆشیم بینی، كە بۆ ئەو تیرۆریستە نووسراوبوو هەندێك نووسیبوویان خۆزیا سەری لە لاشەی جیاكردبایەوە. هەڵبەت بێ ئەوەی یەكیان ئایەتە شەیتانیەكانیان خوێندبێتەوە و بزانن سەلمان ڕوشدی چی گووتووە و مەسەلە چییە!

كۆمێنتی وا مەهزەلەم بینی تێر بە دیاریەوە داما قاقا. چەندین كەس نووسیبویان نازانین ئەو كافرە كێیە، بەڵام مادام قسەی بە ئیسلام گووتووە حەقی تۆپاندن و سەربڕین و گوخواردنە هاهاها.

ئەمە چیرۆكی تیرۆرستە بكوژەكەی شەهیدی وشە(فەرەج فۆدە)مان بیردێنێتەوە، كاتێك دادوەر لەدادگالێی دەپرسێت، بۆچی فەرەج فۆدەت تیرۆركرد؟
-بكوژ:چونكو كافربوو
-دادوەر: لەمیانی كامە كتێب لەكێبەكانیدا زانیت ئەو كافرە؟
-بكوژ: من هیچ یەكێك لەكتێبەكانیم نەخوێندووەتەوە.
-دادوەر: ئەی چۆن زانیت كافرە!؟
من خوێندەواریم نییە و نازانم بخوێنمەوەو بنووسم!

من پێش دوو ڕۆژە تەنها لەسەر نووسینێكی ڕەخنەییم سەبارەت بە هزری داعشگەرێتی و ئیسلامی سیاسی، كە لە كۆمەڵێك ڕۆژنامە و ماڵپەڕی لە نموونەی ڕۆژنامەی( ڕێگەی كوردستان) هەریەك لە ماڵپەڕەكانی(دەنگەكان، ڕوانگە و ڕەخنە، دابڕان، قەندیل24، وتاری كورد) بڵاوبووەوە. تەنها لە پەیجی(ڕوانگە و ڕەخنە)دا زیاتر لە پێنجسەد كۆمێنتی بێ ڕێزی و جوێن و سوكایەتیم بۆهات، تەنانەت كەسی وا هەبوو نووسیبووی: ئەو ڕۆژە هەر دێت و حوكمی دینی دەگەڕێتەوە و سەرت دەبڕین هەی كافر.

تیاندابوو مامۆستایە و خەڵكی شارەكەی خۆمە و لەگەڵ من لە كۆمەڵەی خوێنەرانی كتێب ئەندام بوو، لە كۆمێنت لەگەڵ عەوام و داعشە دەمشڕەكانی سۆشیاڵ میدیا جوێنی پێدابووم. مامۆستا وا داماوبێت، ئەی مێگەڵ و نەخوێنەوارەكە دەبێ حاڵی چۆن بێت؟!

بێ گومان من ناترسم ئەوەی مەبەستمە بیڵێم، ئەوەیە كە كۆمەڵەگای كوردی لە ژێر كاریگەری گوتاری سەلەفیگەراو ئیسلامی سیاسی خەریكە بەرەو داعشیەت دەروات و بەرەو ئاقارێكی توندڕۆیی زۆر مەترسیناك هەنگاو دەنێت و داعش هەموو كونج و كەلەبەرێكی ئەو وڵاتە خەریكە دەتەنێت و كەسیش خەمی لێ ناخوات و خۆی لێ ناكات بە خاوەن!

دووبارەی دەكەمەوە، كە من هەرگیز ناترسم لە هەڕەشەكانیان و بێگوومان وەكو فەرەج فۆدە وتەنی: (هەموو شتێك باجی خۆی هەیە، دیموكراتیەت باجی خۆی هەیە، عەلمانیەت باجی خۆی هەیە، شارستانیەت باجی خۆی هەیە، مافەكانی مرۆڤ باجی خۆی هەیە، هەموو باجی خۆی هەیە و دونیای شارستانی بۆ ئەمانە هەمووی بە خوێنی ڕۆڵەكانی خۆی باجیداوە، تاگەیشتوون بەوەی پێیگەیشتوون، دەریایەگەلێك خوێنیان لە پێناویدا ڕشتووە و بەسەر جەستەی هەزاران قوربانیدا ڕۆشتوون تاگەیشتوون بەم ڕۆژە.).

دوێنی فەرەج فۆدە و نەجیب مەحفوز، ئەمڕۆ سەلمان ڕۆشدی و كێو كێی ترە، بەدڵنیاییەوە گەر لە كوردستان زوو فریا نەكەوین و سنوورێك بۆ ئیسلامی سیاسی و سەلەفیگەراكان و ئەو فیكرە داعشیە دانەندرێت، كە لە هەزار ڕەنگ و لەژێر سەتان ناو مۆدێل خۆی نمایش دەكات و شەو ڕۆژ خەریكی بە داعشكردنی كۆمەڵە، زوو، یان درەنگ، ئەمڕۆ، یان بەیانی ڕەنگ بێت من و ئەویتر، یان هەموان باجەكەی زۆر بەقورسی دەدەین.

ئینجا دەبێ هەموان باش ئەو حەقیقەتە بزانن كە فێندەمێنتالیستەكان هەڵگری فیكرێكی نەخۆش و تۆتالیتارن.

ئەوان لە كوێ دەسەڵاتیان بوو، حیجر لەسەر داهێنان دادەنێن و ڕێگری لە كرانەوەی كۆمەڵ دەكەن، فیكری ئازاد و ئیجتیهادی عەقڵ لەبار دەبەن، ،شەمەندەفەری پێشكەوتن بۆ دواوە دەگەڕێننەوە و دەبنە كۆسپ و تەگەرە لەبەردەم خواست و ئازادیەكانی تاك و، جیاوازیەكان و فرە ڕەنگی و پلۆرایەتی ئایینی، سیاسی و كۆمەڵایەتی دەسڕنەوە و داری پێكەوەژیان دەبڕێتەوە و دەنگە جیاوازەكان دەخنكێنن و پانتایەك بۆ ئەویترو كونجێك بۆ هەناسەی ئازادی ناهێڵنەوە.

ئەوان باوەڕیان بە فرەیی و ئازادی و دیالۆك و ئەقڵانیەت نییە. جگە لە زمانی شمشێر، هیچ زمانێكر نازانن.

بە جوێن و بێ ڕێزی و سوكایەتی و چەقۆ هێرش دەكەنە سەر زمانی ڕەخنە و ئەقڵی زانستی و بیری ئازاد و ئازادی تاكەكان و هەرچی شتێك بۆنی ڕۆشنگەری و تازەگەری لێ بێت.

ئەوان دووژمنێكی سەرسەختی شارستانیەت و كۆمەڵێكی مەدەنی و كراوەن.

داعش گیان، مادام بانگەشەی یەقین دەكەیت و ڕەهاگەرایی بە خەڵك دەفرۆشیتەوە و مۆنۆپۆڵی حەقیقەتەكان دەكەیت، زۆر عەیبە لە گوومان دەترسیت و بە چەقۆ گەروو زمانی ڕەخنەدەبڕیت و دژایەتی ئەقڵ دەكەیت!

هەڵبەت وڵام دانەوەی نووسین و ڕەخنە و وشە، بە جوێن و چەقۆ و بێ ڕێزی، خۆی لە خۆیدا ئەوپەڕی بێ مۆڕاڵی و نیشانەی لاوازی و داڕوخان و كەوتنی ئەتەكێت و ئەخلاقی ئەوكەسانە دەگەیەنێت و بەداخەوە ئەوە ئاماژەیەكی زۆر ترسناكیشە و ئەوەمان پێدەڵێت گەر خاوەنانی ئەو جۆرە لەبیركردنەوە تەسك و ئاسۆداخراوە دەسەڵاتیان هەبێ، ئەوە تەراتێن بە ئازادیەوە دەكەن و دادگایەكی پشكنینی ویژدان و سوتاندنی كتێبەكان هەمان شێوەی دادگاكانی كلێساكانی سەدەتاریكەكانی ناوەڕاست درووست دەكەن و كتێب و شیعر و نووسینی ئازادی خوازان و چەپ و سكۆلارەكان هەمووی دەخەنە لیستی نووسینە قەدەخەكراوەكان و خۆشیان گۆردان برۆنۆ ئاسا دەسوتێندرێن و وشەكانیان لە سێدارە دەدەن و ئازادی تیرۆردەكەن و زمانی ڕەخنە دەبڕن و بۆچوونی جیاواز سانسۆر دەكەن و دەنگی هەموو نووسەرەكانی دەرەوەی سنوورەكانی مێنتەڵێنت و بازنەی ئایدلۆژیاكەی خۆیان دەخنكێنن و هەزار ساڵ دەمانگەڕێننەوە بۆ دوواوە و نێو تاریكایی سەدەكانی ناوین!

ئاخر مرۆڤی ژیر و ئازادی خواز و شارستانی و مەدەنی، وڵامی وشە بە وشە و نووسین بە نووسین و شانۆ بەشانۆ و فیكر بەفیكر دەداتەوە،

نەك بە گولە و چەقۆ و تیرۆر و جوێن و سوكایەتی و بێ ڕێزی و تەشیر و هەڵچون و ڕق و هەڕەشە و نەفرەت.