كورد لەنێوان پیرۆزكردنی مێژوی ئیسلام‌ و ڕەخنە لێگرتنیدا

1 مانگ پێش ئێستا

عیماد عەلی
بە كورتیەكەی، ئەوەی ئێستا  بە شێوەیەكی رارا و ترس و زۆرجار بە نهێنیەوە باس و خواس لەسەر مێژووی ئیسلام و پیرۆزیەكانی دەكرێت ئەوەیە، كە سەرەرای چەندین كتێب و نوسینی بە نرخ بەڵام  لە رووی زانستیەوە مێژووی ئیسلام لەوەدا دەبینرێت دوور لە قورئان تەنها بە شێوەی زارەكی گواستراوەتەوە و ئەوەی هەیە تەنها حیكایەتە و دوورە لە بەڵگە باوەرپێكراوەكان و راستی و تەنانەت زۆرێك لە پێداگرتن لەسەر حەقیقەتی ئەو میّژووە ناروونە و بە پیرۆزكردنی رێرەوی مێژووی ئایینی ئیسلام، خاڵە نادیار و كەموكورتیەكانی داپۆشیوە و قسەوباس و رەخنەگرتنی بڤەكردووە، بە تایبەتی لە جیهانی ئیسلامیدا خەڵك بە وریایی و راراییەوە خۆی لەقەرەی ئەم شێوە باسانە دەدات و، بۆ سەلامەتی گیانی بێدەنگی هەڵدەبژێرێت.

لە پاش شەپۆلی هاتنەئارای رەوتی ئیسلامی سیاسی و فشارەكانی و راوبۆچۆنی توند و زبر تا رادەی تیرۆری ئەوانەی خۆیان لەقەرەی ئەم مێژووە و حەقیقەتەكان دەدەن،وایكردووە كە زۆر بە دەگمەن خەڵكانێك دەركەون باوەر و بیركردنەوە و رای خۆیان لەسەر حەقیقەتەكانی مێژووی ئیسلام و پەیوەندیی بە نەتەوەكانی ئەم ناوچەوە دەربرٍن .

ئەوەی جێگەی سەرسورمانە كە كورد لە هەموو نەتەوەكانی دیكە زیاتر لەوبارەوە كەمتەرخەمە و خۆی بەدوور دەگرێت لە مەسەلەیەكی  چارەنوسسازی گرنگی زانستی لەم شێوەیە سەرەرای ئەوەی زەرەمەندی یەكەمی دەردانەكانی میژووی ئیسلامە و تەنانەت وەكو نەتەوە لە ژێر هەرٍەشەی لەناوچوونی رەسەنایەتی سەرجەم بوارە كۆمەڵایەتی و كەلتوری و فەرهەنگی و دابونەریت و تایبەتمەندیكانی خۆیەتی.

هۆكاری  سەرەكی ئەم بارەی كورد زیاتر بۆ چەند خاڵێك دەگەرٍێتەوە:
*لەگەڵ مەبوونی دەوڵەتدا، نەبوونی سەقامگیری سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی و فەراهەمبونی رێگەی پان و بەرین بۆ سەپاندنی سەرجەم بیر و باوەرەكانی ئەویتری نەگونجاو و هەبوونی رێگری هەمەلایەن لە رۆشنبیران و خەڵكی بەتوانا بۆ روونكردنەوەی حەقیقەتە مێژووییەكان و خەفەكردنی وێستگە دروستەكانی بەرەنگاری و  رووبەروبونەوەی هاوردە نەگونجاو و زیانبەخشەكانی كاروانی میّژووی گەلی كوردستاندا.

* كەمی بوێری و نەبوونی ئازایەتی رۆشنبیران بۆ خۆ لەقەرەدانی مەسەلەیەك كە هۆكاری سەرەكی دواكەوتن و مالًوێرانی و بەدبەختی گەلی كوردستانە و زیاتر خۆسەرقاڵكردنێتی  بە شتی لاوەكیەوە.

* حزبایەتی تەسك و كێبرٍكێ و كاری پۆپۆلیستانەی هەمووان بۆ رازیكردنی رای گستی و كۆی خەڵك لە پێناو بەرژەوەندی تەسك و كاری هەمەجۆری سیاسی و كۆەمەڵایەتی و ئابووری كورتخایەن و ئامانجی تەكتیكی لەسەر حسابی بەرژەوەندیی ستراتیجیی میلەت و دووركەوتنەوە لە مەسلە فەلسەفییەكان و حەقیقەتە میَّژووییەكان.

* نەبوونی پرۆژە و دامودەزگای فەرمی بۆ لێكۆڵینەوە و دەرخستن و باسكردنی حەقیقەتە مێژووییەكانی لەمەر كورد و كوردستان و رێرٍەوی رەوتی ئیسلامی لەم ناوچەیەدا.

* پاشكۆیەتی و كلكایەتی زۆر لایەن بۆ ئەویتر لە زۆر بواردا و بە تایبەتی ئەوەی پەیوەندیی بەم مەسەلەیوە هەیە.

* تەرخاننەكردنی هیچ توانایەكی مادی و مەعنەوی بۆ زیادكردنی مەعریفەت و زانینی مێژووی كوردستان و هاتنی ئیسلام و حەقیقەتە شاراوەكانی بە درێژایی مێژووی ئەم ناوچەیە  و باسنەكردنی بۆ خەڵك و پەندلێوەرگرتنی.

* ترساندنی خەڵك بە پیرۆزكردنی ئەم بابەتە و نەهێشتنی خۆ لەقەرەدانی لە لایەن هیچ كەسێكی دیارەوە.

* نەهێشتنی هیچ بوارێك لە هیچ كونجێكدا، بە تایبەتی شوێنە ئەكادیمیەكان هەرچەند كارەكە زانستیش بێت بۆ توێژینەوەی و زاڵبونی فكر و عەقڵی ئایینی پەرٍگیر و لاتەریك لە ناوەندە زاستیەكانی كوردستان.

* بە گرنگ دانەنانی ئەم بابەتە و بە هەموو شێوەیەك هەوڵی پەراوێزخستنی دەدرێت لە پێناو خۆسەپاندنی عەقڵی دواكەوتوویی بەسەر زۆربەی  بریاربەدەستانی كوردستاندا .

بۆ فریاكەون و دەرچوون لەم چەقبەستوویەی ئەم بوارە  هەیە، پلانێكی هەمەلایەن و خەڵكانی دڵسۆز و بریار بەدەستی دەوێت بۆ ئەوەی گرنگێتی ئەم مەسەلەیە لەبەرچاو بگیرێت و باری سیاسی و ململانێی حزبی زاڵنەكات بەسەر پرسێگی گرنگی لەمشێوەیە، هەر هیچ نەبێت بۆ هەڵگیرسانی مۆمێك لە رێگەی نەوەكانی ئایندەی گەلی كوردستاندا، سەرەرای ئەو هەموو كەموكورتیەی لە سەرجەم بوارە رۆشنبیریەكاندا لەئارادایە.