چی بكەم ئەگەر مناڵەكەم نان نەخوات؟

2 مانگ پێش ئێستا

د. رۆژین مەهدی
زۆرترین كێشە كە ڕوبەڕوی دایكان و باوكان دەبێتەوە ئەوەیە كەمناڵەكانیان نان نەخۆن یان زۆر كەم بخۆن.
٭٭ ئەگەر هیچ كێشەیەكی تەندروستی نەبوو ئەوا بۆ چارەسەری ئەم كێشەیە گرنگە ڕەچاوی ئەم خاڵانە بكرێت...
١. گەدەی مناڵ بچوكە. ئەگەر هەر شتێك پێش  ژەمەكان بخورێت ئەبێتە هۆی ئەوەی كە مناڵەكە ئارەزوی خواردنی نەمێنێت و نانەكەی نەخوات، ئەمەش وا دەكات دوای ژەمەكان برسی ببێتەوەو لەوانەیە بە خواردنێك خۆی تێر بكات كە هیچ خۆراكە بەهایەكی نیە  (ئەمەش سەرەتایەك دەبێت بۆ لاوازی و كەم كێشی) لەبەر ئەوە زۆر گرنگە یەك سەعات و نیو پێش نان خواردن هیچ شتێك نەدرێت بە مناڵ.
٢. بە هیچ شێوەیەك نابێت زۆر لە مناڵەكە بكەیت كە نان بخوات، چونكە ئەمە سەرەتایەك دەبێت بۆ كێشەی گەورە ترو ڕق لێبونەوەی خواردن.
٣. دایك و باوك دەبێت هەردوكیان ئامادەییان تێدا بێت و هەمان هەڵسوكەوتیان هەبێت بۆ گۆڕینی خووی مناڵەكە.
٤. گەورەترین هەڵە ئەوەیە كە لەبری نان خواردن شیر یان هەرخواردنێكی تر بدرێت بە مناڵ (بەبیانوی ئەوەی كە هیچی نەخواردوە) لەبەر ئەوە بە مناڵەكەت بڵێ كە ئەبێت چاوەڕێ بكات بۆ ژەمی داهاتوو وە هیچی مەدەرێ (بەم شێوەیە مناڵەكە وا لێدەكەیت هەستی برسێتی لا دروست ببێت)چونكە ئەگەر وا نەكەیت بێگومان كێشەكە چارەسەر نابێت و بەرەو خراپتر دەڕوات..
٥. مناڵ سێ ژەم و دوو بۆ سێ نێوانە ژەمی پێویستە.
٦. لە دووجار زیاتر شیر مەدە بە مناڵەكەت.
٧. ئەم كێشەیە لە ماوەی چەند ڕۆژێك دا چارەسەر نابێت. گرنگە كۆڵ نەدەیت و بەم شێوەیە بەردەام بیت. بەلایەنی كەمەوە ٣ بۆ ٤ هەفتەی دەوێت تا مناڵەكە دەست دەكاتەوە بە خواردن..