هەڵاوسانی نرخەكان.. گرانبوونی زیاتری بەنزین

2 مانگ پێش ئێستا

سیروان محەمەد 
 لە دوای شەڕی ئۆكرانیانەوە رۆژ لە دوای رۆژ، نرخی كاڵاوشمەك بەگشتی بەنزین بە تایبەتی روو لە هەڵكشان و بەرزبوونەوەیە و ئەگەری بەرزبوونەوەی زیاتر هەیە.
ئەوەی بەكورتی دەمەوێت قسەی لەسەر بكەم نرخی (بەنزین)ە، كە فاكتەرێكی گرنگی گرانبوونی نرخی كۆی  كاڵاوشمە و گواستنەوە و خزمەتگوزاریی دیكەیە.
ئەو بەنزینەی لە بازاڕەكانی هەرێم هەیە جگە لەوەی بەشێكی لە ناوخۆ بەهەم دێت بەشی هەرە زۆری لە دەرەوەی هاوردە دەكرێت، ئەوەش كاریگەرە بە نرخی نەوت لە بازارەكانی جیهان.
خاڵێك، كە فاكتەرێكی گرنگە بۆ گرانتربوونی بەنزین لە بازاڕەكانی كوردستان، بەردەوامبوونی زۆربوونی خواستە لەسەر كڕینی بەنزین، ئەوەش بەهۆی  زۆری ژمارەی ئۆتۆمبێل، كە هەموو ستانداندارێكی تێپەراندوە، خراپی و كۆنی و ناڕێكی هێڵەكانی گواستنەوەی گشتی (پاسەكان)، هاوڵاتیان ناچاردەكەن بۆ چوونە دەوام و سەركارەكانیان ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆیان بەكار بهێنن، بەمەش بەبەردەوامی خواست لەسەر بەنزین زیاد دەكات.
چۆن خواست لەسەر بەنزین كەمبكرێتەوە؟
بۆ كەمكردنەوەی خواست لەسەر بەنزین و هەوڵدان بۆ جێگیركردنی نرخەكەی پێویستە بەجدی بیر  لە دامەزراندنەوەی بەپەلەی پاسی گشتی گەورە (مسڵەحەمەی جاران) بكرێتەوە كە بۆ زۆربەی گەڕەكەكان بڕوات و  دەرچوونی بەپێی كات بێت و نرخەكەشی زۆر گونجاو بێت حكومەت لە بری پاپشتی بەنزین پاڵپشتی نرخی بلیتی پاسەكان بكات بۆ ئەوەی فەرمانبەران بتوانن بۆ چوونە دەوام سوودی لێوەربگرن، هەروەها بەرێوەبەرایەتی گواستنەوەی پێداچوونەوە رێڕەوی هێڵەكان و ژمارەی پاسەكاندا بخشێنێنتەوە بۆ هاوڵاتیان بتوانن سودی لێوەربگرن و بەكاری بهێنن.

هەروەها گۆڕینی پاسەكان كە هەندێكیان مۆدێلی ساڵانی هەشتاكانن و جگە لەوەی مەرجی سەلامەتیان نیە، ساردكەرەوەیان تێدانیە ناچار نەبێت ناتوانیت سواربێت و بۆ هاتووچۆ بەكاریان بهێنێت.
زۆربەی وڵاتان گرنگی بە تۆڕەكانی گواستنەوە دەدەن و بەردەوام نۆژەنی دەكەنەوە و فراوانی دەكەن، هەروەها بەبەردەوامی كاربۆ پەرپێدانی كەرتی گواستنەوەی گشتی دەكەن بەڵام لەكوردستان هەر ئەو سستمەیە كە ساڵانی هەشتاكان دانراوە، ئەوەش لە ئەو گەورەبوون و فرانبوونەوەی گەڕەكەكانی شاردا ناگونجێت.
ماوەی چەندین ساڵە دەیانەوێت پاس بۆ شەقامی بازنەیی دابنرێت، كە ئاسانكاری زۆر بۆ خەڵك دەكات بەڵام تائێستا جێبەجێ نەكراوە، هەروەها بڕیار بوو پاسی شەوان دابنرێت ئەویش شكستی هێنا.
بۆیە رێگری كردن لە هەڵكشانی نرخی بەنزین، جگە لەوەی بە دامەزراندنی پاڵاوگەی نوێ دەبێت بۆ پڕكردنەوەی خواست، لە ئاست ئەو خواستە زۆری خەڵك بۆ بەكارهێنانی ئۆتۆمبێلی خۆی، هێز نیە بتوانێت رێگری لە بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین بكات و رەنگە  لە ئایندەیەكی نزیكش ئەو بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین بۆ بازاڕەكانی عێراقیش بگرێتەوە.