ئابوری هەرێم، لەنێوان هاوردە و هەناردەدا

2 مانگ پێش ئێستا

سەركۆ یونس*
بازرگانی دەرەكی، بۆ هەر هەرێم و وڵاتێك، پێوەرو ئاماژەیەكی گەورەی ئابوری دەخاتەڕوو، ئاستی بەرەوپێشچوون و گەشەپێدان نیشان دەدات.
تەرازووی بازرگانی دەرەكی، لەهەردوو لایەنی هاوردەو هەناردە پێكدێت، هاوسەنگی ئەم تەرازووە، گرنگە بۆ ئابوری نیشتمانی. بەڵام، ئەگەر لایەنی هەناردە گەورەترو قورستر بێت، ئەوا لەبەرژەوەندی وڵات دەبێت، بەپێچەوانەیشەوە ئەگەر لایەنی هاوردە قورسترو گەورەتر بێت، ئەوا كورتهێنانە وهەموو كورتهێنانێشكیش بەزیان لەسەر ئابوری دەشكێتەوە.

ئابوری هەرێم، لەماوەی دوو دەیەیی ڕابردودا، لەهەموو دۆخێكدا، هەمیشەو هەردەم تای تەرازووی هاوردەمان قورسترو گرانتر بووە، بۆ پڕكردنەوەی پێویستییەكانی ناوخۆ، پشت بەهاوردەكردن بەستراوە و لەئێستادا زیاتر لە(%90) پێداویستی سەبەتەی خۆراك و خواردەمەنی و جلوبەرگ و زۆربەی كەرەستەكانی بیناسازی و پرۆژەكان و كشتوكاڵ و هتد، هاوردە دەكرێت...
بێگومان، هۆكارەكانی ئەم لاسەنگییە لەتەرازوی بازرگانی هەرێمدا، زۆروجۆراوجۆرن، لێرەدا بەكورتی تیشك دەخەینەسەر هەندێكیان:-
1- نەبوونی سیستەمێكی جێگیری پەیڕەوكراوی ئابوری لەهەرێمدا، تا ئێستاش نازانرێت، سیاسەتی ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەكام ئاراستەیە، ئایا پەیڕەوكاری سیستەمی سەرمایەداری وئابوری بازاڕە یان سۆشیالیستی یان تێكەڵاو، لەدوای ساڵی 2003 ەوە، هەرێمی كوردستان كەوتەناو گێژاوی ئابوری ئیقلیمی وجیهانییەوە، سنورەكانی هەرێم بەتەواوەتی بەڕووی شمەك وكاڵای جیهاندا كرانەوە، هەرئەم كرانەوەیە، هۆكارێكی گرنگ بوو بۆ لەناوبردن و داتەپینی ئابوری هەرێم.

2- وابەستەبوونی ئابوری حكومەت، بەداهاتی كرێخۆری(الریعی) یەك سەرچاوە(نەوت) گوێنەدان وگرنگی نەدان بەكەرتەكانی تری ئابوری بەگشتی، كەرتی كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتیاری بەتایبەتی.

3- پەیڕەوكردنی بێ بنەمای سیستەمی سەربەستی بازرگانی، كەمكردنەوەی باجی گومرگی و گوێنەدان بەهاوردەكردنی بێ سنوری شمەك وكاڵاكان و خنكاندنی بازاڕەكانی هەرێم، بەبەرهەمی هاوردەكراوی وڵاتانی دراوسێ و جیهان، بەنرخێكی گونجاو وكەمتر لەنرخی بەرهەمی ناوخۆ، سەرئەنجام نەمانی خواست لەسەر بەرهەمی ناوخۆ وزیادبوونی خواست لەسەر هاوردەكراوەكان.

4- گەندەڵی ئیداری و ئابوری، بەداخەوە لەماوەی 30 ساڵی حكومڕانی لایەنەسیاسییەكانی هەرێمدا، گەورەترین و بەربڵاوترین دیاردەی گەندەڵی بەهەموو جۆرەكانییەوە تەشەنەی كردووە، هەرئەم دیاردەترسناكەش، كاریگەری لەسەر ئابوری كردووە، بەفیڕۆدان لەسامان و دارایی هەرێمدا گەشتوەتەبەرزترین ئاست.

5- دەستتێكەڵكردن ودەستوەردانی سیاسییەكان لەلایەنی ئابوری، بەتایبەت بازرگانی، سنوری تێپەڕاندووە بەجۆرێك، بەدەگمەن سیاسیەكی باڵادەستی هەرێم هەبێت، كەهاوبەش یان بازرگان یان سەرمایەدارو بزنسمان نەبێت، ئەمەش خراپترین بارودۆخە كەئابوری وسیاسەت پێ ی گەشتووە.

6- دامەزراندنی بەلێشاوی دەستیكاری كشتوكاڵی ودانیشتوانی گوندەكان، لەدامودەزگاكانی حكومی بەگشتی و سێكتەری ئەمنی و پێشمەرگە بەتایبەتی، جارێكی تر، كەرتەئابورییەكان تووشی ئیفلیجی بوون، بەتایبەت كەرتی كشتوكاڵ، لەپێش ساڵی 2003 دەتوانین بڵێن، هەرێمی كوردستان، سەرەڕای هەموو ئاستەنگ وگەمارۆكان، لەلایەنی بەرهەمی دانەوێڵەو سەوزەومیوە، لەئاستی خۆژێنیدابوو، بەڵام بەبڕیاری هەڵەی دامەزراندن، ئەم كەرتەش لەناوبرا.
7- سەرەڕای بێ پلانی حكومەت، نەبوونی بودجە و هاوكاری نەكردنی جوتیاران وگوندنیشیان، نەبوونی یاسای پاراستنی بەرهەمەناوخۆییەكان و گرنگی نەدان بەبەرهەمی ناوخۆ، بەربەستی سەرەكی ئەم بوارەن.

هەموو ئەمانەو چەندین هۆكاری تر، بوونەتە هۆی داتەپینی ئابوری هەرێم و سەرئەنجام زیادبوونی هاوردەكردن و كەمبوونەوەی بەیەكجاری هەناردەكردن.
لەواقعی ئابوری هەرێمدا، كەرتی بازرگانی باڵی بەسەر سەرجەم كەرتەكانی تری ئابوریدا كێشاوە، لەبازرگانیشدا، هاوردەكردن باڵادەستە وقازانجهێنەری بێ زیانی خێرای بازرگانان و سەرمایەداران و سیاسیەكانە.

بەشێوەیەك، ئەندامانی ژوورە بازرگانییەكان وكۆمەڵەویەكێتییەكان، ژمارەی پێوانەیی تۆماركردووە، دەتوانین بڵێن سەرجەمیان بازرگانی هاوردەكارن!

ئەگەر سیاسەتی ئابوری هەرێم، بەم شێوەیە بەردەوام بێت، ئەوا گومانی تێدا نی یە، لەئایندەیەكی نزیكدا، تووشی گەورەترین داتەپین وداڕووخانی ئابوری دەبین و هەرێم دەكەوێتەناو گێژاوێكی قورس وگران و ڕێژەی هەڵاوسان بەرزترین ئاستی پێوانەیی تۆمار دەكات و ڕێژەی هەژاری هەتا بێت زیاتر دەبێت، دیاردەی بێكاری بەرۆكی زۆربەی تاك و خێزانەكان دەگرێتەوە و سەرئەنجامی ئەمەش كۆمەڵگای كوردی تووشی لەیەكترازانی زیاتری كۆمەڵایەتی و سیاسی دەبێت، دوور نی یە، ئاژاوە و دزی و ڕاووڕووت و دیاردە نەشیاوەكانی ناباوی كۆمەڵایەتی پەرەبسێنێت.

هەرچیمان هەیە لەناو بازاڕەكانی هەرێمدا هاوردەكراوە، ئەوەی هەیە لەبەرهەمی ناوخۆ دەگمەنن و بەشی پێویستی ناوخۆ ناكات وهەر زوو تەواو دەبن، جارجار گوێبیستی هەوڵەكان، دەبین بەهەناردەكردنی هەندێ شمەكی دیاریكراوی وەك(پێستەو كەلوپەلی لەكاركەوتوو) داهاتی فرۆشراوی ئەمانە، هیچ زیادەیەك ناخەنەسەر داهاتی هەرێم.

بەگشتی كۆمەڵگای كوردستان، كۆمەڵگایەكی بەرخۆر وبەكاربەری تەواوە، تاكەكانی كۆمەڵگا هەرداهاتێكی نەختینەییان دەستدەكەوێت(مووچە) پێویستییەكانیان ڕاستەوخۆ لەبازاڕەكاندا بەشمەك وكاڵای هاوردەكراو پڕدەكەنەوە و داهاتەكان دەچێتە گیرفانی ئابوری وڵاتانی ئیقلیمی و جیهانییەوە.
بەپێ ی داتاكان، مانگانە بڕی (894)ملیار دینار قەبارەی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانە.

هەربۆیە، لێرەوە پێویستە لەسەر خەمخۆران و نیشتیمانپەروەران، بەجدی بیر لەئایندەی هەرێم ودانیشتوانەكەی بكەنەوە، بەپەرۆشیەوە كار بكەن بۆ هەستانەوەی  ئابوری داتەپیوی كەرتەستراتیژییەكانی كشتوكاڵ وپیشەسازی و گەشتیاری بەتایبەتی.

*ئابووریناس