جەنگی تەختی پاشاكان

1 مانگ پێش ئێستا

شادمان محەمـەد
كـۆتای وەرزی چوار؛ پاشان بـەرەو وەرزی پـێنجی جەنگـی تەختی پـاشـاكـان...
زۆرن ئەوانەی خۆش دەژین، بەڵام ناخۆش دەمرن!
Game of Thrones - Season 4
- یەكێك لە ھەرە خاڵە گرنگ و دیار و جیاكارییەكانی ئەم زنجیرە تەلەفزیۆنیە كە بۆتە خاڵێك زۆر بەھێز و تۆكمە لە لای بینەر، ئەوەیە؛«رووداوەكـان بە ئـارەزووی دڵی بینەر نەنوسراوە!» بەتایبەت ھەر لە ھەڵبژاردنی جۆری ژیان و مردنی كارەكتەرەكانەوە بیگرە تاوەكو دەگاتە ململانێ تایبەت و گشتیەكان و كۆتایی ھەژموونی دەسەڵاتەكانیان! رووداوەكانی ناو ئەم زنجیرە تیڤییە ھەندێك دۆخ و حاڵەتی ناجۆر لە خۆ دەگرێت كە ئیدی بینەر زۆر توڕە و نیگەران دەكات! لە ھەمانكاتدا زۆر ئازاری رۆحی بینەر دەدات، واتا؛«بینەر ماندو و شەكەت دەكات.»، ھەندێكجاریش دلخۆشت دەكات، بەڵام لەناكاو و سەر لەنوێ پڕ سترێست دەكاتەوە! ھەندێكاتیش، دیمەنێك دێتە ئاراوە لەوێدا بەدڵی تۆیە، ھەربۆیە لەو ساتەدا ناچارت دەكات چەپڵەی سەركەوتن، یاخود ھوتافی سەركەوتن بۆ پالەوانەكە بكێشیت! زۆرجاریش لە بەرانبەر ھەندێك دیمەندا زۆر رقـئەستوورت دەكات، بەجۆرێك ناچار دەكات ئیدی گریمانەی رووداوەكانی داھاتوو نەكەیت!
لە راستیدا ئەم كارە، ئەم بەرھەمە، زۆر دژ بە خواستی بینەر بەرھەمھاتووە وە رەنگە ئەمەش خاڵی بەھێزی كارەكە بێت! چونكە چەندینجار دەتخاتە ھەڵە و وەسوەسەی پێشبینیەكانی ناختەوە. تەنانەت كارەكتەری وەھای تێدایە بەجۆرێك دەژین تۆی بینەر ھیچكات ئارەزووی ئەو جۆرە ژیانە شایستەیەی بۆ ناخوازیت، بەلام لەگەلیدا دواتر بەجۆرێك دەیانمرێنێت و دەیانكوژێت كە ئەسڵەن تۆی بینەر ھەر پێشبینی ناكەیت! بەوەش وەك گەمە پێكردنێك بە ھەستت دەتخاتەوە نێو قاڵبەكەی خۆتەوە و بە بێ دەنگی لە جێگە تەنھاكەت داتدەنێشێنێتەوە بۆ ئەوەی لەبەرخۆتەوە بڵێیت؛«زۆرن ئەوانەی خۆش دەژین، بەڵام ناخۆش دەمرن!)