نیشانە دەروونییەكانی كەمیی ڤیتامین (دی)

1 مانگ پێش ئێستا

د. كامەران رەسوڵ ژاژڵەیی
كەمیی ڤیتامینی D یەكێكە لە بڵاوترین كێشە تەندروستییەكانی هەموو جیهان كە زیاتر لە یەك ملیار كەس بە دەستییەوە گرفتارن.
هەر چەندە كەمیی ڤیتامینی دی بە كێشەكانی ئێسك و جومگە و وەرینی قژ ناسراوە، بەڵام دوا توێژینەوەكان ئەوەیان دەرخستووە كە كەمیی ڤیتامین دی كۆمەڵێك دەرئەنجام و لێكەوتەی دەروونیشی هەیە.
هەڵبەت وەك زانراوە كە ڤیتامین دی وەكو هۆرمۆنە ستیروێدەكان كاردەكات كە ڕۆڵی گرنگی هەیە لە گەشە و هاوسەنگیی مێشك و پاراستنی چالاكیی كۆئەندامی دەمار، لەبەرئەوەی كاریگەریی هەیە لەسەر دروستبوون و ڕشتنی هەندێك گوازراوەی دەماری وەكو سیڕۆتین و دۆپامین.
گرنگترین نیشانە دەروونییەكانی كەمیی ڤیتامین D:
- خەمۆكی: هەر چەندە ئەو كەسانەی تووشی خەمۆكی دەبن ڕێژەیەكی زۆریان كێشەی كەمیی ڤیتامین دییان هەیە، بەڵام ئێستا دەركەوتووە كە كەمیی ڤیتامین دی بۆ ماوەیەكی دوورودرێژ، یەكێكە لە هۆكارەكانی تووش بوون بە خەمۆكی.
- خەمۆكیی وەرزی: كە زیاتر لە وەرزی پایز و زستان بڵاوە و بەوە جیادەكرێتەوە كە لەو وەرزانەدا تووشی كۆمەڵێك كەس دەبێت و لە نیشانەكانی دەتوانین ئاماژەبكەین بە: تێكچوونی مەزاج، بێهێزی، بێ تاقەتی، خەواڵوویی و نووستنی زۆر. 
- نەخۆشیی شیزۆفرینیا: تاوەكو ئێستە هۆكارەكەی نەزانراوە، بەڵام هەندێك توێژینەوەی تازە ئاماژە بەوە دەكەن كە ڕەنگە كەمیی ڤیتامین دی بۆ ماوەیەكی دوور ودرێژ ئەگەری تووشبوون زیاتربكات. 
- نەخۆشیی ئێم ئێس (Multiple seclerosis): 
- كە نەخۆشییەكە لە ئەنجامی تێكچوونی كۆئەندامی بەرگرییەوە تووشی مرۆڤ دەبێت و كاریگەری زۆری هەیە لە سەر كۆئەندامی دەمار و تاوەكو ئێستا هۆكارەكەی نەدۆزراوەتەوە بەڵام نوێترین لێكۆڵێنەوەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە كەمیی ڤیتامین دی ڕەنگە ئەگەری تووشبوون زۆرتربكات. 
- دیارە سەرچاوەی سەرەكی بۆ ڤیتامین دی بریتی یە لە تیشكی خۆر، لە كوردستان ڕۆژانە بۆ ماوەی یەك سەعات لە نێوان سەعات ( 10 بەیانی بۆ  4 ی عەسر) و هیچ خواردنێك بڕی پێویست لە ڤیتامین دی بۆ جەستە تێدا نییە یان لەڕێگەی زیادكردنی ڤیتامین دی بۆ ناو كۆمەڵێك خۆراك یان لە ڕێگای تەواوكەری خۆراكییەوە. 

پرۆفایل:
د. كامەران ڕەسوڵ ژاژڵەیی 
پسپۆڕی زانستی خۆراك