هەرێم و ئابوری كرێخۆر

3 مانگ پێش ئێستا

سەركۆ یونس*
ئابوری هەرێمی كوردستان، لە(30) ساڵی ڕابردودا، چەندین هەورازو نشێو و سەرووخواری كردووە، لەهەمانكاتدا بەدەست چەندین كێشە و دیاردەی گەورە و گرانەوە دەناڵێنێت.

زاراوەی ئابوری كرێخۆر، لەسەدەی بیست بەربڵاو بوو، بە ئابوری ئەو وڵاتانە دەوترێت، كەدەوڵەمەندن بەسەرچاوەی زۆری دەرامەتە سروشتییەكانی وەك نەوت وغاز، كانزاكان.

سەرچاوەی سەرەكی داهاتی وڵات، بەڕێژەیەكی زۆر لەیەك سەرچاوەوە دێت، وەك نەوت یان غازی سروشتی.

لەم شێوازە ئابوریانەدا، چینێكی كەمی دەسەڵات، دەست دەگرن بەسەرداهات ودەستكەوتەكاندا، خێروبێری سامانەسروشتییەكە دەستەیەك لێ ی سوودمەند دەبن. هەروەها جیاوازی چینایەتی دروست دەبێت، ڕێژەی بێكاری و هەژاری بەئاشكرا لەهەڵكشاندا دەبێت. خزمەتگوزارییەگشتییەكان، سنوردار دەبن، بەتایبەتی ئاو وكارەبا و ڕێگاوبان و خزمەتگوزارییەشارەوانییەكان.

لەدە ساڵی ڕابردوی ئابوری هەرێمی كوردستاندا، سەرچاوەی داهاتەكانی هەرێم، ڕێژەی سەرەكی پشتی بەنەوتی فرۆشراو بەستوە، سەرەڕای بوونی كەرتەكانی كشتوكاڵ و بازرگانی وگەشتوگوزار وتاڕادەیەك پیشەسازی، بەڵام هەر نەوت بەشادەماری داهاتەكان ئەژمار دەكرێت. 
داهاتی نەوتی فروشراوی هەرێم، سەرەڕای كەموكوڕییەكانی لەگرێ بەست و فرۆشتن و نرخەكەی، بەڵام پشكی شێری لەدابینكردنی مووچەدا بەردەكەوێت.
هەرچەندە، ئامارێكی دروست و زانستی لەبەردەستدا نیە، بەڵام وا دەردەكەوێت، ڕێژەی بەشداری كەرتی پیشەسازی و كشتوكاڵ و گەشتوگوزار، لەنزمترین ئاستدایە، ئەمەش بەهۆی نەبوونی پلان و سیاسەتی ئابوری لەهەرێمدا.

نەبوونی سیاسەتی ئابوری
ئابوری هەرێمی كوردستان، لەدوای ڕاپەرین وپێكهێنانی یەكەمین كابینەی حكومەتی هەرێمەوە، بەدرێژایی 30 ساڵی ڕابردوو، بەدەست نەبوونی سیاسەتی ئابوری دەناڵێنێت، تائێستاش دیار نی یە، پەیڕەوی كام لەجۆرەكانی سیاسەتی ئابوری دەكرێت! 
گواستنەوەی ئابوری هەرێم، لەسۆشیالیستیەوە بۆ بازاڕی ئازاد گەورەترین هەڵەی مێژووی ئابورییە لەهەرێمدا.
تاپێش پرۆسەی ئازادی عێراق، هەرێمی كوردستان سەرەڕای گەمارۆی ئابوری و شەڕی ناوخۆ و بڵاوبونەوەی گەندەڵی ودوو ئیدارەیی، دەتوانین بڵێن، خاوەنی خۆژێنی سەربەخۆ بوو لەسەبەتەی خۆراك وخواردەمەنیەكاندا.
بەدرێژایی تەمەنی كابینەكانی حكومەتی هەرێم، هیچ جۆرە پلانێكی زانستی دوورمەودا نەبووە بۆ بەڕەنگاربونەوەی مەترسییەكان و قەیرانەكان، ڕاستە هەندێ لەوەزارەتەكان پلانی پەرەپێدانی كەرتێك یان بەرهەمێكیان داڕشتوە، بەڵام لەواقیعدا خاڵ وبەندەكانی پلانەكە جێ بەجێ نەكراوە.

هەربۆیە لە 15 ساڵی ڕابردودا، نەوت لەهەرێم، بەشادەماری داهاتەكان دانراوە، ڕێژەی(80%) داهاتی خەرجی ساڵانە لەنەوتی فرۆشراوەوە بەدەستهاتووە.
هەرچەندە لێرەو لەوێ، حكومەت هەوڵی فرەسەرچاوەكردنی داهاتەكان دەدات، بەڵام وادەردەكەوێت هەر نوسراوی سەر كاغەز بێت، چونكە ئەم هەوڵانە، پێویستە بەپلانی زانستی و واقیعی بێت، كەلەگەڵ بارودۆخی ئابوری و كۆمەڵایەتی و سیاسی هەرێمدا بگونجێت.

بەپێ ی هەندێ ئامار، لەساڵی 2003 ەوە نزیكەی 100 ملیار دۆلار هاتوەتە ناو هەرێمەوە، بەڵام بەهۆی گەندەڵی سیاسییەكان و نەبوونی پلان، بەفیڕۆدانی سەدان ملیار دۆلار، نەتوانرا هیچ یەكێك لەكەرتەكانی تری وەك كشتوكاڵ و گەشتوگوزارو پیشەسازی پەرەیان پێ بدرێت.
بەپێ یاسای بودجەی ساڵانی پێشوو، لە(70%) تەرخان دەكرا بۆ خەرجی بەگەڕ(مووچە) و ڕێژەی (30%) بۆ بواری وەبەرهێنان بووە، لەساڵی 2014 حكومەتی هەرێم، یاسای بودجەی گشتی نی یە.

نەوت وغازی سروشتی، لەئەولەویەتی كارەكانی حكومەتی هەرێمە و كەرتەكانی تری وەك كشتوكاڵ وپیشەسازی وگەشتوگوزار، پشتگوێ خراون. گرنگی دان بە نەوت وغاز دەدرێت، لەئاستی باڵادایە وهەرچی سێكتەرەكانی ترە پشتگوێ خراون، هەرئەمەش مەترسیەكە گەورەتر دەكات، چونكە هەرگۆڕانكارییەك لەنرخی نەوت، ڕووبدات راستەوخۆ داهاتەكانی هەرێم كەمدەبنەوە.
هەروەها، كێشەسیاسیەكانی نێوان هەولێرو بەغدا، دیسان كاریگەری لەسەر داهات و بودجەی هەرێم دەبێت.

لەئێستادا، حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەهەوڵی هەناردەكردنی غازی سروشتی یە بۆ توركیا و لەوێشەوە بۆ وڵاتانی ئەوروپی، بۆ ئەوەی ببێتە جێگرەوەیەكی خێرای غازی سروشتی رووسیا وئێران.
ئەم هەنگاوانە گرنگن بۆ ئابوری وداهاتی هەرێم، پێگەی ئابوری سیاسی هەرێم لەناوچەكەو جیهاندا بەهێزتر دەكات، بەڵام نابێت مەترسی و دەرئەنجامەكانی پشتگوێ بخرێن، بەتایبەت لەڕووی سیاسی و یاساییەوە.

ئەگەر بەم سیاسەتەی ئابوری بڕۆینە پێشەوە، ئەوا ئیتر بەتەواوەتی ئابوری هەرێم، دەبێتە ئابورییەكی كرێخۆر، بۆ نەوت وغازی سروشتی.
كەرتەكانی تری هەرێم، تووشی داتەپین و داڕوخانی تەواوەتی دەبن، ناچار بۆ پڕكردنەوەی پێداویستییەكانی ژیان، پشت بەهاوردە دەبەستین، ئاشكرایە، هاوردەكردنی شمەك وپێداویستیەكان، ئاسەواری خراپ بۆ ئابوری هەرێم دەهێنێت، وەك هەڵاوسان و چوونەدەرەوەی پارەو داهات، لەدەرئەنجامدا، ڕێژەی بێكاری زیاتر هەڵدەكشێت و كێشەی كۆمەڵایەتی و دەروونی و تەنانەت سیاسیش دەخوڵقێنێت.

پێویستە لەسەر حكومەت ولایەنەسیاسیە باڵادەستەكانی هەرێم، لەهەوڵی ئەوەدا بن، ئەو داهاتانەی لەفرۆشتنی نەوت وغازەوە بەدەست دێن، بخرێنە خزمەت كەرتەكانی تری ئابوری وەك كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتوگوزار. پەرەپێدانی بەردەوام پەیڕەو بكەن بۆ ئەوەی داهاتەكانی هەرێم فرە چەشن و فرەسەرچاوە بن، چونكە بەمێژوو سەلمێنراوە ئابوری كرێخوری وڵاتان، بەردەوام نابێت و مەترسی زۆر هەیە لەسەر ئایندەی وڵاتانی ئابوری كرێخۆر.
بۆ ئەوەی ئاسایشی خۆراك دابین بكرێت، كەلەئێستادا هەرێم ئاسایشی خۆراك و خۆژێنی لەدەستداوە، پێویستە گرنگی زیاتر بەكەرتی كشتوكاڵ بدرێت، خوای گەورە نیعمەتی زەوی وزاری باش و سەرچاوەی ئاوی زۆر ودەستی كاری باشی بەخشیوە بەهەرێم، تەنها ئەوەی كەپێویستە پلان و سیاسەتی ئابوری و پاڵپشتی ئەم كەرتەستراتیژییە بێت.
بۆ ئەوەی پشت بەستن بەهاوردە كەمبكرێتەوە، پێویستە پەرە بەكەرتی پیشەسازی گەورەو ستراتیژی بدرێت، هەلی كار بۆ دەستی كار لەهەرێمدا برەخسێنیت، بەتایبەت لەئێستادا ڕێژەی بێكاری لەوپەڕی ئاستدایە و ساڵ لەدوای ساڵ قەبارەی بێكاران زیاتر دەبن.

بێ گومان، داهاتەكانی نەوت و غاز، گرنگن، شادەماری ئابوری هەرێمن، بەڵام مەترسییەكانیش كەم نین، هەر بۆیە پێویستە لەگەڵ دەستكەوتنی داهاتی نەوت وغازدا، پەرە بەكەرتەكانی تر بدرێت، بۆئەوەی مەترسییەكانی سەر ئابوری كرێخۆری كەمتر ببنەوە، وەك وڵاتانی كەنداو، بەپلان و بەرنامەی زانستی خۆیان لەمەترسییەكان بەدوورگرتووە و لەپاڵ دەستكەوتی داهاتی نەوت و غازدا، كەرتەكانی تری ئابوری وڵاتەكانیان پەرەپێداوە و لەگەشەسەندندان، وەك سعودیە وئیمارات و قەتەر.

بۆ ڕزگاربوون لەئابوری كرێخۆر، زۆر گرنگە حكومەتی هەرێم، بەو داهاتانەی كەلەفرۆشتنی نەوت و غازەوە دەستی دەكەوێت، پەرە بەكەرتەكانی تری ئابوری هەرێم بدات. چیتر هەموو داهاتەكان نەڕۆن بۆ خەرجی بەگەڕ(مووچە).
پەرەپێدان بەكەرتەكانی تر زامنی سەركەوتنی ئابوری هەرێم دەكات، پێویستە زیاتر بیر لەوەبەرهێنان بكرێتەوە و هەلی كار برەخسێنرێت، تائابورییەكەمان بەرهەمدار بێت.

*ئابووریناس
Write to Sarko Youns