لەپرسی نەوت و غازدا كێ براوەیە و كێ دۆڕاو؟

3 مانگ پێش ئێستا

سەردەشت محمد
ناكۆكییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا مێژوویەكی قوڵ و دورودرێژیان هەیە، ئەم ناكۆكیانە تەنها خۆیان لەپرسی ڕادەستكردن یاخود ڕادەست نەكردنی دۆسێی نەوت و غازدا نابیننەوە، ناكۆكییەكان بابەتی سیاسی و ئابوری و خاك و نەتەوە و زۆر بابەتی دیكەن،بەڵام ئێستا پرسی نەوت و غازی هەرێمی كوردستان وەك هۆكارێكی سەرەكی بۆ قوڵبونەوەی ناكۆكییەكان لەڕیزبەندی یەكەمدایە. 
ڕۆژی ٢٠٢٢/٢/١٥ دادگایی باڵای  فیدراڵی عێراق بڕیارێكی لەبارەی ڕادەستكردنی نەوت و كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستانەوە دەركرد و تائێستاش گفتوگۆكانی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر ئەوبڕیارە بەردەوامی هەیە و حكومەتی هەرێم ئەو بڕیارە بە بڕیارێكی سیاسی ناودەبات و پێی وایە كۆمەڵێك مەبەستی سیاسی دیكە لە پشتی ئەوبڕیارەوە بوونیان هەیە، كە ئەمەش تاڕادەیەك بەلای شەقامی كوردییەوە ئاشكرایە،بەڵام مامەڵەی خراپی حكومەتی هەرێم لەگەڵ دۆسی نەوت بەتایبەتی و بەكارهێنانی بۆبەرژەوەندی شەخسی و حیزبی و هەروەها شاردنەوەی ناوەڕۆكی ئەوگرێبەستە نەوتیانەی كەهەرێم لەگەڵ كۆپانیاكانی وەبەرهێنانی نەوتدا كردویەتی وایكردووە هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان لەقۆناغی ئێستادا زۆر گرنی بە مەترسییەكانی پشت بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی عێراق نەدەن  ئەوەندەی بەلایانەوە گرنگە كە حكومەتی عێراق هەرچی زووە پەلەبكات لەجێبەجێ كردنی بڕیارەكەیدا و هەرچی زووە دۆسێی نەوت لە هەولێرەوە بگوازێتەوە بۆ بەغدا، ئەمە تەنها لەپێناوی دەربازبوون لەو قەیرانە دارایەی كە حكومەتی هەرێم بۆ خەڵكی كوردستانی خوڵقاندووە،بەڵام ئەگەر بێتو تۆزێك وردتر لەم پرسە بڕوانین ڕەنگە بۆ ئێستا و لە قۆناغێكی كورت مەودادا  بتوانرێت بەهۆی ئەو بڕە بودجەیەی كە بەغداد لەبەرامبەر وەدەست كەوتنی نەوتی هەرێمدا ڕەوانەی دەكات خەڵكی كوردستان گرفتی دواكەوتنی موچەیان تاڕادەیەك چارەسەرببێت،بەڵام لە قۆناغی دورمەودادا دورنییە جارێكی دیكە خەڵكی كوردستان دوچاری هەمان گرفت و بگرە گرفتی گەورەتریش ببنەوە،چونكە هەموان دەزانین كە عێراق وڵاتێكی هێندە سەربەخۆ و خاوەن بڕیاری سیاسی خۆی نییە كە بتوانێت پلانی درێژخان بۆ چارەسەركردنی گرفتەكانی دابڕێژێت،بەڵكو خودی بەغدادیش هەموكات چاوی لە هێزە ئیقلیمی و نێوەوڵەتییەكانە بۆ ئەوەی گرفتەكانی وبەتایبەت كێشە سیاسییەكانی بۆ چارەسەربكەن،ئەوەتا دەبینین ماوەی هەشت مانگە هەڵبژاردن لەعێراقدا ئەنجامدراوە و كەچی تائێستا بەهۆی دەستێوەردانی دەرەكییەوە نەتوانراوە حكومەتی نوێ لەعێراقدا پێكبهێنرێت،كەواتە لێرەوە مەترسییەكانی پشت بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی عێراقمان زیاتر بۆ ڕوندەبێتەوە و كەڕەنگە لەداهاتوودا هەمو ئەو هێزە ئیقلیمی و نێودەوڵەتیانەی كە لەعێراقیەكان زیاتر خۆیان بەخاوەنی عێراق دەزانن بیانەوێت جارێكێكی دیكە پرسێكی دیكە بۆ دروستكردنی گرفت لەنێوان هەولێر و بەغدادا بێننەوە گۆڕێ و ئەوكات تەنها ئەوەی زیانی پێدەگات و دۆڕاوی نێو ئەو ململانیانەیە خەڵكە،وەك ئەوەی ئێستا دەیبینین ئەوەی باجی بێپلانی و ناعەدالەتی و نەبونی شەفافیەت لەداهاتی نەوت و نانەوتی و نەبونی خزمەتگوزاری پێویست دەدات چی لە بەغداد و چی لەهەولێر تەنها خەڵكە نەك سیاسیەكان.