ئابووری رووسیا ئامادەیی شەڕێكی درێژخایەنی هەیە؟

3 مانگ پێش ئێستا

كارزان گلی
ئەنیستیتیۆتی ئابووری (IFW)ی ئەڵمانی، هەڵسەنگاندنی بۆ ئەو گەمارۆ ئابورییانە كردووە كە خراوەتە سەر رووسیا لەلایەن وڵاتانی ئەورووپاوە و پێیوایە، لە خەیاڵدا دەژین گەر پێتان وابێت، رووسیا بەهۆی ئەو گەمارۆیانە دەستبەرداری شەڕ ببێت.
ئەنیستیتیۆتی ناوبراو، لە راپۆرتێكدا ئاماژەی داوە، ماوەیەكە ئابووری رووسیا زۆر گەشەی كردووە، ئەم گەشەبوونەش كاریگەری لەسەر رووسیا هەبووە، بۆیە ئابووری رووسیا ئامادەییەكی تەواوی هەیە بۆ شەڕێكی درێژخایەن و بەرگە دەگرێت.
ئەو بودجەیەی رووسیا هەیەتی و هەروەها پشتبەستن بەبەرهەمی ناوەخۆی وڵاتەكەی وا دەكات، رووسیا بەرگەیەكی زۆر بگرێت و گوێ بە سزاكانی ئەورووپا نەدات.
رۆڵف لانگهامەر، بەرپرس لە ئەنیستیتیۆتی (IFW)، پێیوایە ئەو سەرچاوانەی رووسیا بۆ كەرتی ئابووری وڵاتەكەی پشتی پێدەبەستێت فرەلایەنە، هەروەها قەرزی كەرتی گشتی 20%و، كە ئەمەش بە بەراورد بە وڵاتانی تر زۆر كەمە.
ئەو دەڵێت: ”رووسیا خاوەن پارەی یەدەگی زۆر زۆرە، جگە لەوەش گرانبوونی نرخی نەوت وای كردووە ئابووری رووسیا گەشە بكات. هەر بۆ نموونە ئەڵمانیا زۆرترین گەمارۆی ئابووری كردووەتە سەر رووسیا، بەڵام زۆرترین نەوتی رووسیاش دەكڕێت، بۆیە گەمارۆكانی ئەڵمانیا كاریگەری بەسەر رووسیاوە نابێت“.
رووسیا دەتوانێت بودجەی تایبەتی شەڕ بۆ ماوەیەكی درێژ ئامادە بكات، بۆ ئەمەشیان كەرتی تایبەتی وڵاتەكەی هاوكاری دەكات، هەروەها كەرتی گشتیش پاڵپشتییەكی تەواویەتی.
پاڵپشتییەكە بە جۆرێكە، كە هیچ كەرتێك بەهۆی شەڕ و گەمارۆی ئابوورییەوە، هیچ شتێكیان لە رووسیا گران نەكردووە و نرخەكان وەكوو خۆیەتی، ئەمەش وا دەكات حكوومەت پاڵپشتی زیاتری خەڵك بۆ جەنگ بەدەست بهێنێت.
بەگوێرەی گوتەی رۆڵف، وڵاتانی ئەورووپا ئەو هێزە ئابوورییەیان نییە بۆ ماوەیەكی درێژ بەرگەی ئەو شەڕە بگرن، بەڵام رووسیا ئابوورییەكەی بەئاسانی ناكەوێت و نوقم نابێت.