كاریگەری ئابووری لەسەر ئەخلاقی تاك

4 مانگ پێش ئێستا

سەردەشت محمد
واقعی ئابووری دەوڵەتی عێراق و كاریگەری ئەم واقعە لەسەر ئەخلاقی تاك ئەوەمان دەخاتە بەرچاو، كە ئەخلاقی تاك لە ڕووە ئابووریەكەوە راستەوخۆ پەیوەندی بە سەرچاوەی داهاتی نەتەوەییەوە هەیە. 

مەبەست لە داهاتی نەتەوەیی ئەوەیە، كە داهاتی نەتەوەیی هەر وڵاتێك ئاستی ئابووری ئەو وڵاتە دەنوێنێت و ڕادەی پێشكەوتن و گەشەسەندنی دەردەخات، بە بەراوورد لەگەڵ وڵاتەكانی تردا.

بەپێی بودجەی ساڵی  2021، ئاشكرایە سەرچاوەی داهاتی دەوڵەتی عێراق (80٪)ی پێكهاتووە لە فرۆشتنی نەوت. واتە كەرت و سێكتەرەكانی دیكەی فەرامۆش كراوە! ئەگەر كەرتی كشتوكاڵ بە نموونە وەربگرین نەك ناتوانین وەك سەرچاوەیەكی ئابووری باش پشتی پێ ببەستین، بەڵكو پێویستیە ناوخۆییەكانیش پڕ ناكاتەوە و ئەم واقعە بۆ حكومەتی هەرێمیش ڕاستە.
بەشێوەیەكی گشتی ئەم ئابووریەی عێراق كە فرە چەشن نیە پێمان دەڵێت، كە حكومەت تەركیزی لەسەر تاك و تواناكانی تاك نیە! حكومەت لە دەرهێنانی نەوت و فرۆشتنی نەوتدا لە هەموو سێكتەرەكانی تر چالاكترە و لەڕێگای فرۆشتنی نەوتەوە ژیانی دانیشتوانەكەی ڕێكدەخات. هەتا ئێرە مەبەستم بوو سەرچاوەی داهاتی تاك بخەمە ڕوو و پەیوەندی ئەخلاقی تاك گرێ بدەین بەو سەرچاوەی داهاتەوە. 

پەیوەندی ئەخلاقی تاكی عیراقی لای دكتۆر علی وەردی لە دوو ڕوودا خۆی ئەنوێنێ. یەكێكیان یاخود بەشە كەمەكەی زادەی تێكۆشان و هەوڵی شەخصی تاكە، كە ئەمە لە ئێستادا لەلایەن مامۆستایانی ئاینی و ووتاربێژان و ڕاهێنەرانی گەشەپێدانی مرۆیی زۆر تەركیزی دەكریتە سەر، كە بڕوایان وایە و دەڵێن پیویستە تاك خۆی بەرە پیش ببات یان خۆی چاك بكات و بێ ئاگان لەوەی، كە ئەخلاقی تاك بەشە گەورەكەی خۆی لە زادەی واقعە كۆمەلایەتییەكاندا دەبینێتەوە، واتە ئەو واقعە ئابووریەی كە تاك تیایدا دەژی! 
بۆیە دكتۆر عەلی وەردی پێی وایە، كە سەرچاوەی ئابووری عێراق، وەك كۆمەڵگا كاریگەری گەورەی هەیە لەسەر هەڵسوكەوتی تاك و بیركردنەوەی تاك و ئەخلاقی تاك و هتد...

شارەزایانی بواری فەلسەفەی ئابووری پێیان وایە، ئەگەر هات و دەوڵەتێك ڕیژەیەكی زۆر لە ئابووریەكەی لە فرۆشتنی نەوت  و غاز و سەرچاوە سروشتیەكانەوە دەست بكەوێت، تاكەكانی كۆمەڵگا ڕۆڵیان نابێت لە بەرهەم هێنانی داهاتی وڵاتەكەیان و، تاك بێ بەرهەم و بێ بایەخ و بێ سوود دەبێت و تاكەكان نرخی خۆیان لە دەست دەدەن! كە دوو جۆر لە داڕمان ڕوو لە تاكەكانی ناو كۆمەڵگا دەكاتەوە:
داڕمانی یەكەم، خەڵك و تاك لای حكومەت نرخی نامیێنێت، واتە ئەگەر خەڵك هەبن یان نەبن، وڵات جێبهێڵن و ڕوو لە غەریبی بكەن یان بمێننەوە نە داهاتی وڵات بە خەڵك كەم دەكات، نە زیاد دەكات! بەڵكو ئەوەی داهاتی وڵات زیاد و كەم دەكات، بازاڕی جیهانی و زیادبونی نرخی نەوت و سوتەمەنیە!
داڕمانی دووەم، بریتیە لە داڕمانی تاكەكانی ناو كۆمەڵگا وەك داڕمانێكی سایكۆلۆژی! تاك كاتێك هەست دەكات بەشدار نیە لە ئیش و كاردا، یان ئەگەر بەشداریش بێت، بە جدی كار بكات یان نەیكات هیچ بەرهەم زیاد ناكات، یاخود هیچ زەرەرێك ڕوونادات. تاك لەم جۆرە سیستەمە ئابووریەدا هەست دەكات ژیانێكی بە مانای نیە!

بۆیە گرنگە تاك ڕۆڵی هەبێت و سەرچاوەكانی داهاتی حكومەت فرە چەشن بكرێت. كە كاریگەری ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر ئەخلاقی تاك، ئەخلاقی تاك بە مانا ڕۆژهەڵاتیەكەی نا.