هەتاهەتایی (Eternals )

4 مانگ پێش ئێستا

ئەژین عەبدولخالق
ئەم فیلمە باس لە مێژووی هەزاران ساڵەی مروڤایەتی لەسەر ئەم هەسارەیە دەكات، چەند كارەكتەرێكی بەناوبانگ ڕۆڵی نێردراوی خوا دەبینن و  كارییان پاراستنی ئەم هەسارەیە لە هەموو مەخلوقە شەڕانگێز و مرۆڤكوژەكان.  ئەم كارەكتەرانە  وزە و هێزی جۆراوجۆر لە لەشیاندا هەیە كە دەتوانن زاڵبن بەسەر هەموو جۆرە بوركان و زریان و مەخلوقێكدا. 

جوانی ئەم فیلمە جیاواز لە زۆرێك لە فیلمەكانیتر ئەوەیە، كە دانپێدانانێكی سەیرە بە میتۆلۆژیای سۆمەری و گریكی. لە هەندێك شوێنیش زمانی دیالۆك سۆمەری، هیندی، عەرەبی و ئینگلیزییە.  جگە لەوەی لە خاكی عێڕاق و میزۆپۆتامیا هەندێ سێنی لێ وێنەگیراوە.

هەمیشە یەك لە دیوە خراپەكانی فیلمی ئەمریكی سێنتڕاڵبوونی ئەمریكا، زمانی ئەمریكی،  نەتەوەو هاوڵاتی ئەمریكیە،  بێگومان ئەوەش لەبەر نەبوونی شارستانیەتێكی دێرین لەو وڵاتە تووشی حاڵەتێكی سایكۆلۆژی فیدباكی بووە بەرانبەر ئەو خاك و نەتەوانەی خاوەن  شارستانیەتێكی لە مێژینەن. بەڵام ئەم فیلمە گرەوەكەی بردیتەوەو خۆی لەم گرێ دەروونییە ڕزگاركردووەو ئەو ئێگۆیەی لە فیلمی ئەمریكی ستاندۆتەوەو جارێكیتر دەیداتەوە بە شارستانیەتی سۆمەری و گریكی و میتۆلۆژیای ئەم شارستانیەتانە زیندوو دەكاتەوە. 

كارەكتەرە سەرەكییەكانی ئەو فیلمە دوای ئەوەی بە هەزاران ساڵ هەسارەی زەوی دەپارێزن، دواتر دەكەونە بەردەمی چەند پرسیارێك. ئەو ماندووبونە بۆ كێ دەكەین و مرۆڤ بۆ وا یەكتر دەكوژێ؟ 

 لەوەش گرنگتر ئەم فیلمە دەمانباتەوە بەردەم كۆمەڵێك پرسیاری فەلسەفی قوڵ، ئایا مرۆڤ لە هەموو بونەوەرەكانیتر سێنتڕاڵترە؟لەوێدا دەكەوینەوە بەردەم بیردۆزی داروینی و مرۆڤ بەرانبەر ئەم فیلمە  تۆزێ دەست لە ئێگۆبوونی خۆی هەڵدەگرێ. 

 پرسیارێكیتری ئەم فیلمە   ئایا ئەم هەسارەیە گرنگترین هەسارەیە؟ ئەم پرسیارە دەمانباتەوە بەردەم بیردۆزەكانی Nicolaus Copernicus  لێرەدا ئەم چەند كارەكتەرە دەبن بە دوو ڕەوت و یەكێكیان دەیانخاتە بەردەم ئەو پرسیارەی كە ئەوان وەك نێردراوی خودا ئیشیان پاراستنی هەموو گەردوونە، نەك تەنیا ئەو هەسارەیە.  ئەوانیتریش بەردەوام دەبن لەپاراستنی زەوی..

مەعریفەی مانووسی ئەم فیلمە گرێدراوە  بە فیكر و بیرۆكەی پشتی كۆمەڵێك میتۆلۆژیای سۆمەری و گریكی وەك  ئەسینا و ئیكارۆس و گلگامش.