مورتەزا لاخانی پیسدەستی نەوتی كوردستان

4 مانگ پێش ئێستا

لەتیف فاتیح فەرەج
مورتەزا لاخانی گەورە نەوتفرۆشی نایاسایی پاكستانی، كاتی خۆی وتویەتی" من ئیش دەكەم لەوەدا دەستیشم پیس بێت گرنگ نیە " ئەم گوتەیە بە قەد ئەوەی ئاماژە كردنە بۆ ئیش  كردن، ئاماژە كردنە بۆ دەستبردن بۆ هەموو ئیشێك، ئیتر ئەو ئیشە هەرچی بێت، لاخانی كوڕی ملیاردێرێكی گەورەی پاكستانی "سوڵتان عەلی لاخانی"ە، سوڵتان لاخانی باوكی ئیمپراتۆری میدیا و راگەیاندن بوو لە پاكستان، هەندێك لایەن و كەسیش بە گەورە ترین گەندەڵكاری ئەو بوارەی دەزانن .

مورتەزا وەك باوكی نەكرد لە میدیادا كار بكات، ئەو نەوتی هەڵبژارد، لەو ڕوەشەوە مورتەزا و كۆمپانیاكانی لە كوێ‌ بن، ئەو شوێنە سەرچاوەی گەندەڵی و گزیكاریە، ئەو تەمەنی لە ئێستادا 60 ساڵەو ساڵی 1962 لە كەراتچی پاكستان لە دایك بووە و لە هەردوو وڵاتی بەریتانیا و كەنەدا گەورە بووە و هەڵگری ناسنامەی هەردوو وڵاتیشە، تائێستا چەندین كۆمپانیای نەوتفرۆشی و قاچاغی نەوتی دروستكردوە و یەكێك لە كارەكتەرە سەرەكیەكانی  فرۆشتنی نەوتی عیراق بووە لە نەوەدەكان كاتی پرۆسەی "نەوت بەرانبەر خۆراك" بۆ ئەمەش بە گزی لە سەروو ئەوەی نەتەوە یەكگرتوەكان دایناوە نەوتی عیراقی فرۆشتوە و بە وە هاوكاری سەدام و رژێمەكەی كردووە، لەو رۆژگارەدا موچەی مانگانەی گەیشتوەتە 5000 پێنج هەزار دۆلار، جگە لە دەسكەوتی لابەلای تر.

لاخانی هەر لە عیراق نا، لە فەنزوێلاش كاری قاچاخ و فرۆشی نەوتی كردوە، لە كاتی سەرهەڵدانی داعشیشا ئەو نەوتی لە داعش كڕیوە و لە توركیاوە بەرەو دەرەوەی بردووە، وەك چۆن نەوتی كوردستانیشی بە توركیادا گەیاندوەتە ماڵتا و لەوێشەوە فرۆشتویەتی، بە قسەی ئاشتی هەورامی هاوڕێی لاخانی و دۆزەرەوەی لاخانی بۆ كاری ڕەش لە بواری فرۆشی نەوتدا، ئەوان ناچار بونە نەوتی خۆیان بە ئیسرائیل بفرۆشن، ئەوەش لە رێگەی لاخانیەوە، هەڵبەت پێشتریش نەوتی داعشی بە ئیسرائیل فرۆشتوە .

لاخانی لە گەڵ سەدام لە رێگەی كۆمپانیای گلۆیكۆرەوە نەوتی عیراقی بە دەرەوە فرۆشتوە و لەو رێگەیەوە بووە بە خاوەن دەیان ملیۆن دۆلار، سەیر ئەوەیە بەو پارەی دزی و ساختەیە هاوكاری و كاری خێرخوازی لە پاكستان كردووە، لە دوای سەرهەڵدانی داعش ئەو چاوی خستە سەر نەوتی كەركوك و كوردستان، هەرێمی كوردستانیش ئامێزیان بۆ كردەوە، قسەیەك هەیە كە گوایە هەندێ‌ جار موچەی مانگانەی لە نەوتی هەرێم تا یەك ملیۆن دۆلار رۆیشتوە، هەڵبەت ئەمە لە 2015و دواتر كاتێك كە موچە خۆرانی هەرێم چارەكە موچە یان هەر موچەیان وەرناگرت . 
كۆمپانیای ئای ئێم ئێم ئێسی لاخانی لە كوردستان لە گەڵ رۆز نەفت و ڤیتۆڵگروپ كاری كردوە و لەو رێگەیەوە پارەی خەیاڵی  كۆكردوەتەوە هەر لەو رێگەیەشەوە نەوتی هاڤانا و بای حەسەن و بابەگوڕگوڕی فرۆشتوە، كە بریتین لە بیرە نەوتەكانی كەركوك، مورتەزا لە مامەڵەكردن لەگەڵ بانكەكانیشدا لە گەڵ بانكی گوماناوی كار دەكات، یان رونتر كارەكانی گوماناوین و بانكەكان دەیخەنە ژێر پرسیارەوە، بۆ نمونە كێشەكانی لە گەڵ بانكی میدی لوبنانی كە تا ئێستا دەستی بەسەر بڕێكی زۆر پارەی لاخانی و حكومەتی هەرێمی كوردستانیشدا گرتوە، قسە لە سەر چەند ژمارەیەك دەكرێت لەوانە ملیارێك دۆلار، یان شتێ‌ كەمتر، لەوە هەروەها باسی 250 ملیۆن دۆلاری هەرێمیش دەكرێت.

كارەكانی لاخانی بە وتەی نوسەرێكی عەرەب بە ناوی عەلی سەلیم عومەر عەلی یەكێكە لە هۆیەكانی شەڕی توندی میدیای نێوان هەرێم و بەغدا و رێگریشە لە چارەسەر كردنی كێشەكان، نەك وەك خۆی وەك ئەو كارە نایاساییانەی كردویەتی، عەبادی كاتی خۆی دڵنیابووە لەوەی كوردستان لە رێگەی لاخانیەوە نەوت دەفرۆشێت بە ئیسرائیل، ئەمەش كێشەكەی قوڵتر كردوەتەوە، لاخانی گەورە بازرگانی نێودەوڵەتی ساختەكردنی نەوتەو دەستی لە دەیان كاری نایاساییدا هەیە .

هەڵبەت قسە كردن لەم ساختەكارە گەورەیەی نەوت پێویستی بە لێكۆڵینەوەو توێژینەوەی وردە، ئەوەی بۆمن جێی سەرسوڕمان بوو لاخانی بڕی یەك ملیۆن پاوەنی بۆ دەستەیەكی گەورەی پزیشك و كارمەندو نەخۆشخانە خەرج كردووە بۆ ئەوەی دوانەیەكی پێكەوە نوساوی پاكستانی لە یەكتر جیا بكاتەوە، ئەمە لە سەرو بەندی ئەو رۆژگارەدا كە پێشمەرگەیەك لەكەناڵەكانەوە دەگریا بۆ ئەوەی بینێرنە دەرەوە بۆ چارەسەری دوو مناڵە نەخۆشەكەی، دواتر حكومەت نا كۆمەكی خەڵكی خێرخواز ئەویان ناردە دەرەوە .