"سێكوچكەی تاریك" لە سۆشیاڵ میدیا

4 مانگ پێش ئێستا

فەیسبوك مالێك بۆ سایكۆپاتەكان
ئارام سەعید
بەشی دوەم
كەسێك روبەروو دەبینیت و مامەڵەی لەگەڵ دەكەیت هێشتا بەئەستەم رەنگە بروا بە قسەكانی بكەیت و متمانە دروست بێت، بەڵام بۆ پەیوەندیەك كە لەڕێگەی ئینتەرنیت و سۆشیال میدیاوە بێت چۆن لەرێگەی پۆستەكان و نوسینەكانیان لە فەیسبوك بیان ناسیت؟
هەربۆیە لێكۆڵەران ناچارن ئیتر كار لەسەر ئەوە بكەن هاوڕێكانی فەیسبوك چۆن لەرێگەی پۆستەكانیانەوە بناسیت. 

بەگویرەی لێكۆڵینەوەیەكی گۆڤاری Computers in Human Behavior لەساڵی ٢٠١٨ تاقیكردنەوە لەسەر ٦٧٢٤ كەس ئەنجام دراوە زۆربەی ئەوانەی بە سایكۆپات دەستنیشانكراون ئەوانە بوون كەزۆر حەز بە دەرخستنی پێداویستی و چێژەكانیان دەكەن، وەك بڵاوكردنەوەی وێنەی خواردنەكانیان بەبەردەوامی و تیركردنی ئارەزوەكانیان. 

چێژبینین یەكێكە لە رواڵەتە دیارەكانی سایكۆپاتەكان كە لە هەموو چێژەكاندا خۆی دەبینێتەوە و خواردن یەكێكە لەوانە. 
لە لێكۆڵینەوەكەی گۆڤارەكەدا نوسراوە بەكارهێنەرانی فەیسبوك ئەوانەی هەڵگری چەند سیفەتێكی تاریكن چەند تایبەتمەندیەكی زمانەوانیان هەیە دەتوانرێت لەرێگەیەوە دەستنیشان بكرێن، چونكە لەراستیدا مەرج نیە هاوڕێكانی فەیسبوك ئەو كەسانە بن كە لەواقیعدا دەیانبینیت بەڵكو تەنها لەرێگەی ئینتەرنیتەوە دەیانناسین و رەنگە تیایاندا بێت لەوانە بن كە خۆیان دەنێنەوە بۆ هاوڕێكانیان یان ئەوانە بن كەحەزیان بە شەڕفرۆشتنە و ئەوانەش لەوكەسانەن كە ناونراون " سێكوچكەی تاریك" كەئەوانیش بریتین لە ماكیاڤیلیست، نەرجسی، سایكۆپات. 

رەنگە كەسمان توشی شۆك نەبین كاتێك زاناكان ئەوە دەسەلمێنن كە ئەوانەی پۆست و كۆمێنتی پڕ لە رق بڵاودەكەنەوە و خەڵك توڕە دەكەن بەدەستی ئانقەست لەریگەی سۆشیاڵ میدیاوە ئەوكەسانەن كە مەیلی سایكۆپاتیان هەیە. 

ئیرین بوكلیز لە زانكۆی مانیتوبا لەلێكۆڵینەوەیەكدا بۆئەو رەفتارانە گەڕاوە كە هەیانە و خەریكی تەنگ پێهەڵچنین و بڵاوكردنەوەی گرتەی سێكسی، تورەكردنی ئەوانی ترن و زۆر حەز بەباسی سێكسی دەكەن وناویان دەنێت عەقڵ تاریكەكان كە ئەو رەفتارانە لە سایكۆپاتەكاندا هەن. 

ناتوانین بڵێین هەموو ئەوانەی پۆستی سیاسی بڵاودەكەنەوە لەسەر فەیسبوك سایكۆپاتن، چونكە ئەوكات زۆربەی كۆمەڵگە دەگرێتەوە، بەڵام بەگوێرەی لێكۆڵینەوەیەكی زانستی گرنگیدانی زۆر و ئالودەبوون بە سیاسەتەوە لە سیفەتەكانی كەسی سایكۆپات دا هەیە چونكە بەگشتی ئەوان حەزیان لە دەسەڵات و ناكۆكی و هێز هەیە و ئەوەش لە سیاسەتدا دەدۆزنەوە و سەرنجیان رادەكێشێت، واتە كەسی سایكۆپات لەسۆشیاڵ میدیادا حەز بەسیاسەتكردن دەكات چونكە ژینگەیەكی گونجاوە بۆ دوژمنایەتی و بەكارهێنانی هێز لەرێگەی ئینتەرنێتەوە، هەندێك لە سیاسیەكان ئەو رواڵەتەیان تێدا دەبینرێت و ژمارەیەكی زۆر لە سیاسیەكان سایكۆپاتن و لەكردەوەكانیاندا خولیاو ئارەزوەكانیان بۆ دەسەلات و هێز دەردەكەوێت، هەندێكی تریان دیمەنی تراژیدی وپاڕانەوە و گریان نیشان دەدەن و دەیانەوێت گردبونەوەی بۆ بكەن گرژی ئاڵۆزی بنێنەوە كە چێژی لێ دەبینن، لەمجۆرە گرتە ڤیدۆییانە و زمانی پاڕانەوەو جوڵاندنی هەست و سۆزی خەڵك لە فەیسبوك و ئەنستاگرام زۆردەبینریت لە كوردستاندا. 
لەئاكامدا بەشێكی تێركردنی ئارەزووی سایكۆپاتێكە نەك خزمەتكردنی قوربانیەكە، بێگومان بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵاتیشە كە ئارەزویان تێردەكات. 

ئایا ئەتوانین سایكۆپاتێك لەسەر فەیسبوك بدۆزینەوە؟ 
رەنگە ئەمە پرسیارێكی قورس بێت بۆ وەڵامدانەوە چونكە بەگویرەی لێكۆڵینەوەكان سایكۆپاتەكان لەسەر فەیسبوك خۆیان بەشیوەیەكی تر نیشان دەدەن لەوەی كە هەن و جگە لەوەی ژمارەیەكیشیان ئەوانەن كە ئەكاونتیان نیە نایانەویت لەسۆشیاڵ میدیا بناسرین. 
رەنگە دۆزینەوەی كەسی نەرجسی ئاسانتر بێت بەوەی زۆر حەز بەخۆدەرخستن و وێنەكانی خۆی دەدات و پێویستیەكی زۆری بە فەیسبوكە بەڵام بۆ سایكۆپات و ماكییاڤیلیستەكان جیاوازە. 
سایكۆپات هەمیشە فەیسبوك بەشێوەی جیاواز بەكاردەهێنن و بۆ ئامانجی جیاوازبۆ نمونە هەر ئەكاونتێك یان پەیجێك دەیكەنەوە ئامانجێكی جیاوازیان هەیە لەوی تر و هەریەكەیان بەكاردەهێنن بۆ مەرامێكی جیاواز لەشەرفرۆشتن و خۆمەڵاس دان بۆ ئەوانی تر، لەجیاتی ئەوەی زانیاری لەسەر خۆیان وكەسایەتیان بڵاوبكەنەوە زیاتر سەرقاڵی بڵاوكردنەوەی زانیاری ئەوانی تر و روداوەكان باس دەكەن بەڵام بەكورتی و كارێك دەكەن هەمیشە داوای رونكردنەوەیان لێ بكەیت و بكەویتە تەڵەكەیانەوە. 

بەگویرەی لێكۆڵینەوەیەك كەرۆژنامەی Der Taggspiegel ئەڵمانی بڵاوی كردۆتەوە و وەك ئەوەی بەردێك هەڵبداتە گۆمێكەوە وئاوەكە بشڵەقێنێت نوسیویەتی" ئەوانەی تاوانی گەورەیان ئەنجام داوە لەسەر فەیسبوك هەژماریان نیە و لاپەرە و ئەكاونتیان نیە تێیدا" كە نمونەی تەقەكەرەكەی دێنڤەری هێناوەتەوە كە كە ١٢ كەسی كوشت و ٥٩ كەسی بریندار كرد،یان ئەو ئەندریس بریڤیكی نەرویژی كە هێرشی تیرۆریستی ئەنجامدا هەروەها محمەد میرای فەرەنسی كە ٧ كەسی كوشت و ٦ كەسی بریندار كرد، هیچ كام لەمانە فەیسبوكیان نەبوو، هەر بەگویرەی ئەو لێكۆڵینەوەیە بەشی سەرچاوە مرۆییەكانی هەر دامەزراوەیەك كاتێك كەسێك دەیەویت كارێك بدۆزیتەوەو سیڤی پێشكەش دەكات نیگەران دەبن لەوەی كاتێك دەبینن كە كەسەكە لەسەر فەیسبوك یان هەر سۆشیاڵ میدیایەكی تر ئەژماری نیە...چونكە پێیان وایە یان شتێكی هەیە دەیشارێتەوە یان لەبەر هۆكاریكی یاسایی لە فەیسبوك سڕاوەتەوە! ئەوەش مایەی نیگەرانیە.