هــاوڕێکانت لە نزیک خۆت دابنێ، بەڵام دوژمنەکانت نزیکتر

2 مانگ پێش ئێستا

(ئــەو کــەسەی جــانتا ھــەڵبگرێت، لــەو کــەسە پــارە زیـاتر دەدزێت کــە چـــەکی ھــەڵگرتووە.)
دۆن ڤــیتۆ کـۆرلـیۆنی 
(هــاوڕێکانت لە نزیک خۆت دابنێ، بەڵام دوژمنەکانت نزیکتر.)
دۆن ڤـیتۆ کــۆرلیۆنی
«قۆناغی سێهەم – سەردەمی زێڕینی باوکە ڕۆحییەکە و تاوەکو سەردەمی دەرکەوتنی دۆن مایکڵ کۆرلیۆنی...»
سـەبارەت بـە باسکردنی کارەکتەری باوکە ڕۆحییەکە، ئێمە بە ھیچ جۆرێک نەچووینەوە ناو ژیانی تایبەتی گـادەفازە وەک کارەکتەرێکی ناو (ڕۆمان و چیرۆکەکان) بەڵکو زیاتر وەک بینەرێک و تەماشاکارێک ڕۆچووینە ناو کارەکتەرێکی  سینەماییەوە کـە ڕۆڵی لە سەر شاشە سینەماییەکان نیشانداین.
باوكە ڕۆحییەکە، ئیمـپراتۆرە مافیاییە بەهێزەکەی بێ بوونی رکابەرییەکی بەھێزتر لە خۆی دامەزراند، واتا بڕیادەری گۆرەپانەکە خۆی و کلەمێنزا و تـسیۆی ھەردوو هاوڕێی کۆن و سۆنی کورە گەورەیی و تۆم هەیگنی زڕ کوڕ و راوێژگاری یاسایی و چەند کەسێکی دیکە بوون کە پێکەوە سەرقاڵی بەڕێوەبردنی کارە بازرگانییەکانی خانەوادەی کۆرلیۆنیەکان بوون.
باوکە ڕۆحییەکە، ئێستا بۆتە کەسێكی کامڵ لە گشت روویەکەوە، خـاوەن کەسایەتییەکی جێگیر و بەهێز، یەکەم دەستڕۆیشتووی نیویۆرک، سەرەکترین سەرۆک خانەوادەی پێنج خانەوادە مافیاییەکەی نیویۆرک، وەک ھەموان دەڵێن:" گوایە کاربەدەستانی حکومەتی لە گیرفانیدا داناوە!"
حکومەت و دەسەلاتیش متمانەی تەواویان پێکرد بوو، ئەمەش غیرە و دوژمنایەتی زیاتری بۆ دروستکردبوو لە لایەن نەیارە مافیاییەکانەوە، بەتایبەت خانەوادەی تاتالییەکان کە بەهەر جۆر و نرخێک بوایە دەیانویست بۆشاییەک، ھەلەیەک بدۆزنەوە  و شوێن بە هێز و قودرەتی خانەوادەی کۆرلیۆنییەکان لاواز بکەن. ئەمانە وای لە دۆن ڤیتۆ کۆرلیۆنی کردبوو بۆ هەر کارێک، شتێک، بە هەنگاوی ورد و زیرەکانەوە و پاشان بەئاگاییەوە جوان بڕوانێتە هەڵوێستی یار و نەیارەکانی، تەنانەت مشکی خانەوادەی بەوپەری بە هێزییەوە گرتبوو، هەمیشە جەختی دەکردەوە لەوەی هیچ کارێک بەهەڵەشەیی و بێپرسی ئەو ئەنجام نەدەن. باوکە ڕۆحییەکە کوڕەکانی و ھەروەھا کچە تاقانەکەشی  گەیشتبوونە قۆناغی پێگەیشتنی تا رادەیەک کامڵبوون، بەڵام هەرکام لەوانە خاوەنی بیرکردنەوەی تایبەت بەخۆیان بوون، تەنانەت  لە زۆر رووەوە دووربوون لە ئاکاری یەکترییەوە، بە خودی باوکیشیانەوە، ئەمەش وایکردبوو ڕوانین و بینین گادفازە بۆ منداڵەکانی زۆر جودا و جیاوز بێت لە ھەمانکاتدا گومانی ھەبێت. 
بۆ نمونە ئێمە لە سیفاتی (سۆنی) کورە گەورەی باوکە ڕۆحییەکەوە دەستپێدەکەین؛ کەسێکی سەرکەش و هەڵچوو و تورە، ئازا و دڵرەق و بێ بەزەیی، تاکە سیفاتی خراپیشی خیانەتکاری بوو، بەتایبەت لە بابەتی ژندا، چونکە جگە لە ژنەکەی، بە نهێنی خۆشەویستێکی تری هەبوو لەگەل کچێک بە ناوی(لوسی مانسینی) کە داواتر مندالێکی ناشەرعی لێبوو بە ناوی (فینسینت کۆرلیۆنی) و (سێهەم دۆن)ی خانەوادەی کۆرلیۆنییەکان بوو.
باوکە ڕۆحیەکە، لە منداڵییەوە هەستی بەسەرکەشی و دڵرەقی و سەرشێتی سۆنی کوڕە گەورەی کردبوو، بەڵام لە ھەمانکاتدا دەیزانی کەسێکی ئازا و دڵسۆزە، بەڵام دۆن ڤیتۆ نەیدەوێرا هەندێک بڕیاری یەکلاکەرەوەی خانەوادەکەی بداتە دەست، چونکە لە سەرەتاوە دەیزانی کارەساتی ناجۆر و نابەجێ دەخوڵقێنێت، لە ھەمووی خراپتر خاڵی لاوازی سۆنی دەزانی کە کچ و ژن بوو لە رووی لەشکرینەوە، بۆیە ئەمە یەکێک بوو لەو خاڵە سەرەکییەکانی کە دۆن ڤیتۆ گومانی تەواوی لەوە هەبوو ببێتە جێگرەوەی خۆی، واتا دەیزانی ئەو کاریزاماییە نیە، تەنانەت جارێکیان سۆنی دانیشاند و ئامۆژگاریکرد بەوەی ببێتە ڕاوێژکاری یاسایی و دارایی خانەوادەکەی، بەڵام ئەو بە زووی رەتیکردووە و وتی: "دەمەوێت هاوشێوەی تۆ بم!" دۆن ڤیتۆش پێی وت؛" ئـەو کەسەی جانتا ھەڵبگرێت، لەوە پارە زیاتر دەدزێت کـە چــەک ھەڵدەگرێت!" ھەرچەندە سۆنی لەم ئامۆژگارییەی باوکی نەگەیشت، بۆیە لەسەر بابەتەکە  زۆر نەرۆیشتن و بابەتەکەی دانا بۆ ڕۆژگاری داهاتووی خـۆی.
کوڕی دووەمی ناوی (فرێدۆ) بوو، کەسێکی دەستوپێ سپی بوو، گێژ و گەمژە بوو، کەمێک لە لایەن باوکییەوە نادیدە گیرابوو، چونکە خاوەن کەسایەییەکی لاواز بوو، تەنها سەرقاڵ کرابوو بەکاری بازرگانی و بەڕێوەبردنی ھەندیك باڕ و هۆتێل و بازرگانیکردن بە ژنانی تیاتڕۆخانەکانەوە، هەروەها سەرپەرشتیاریکردنی هەندێک لە قومارخانەکانی دەکرد کە داهاتەکەی بۆ خانەوادەی کۆرلیۆنییەکان بوو، بۆیە باوکی هیچکات پشتی بەم کوڕەی نەدەبەست، بە تایبەت بۆ ڕووبەرووبوونەوەی جەنگ و شەری نێوان مافیاکان، گادافازە تەواو لەوە دڵنیا بوو گەر نەیارەکانی لە دۆخێکدا درکی لاوازی گەوجی و گەمژەیی ئەم کورە لاوازەی بکەن ئەوا دوور نیە بە زوویی لە رێی فرێدۆوە زەفەر  و فرسەت بە درزبردنی خانەوادەکەیان ببەن.
کوڕی سێهەمی ناوی (مایکڵ) بوو، گادفازە لە منداڵییەوە مایکڵی خۆشدەویست، زۆر هۆگری ببوو، هەرچەندە لە گەورەبوونیدا مایکڵ دوور لە باوکی و لە شوێنێکی تر دەژیا، ئەمەش رەنگە پلانی گادفازە خۆی بووبێت تاوەکو ئەم کورەی بەهیچ شێوەیەک لە جیهانی تاوانی و تاریکی مافیا و کوشتن تێوەنەگلێت، گادەفازە ئارەزوی بوو مایکڵ ببێتە یاساناس و پارێزەر تاوەکو کارە یاساییەکانی خانەوادەکەی بگرێتە ئەستۆ، بەڵام مایکڵ دڵی باوکی شکاند بوو، ئەو نەک ئەو کارەی نەکرد، بەڵکو لەعنەتی لە ژیانی خانەوادەکەی کردبوو، جۆرێک لە بێ بەریبوونی لە بەرانبەر خێزانەکەی ھەبوو و بە سەرچاوەی  فەسادی  و ترس و تۆقاندن و کوشتن و بازرگانی نارەوای لە قەلەم دابوو، کورت و پوخت بە هەموو شێوەیەک دژ بە کارەکانی خانەوادەکەی بوو، بەڵام باوکە رۆحییەکە درکی ئەمەی کرد بوو، بەڵام یەکەم بە ھۆکاری خۆشویستنی زۆری بۆ کورەکەی و پاشان بە هۆی تێکەڵنەبوون بەکاروباری تاوان و کوشتنەوە، ئەوەی لێیقبوڵکردبوو، چونکە مایکل خەونی بە جیهانی نوێی ئەمریکاوە دەبینی کە جیھانی دیموکراسی بوو، پشەی سەربازی مارێنزی هێزی دەریایی ئەمریکای ھەلبژاردبوو، واتا دوور لە هەموو بەرکەوتەکانی خانەوادەەکی دەژیا. چوارم منداڵی گادفازە کچ بوو، ناوی (کۆنی) بوو، کۆنی کچە تاقانەکەی گادفازە بوو، تارادەیەکی زۆر لە سەرەتای ژیانیدا هەڵگری سیفاتی سۆنی برا گەورەی بوو، واتا؛ لاسار و سەرشێت و لاموبالات و بێگوێ بوو، گادفازە، دەیوست کۆنی سەرقالی بکات بە بابەتی زەواجکردن و پاشان مندالخستنەوە، ھەربۆیە کچەکەی دا بە کورێکی هاورێی نزیکی سۆنی، چونکە دەیوست لەم ڕێگەیەوە سەرقاڵی بکات بە کارێکەوە دوور لە زانینی کارووباری خێزانەکەی. 
گادفازەلە دەرەوەی منداڵە فەرمییەکانیدا، خاوەنی دوو منداڵی تر بوو، بەڵام بە شێوازی لە (بری بەخێوکردن- تەبەنی– هەڵگرتنەوە – لەخۆگرتن)، یەکیان تۆم هەیگنی راوێژکار و یاسایی خانەوادەکەی بوو، لەھەمانکاتدا هاوڕێی سەردەمی منداڵی سۆنی بوو، ئەوەی دیکەیان جۆنی فۆنتانای گۆرانیبێژی بەناوبانگ بوو. 
گادفازە مامەڵە و رەفتاری لەگەل منداڵەکانیدا زۆر جیاواز و زیرەکانە و دیبلۆماسیانە بوو، بە پێی ئەقڵی مندالەکانی دەجوڵایەوە، چونکە بە باشی لایەنی دەروونی ئەوان شارەزا بوو، بەلام کاریگەرییەکی زۆر بەھێزی لەسەر رەفتاری ھەموان دروستکرد بوو، وە ھەموویانی فێرکردبوو:"خانەوادە گرنگترین پایەیی مانەوەیانە بە بەھێزی". ھەمیشە پێیدەوتن؛ "نابێت نھێنی خانەوادە بە ھیچ شێوەیەک ببەنە دەرەوە، دەبێت ئەم بابەتە ھێڵی سوور بێت، چونکە ھەرکەس بەنھێنی بە خێزانەکەت بزانێت، لەداھاتوویەکی نزیک و دووردا کار لەسەر نەمان و لاوازبوونتان دەکات." ھەموانی لە سەر ئەو ڕێچکەیە فێرکردبوو، بۆیە کێشە و بابەتی پەیوەست بە خێزان، تەنها پەیوەستە بە خێزانەوە و هیچی دیکە.
لەم قۆناغەدا، کاریزمایی رەفتارەکانی گادفازە گەیشتبووە لوتکەیی دانایی، زۆرحەکیمانە مامەڵەی لەگەل یار و نەیاردا دەکرد، هەموان سەرسام ببوون بە رەفتارەکانی، یەکجار قسەی لە سەر شتەکان و بابەتەکان دەکرد، وە بە دێری (ئا، یاخود نەء ..) بابەتەکانی یەکلادەکردنەوە! یار و نەیار حسابی تەواویان بۆ دەکرد. 
گادفازە شێوازی دانیشتن و قسەکردن و ئاماژە و جوڵەی دەست و دەمووچاوی و سەری تایبەت بە خۆی هەبوو، چونکە هەمووی دەربرین بوو، وە کەسی بەرانبەر زۆر زوو درکیان دەکرد، قسەکانی کورت و پوخت و کاریگەر بوون، دوژمنەکانی بە ئاسانی کارت دەستی ئەویان بۆ نەدەخوێندرایەوە! هیچکات راستەوخۆ هەرەشەی لە کەس نەدەکرد، وە بە نەرمی و ساردیی و ھێواشی  هەرەشەی لە نەیارەکانی دەکرد، زۆجار تۆڵەی لە کاتی ساتی خۆیدا دەکردەوە زۆرکاتیش نا و تەنانەت بروای وابوو: "تۆڵە کردنەوە دەکرێت ھاوشێوەی خواردنێکی سارد پێشکەش بکرێت!"واتا؛ هەلی تۆڵکەردنەوەی درەنگوەخت چێژی خۆی ھەیە، هەمیشە بۆ ئەوەی دوورە پەرێز بێت لە هەرەشەی کوشتنی راستەوخۆ هەلی یەکەمی دەدا بە بەرانبەر، بەڵام گەر دواتر ئەنجامی نەبوایە ئەوا بە میتۆدی"ئۆفەرێکی وەهای پێشکەش دەکەم کە نەتوانێت ڕەتی بکاتەوە" کاریدەکرد. 
خەڵکانێکی زۆر، لەسەرجەم چین و توێژەکان لە کاتی لێقەومان و غەدرلێکردنیاندا هانایان بۆ بۆ باوکە ڕۆحییەکە دەبرد، گادفازە، ئارەزووییەکی تایبەتی ھەبوو حەزی لێبوو رێزی لێ بنێن لەبەرانبەر ھاوکارییەکان و سوپاسی بکەن، نۆیە داوای هاوکاریت لێدەکرد، دواتر ئەویش داوای کاری لە تۆ دەکردەوە. 
زمەنێک هەموو شتێک ئارام و لەسەرخۆ و ئاسایی بوو، دۆخەکە دوور بوو لە ڕوودانی هەر کێشە و ناخۆشییەک، شتەکان ئاسایی دەچوونە پێشەوە، بەڵام لە ناکاو شتێک، رووداوێک ھاتەپێشەوە کە دەکرێت بە خاڵی قڵپـبوونەوە و گۆرانکاری لە دەسەڵاتی خانەوادەی کۆرلیۆنییەکان دابنرێت. رۆژێکیان لە ڕێی (تۆم هەیگن)ەوە باوکە ڕۆحییەکە ئاگادارکرایەوە بەوەی (سۆلۆزۆ)ی ناسراو بە توورکەکە، کە یەکێک بوو لە مافیا ترسناکە چەقۆکێش و پیاوکوژە ترسناکەکان، داوای بینین و دیداری (دۆن ڤیتۆ)ی کردووە ئەوەش بە مەبەستی دەستپێكی کارێكی بازرگانی! 
باوکە رۆحییەکە هەرزوو لە مەرامی توورکەکە گەیشت و بۆنی مەرام و پلانێکی گڵاوی خانەوادەی تاتالیی و بارزینیەکانی کرد، بەڵام سەرەرای دوودڵی لە دیدارەکە، دواجار گادافازە رەزامەندی نیشاندا كە سۆلۆزۆ ببینێت. 
سۆلۆزۆ، هاتە خزمەت گادفازە، سەرەتا بە قسەکردن و وەسفکردنی گادفازە دەستپێکرد و باوکە رۆحییەکەی بە کەسێکی مەزن و بەڵێندەر وەسفکرد چونکە سۆلۆزۆ لەوە دڵنیا بوو کە بە ئاسانی دەتوانێت کاربەدەستانی دەوڵەت رازی بکات بە هەرکارێک کە گادفازە ڕای لەسەری بێت، گوایە حکومەت بە پەنجەکانی دەستی هەڵدەسوورێنێت!گادفازە وتی: داواکاری تۆ چیە؟
سۆلۆزۆ وتی: دەمەوێت بە هاوبەشی بە سوودی زیاتری ئێوە وەک پشکێکی چەور، بازرگانی ماددە هۆشبەرەکان دەستپێبکەین؟ 
لەوێدا وەک ھەنیشە جوڵە و زمانی ئاماژەی  بەهێزی گادفازە دەرکەوت، گەرچی گادفازە سەرۆک مافیا بوو، تاوانکار بوو، خاوەن باڕ و قومارخانە و تیاترۆخانەکان بوو، بەڵام بە رەهایی دژی کاری بازرگانیکردن بوو بە ماددەی هۆشبەر! چونکە بە بیری باوکە رۆحییەکە "ترسناکترین جۆری بازرگانی لە جیهاندا مادە هۆشبەرەکانە کە داهاتووی لاوەکان لە ناودەبات."بەلام سۆلۆزۆ رایەکی قێزەوەنی ھەبوو لە وەلامدا وتی: "بازرگانی و پارە بۆ ئێمە گرنگترە، لاوەکان بە ئێمە چی! ئەوەش بزانن داهاتووی پارە و سامان لە بازرگانی مادەی ھۆشبەر و تریاکدایە." پاش وەلامەکەی سۆلۆزۆ؛ هەموان تەماشایی گادفازەکان دەکرد تاوەکو قسەکەی دەمی وەربگرن! بەڵام پێش وەلامدانەوە شتیک ڕوویدا ئەوەش تەداخوولکردنی سۆنی کورە گەورەکەی بوو! کاتێک وتی؛ باوکە راست دەکات ئەوە بۆ ئێمە زۆر باشە!
لەوێدا باوکە ڕۆحییەکە جگە لەوەی سۆنی کوڕی بێدەنگ کرد و ئەوجا وتی: "بەداخەوە رۆژگار گۆراوە، منداڵەکان لە ئامادەیی باوکیاندا لە بری من وەلام دەدەنەوە!" 
بەڵام بەپێچەوانەوە سۆلۆزۆ، زۆر زیرەکانە هەلەکەی قۆستەوە، چونکە خاڵی لاوازی خانەوادەکەی دۆزییەوە کە سۆنی کورە گەورەیان بوو! 
بۆیە هەر لەوێدا گادفازە بە جۆرێک رەفتاری نامۆ و بێڕێزی و نەخوێندنەوە بۆ پێگەی سۆلۆزۆ بەرەهایی ئەو کارە قێزەوەنەی رەتکردەوە! 
بەڵام ئایا پاشتر چی ڕوودەدات..
بەردەوامە ئەم نووسینە ..
شـــادمان محـەمـەد