عوسمانی حاجی مەحمود لە تاقیكردنەوەیەكی قورسدا؟

2 مانگ پێش ئێستا

دییە عەلی
عوسمانی حاجی مەحمود كەزیاتر لەناو خەڵكدا واناوی ڕۆشتووە كەپیاوێكی دەستپاك و داوێن پاكە، لەگەڵ ئەوەشدا كەم نین ئەو رەخنانە لەبارەی دامەزراندنی كەسوكارەكەی لەسلكی سەربازی و بەپلەی بەرز دایمەزراندوون لێی دەگیرێن. 

عوسمانی حاجی مەحمود پیاوێكی خۆڕاگر و شۆڕشگێڕێكی نەبەز بووە، داستانی خۆڕاگری زۆرە، بەڵام لەسیاسەت و ململانێی سیاسیدا نەفەسی كورتە و لەدنیای پڕململانێی سیاسەت لەكوردستاندا زەحمەتە دەرەقەت بێت. 

نەوەی ئێمە زیاتر لەناو گۆڕاندا ناسیومانە، هەرچەندە بێئاگانیم لەوەی كەكاتی خۆشی یەكێ بووە لەوانەی لەمەكتەب سیاسیدا بەپێچەوانەی زۆرێك لەهاوڕێكانی ڕووبەڕووی مام جەلال بووەتەوە و چەندینجار رەخنەی توند و جدی لەمام جەلال گرتووە. 

عوسمانی حاجی مەحمود لەسەردەمی گۆڕاندا چەندجارێك نیگەران بووە لەنەوشیروان مستەفای رەحمەتی و گردەكەی جێهێشتووە، بەڵام هیچكات ڕێگای نەداوە هاوڕێكانی یان كەسانێك كەسەردانیان كردووە بەخراپ باسی نەوشیروان مستەفا بكەن و سوكایەتی پێبكەن، ئەم نەریتەی پێچەوانەی ململانێی سیاسییەكانی كوردستانە، ئەمەش بۆ ئەخلاقی بەرزی سیاسی ئەو زاتە دەگەڕێتەوە. 

لەماوەی پێشودا دوای ئەوەی زۆرترین دەنگی لەخانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان هێنا، بەڵام بەخواستی خۆیی و لەبەر جیاوازی بیروبۆچوون و كاركردن لەحزبدا وازی لەگۆڕان هێنا و لەماڵەوە دانیشتووە، ئەگەر رەخنەیەكیشی هەبوبێ لەفۆڕمی گلەیدا لای دەوروبەرەكەی باسیكردووە و نەیگەیاندووە بەمیدیا و سۆشیاڵ میدیا، هەرئەوەش بوو وایكردووە لەدوای شكستی گۆڕان لەهەلبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا، یەكەم كەس چیای نەوشیروان مستەفا هانای بۆبرد، عوسمانی حاجی مەحمود بوو، بەڵام مەرجەكانی قورس بوون بەنیسبەت چیاوە، بۆیە بەبێدەنگی كشانەوە لەگفتوگۆكردن لەگەڵی، ئەگەرچی عوسمانی حاجی مەحمود وەك دەرمان بۆ دەردی گۆڕان پێویست بوو. 

عوسمانی حاجی مەحمود هاوشانی قادری حاجی عەلی رەحمەتی بەم دوواییە بیریان لەپرۆژەیەكی سیاسی كردبووە لەفۆڕمی حزبدا، بەڵام قادری حاجی عەلی بەزووی ژیانئاوایكرد و ئەم ئەركە سەختەی بۆ عوسمانی حاجی مەحمود بەجێهێشت.

عوسمانی حاجی مەحمود لەلای دەوروبەرەكەی واناسراوە بەجۆرێ نیگەران بوو لەسیاسەتكردن و ململانێی سیاسی لەكوردستاندا، زەحمەتە جارێكی تر بێتەوە ناو سیاسەت و بیەوێت ڕابەرایەتی ڕەوتێكی سیاسی بكات، بەڵام پێناچێ دەوروبەرەكەی وازی لێبهێنن و دوورنییە لەژێر كاریگەری ئەواندا بچێتە ژێرباری دروستكردنی حزبەوە. 

لەماوەی سێ رۆژدا لەخۆپیشاندانەكانی خوێندكاران دوو بەیاننامەی دەركردووە، هەرچەندە عوسمانی حاجی مەحمود لەگەڵ ئەو جۆرە لەسیاسەتكردندا نییە، چونكە باش دەزانێ سیاسەتی پۆپۆلیستی چۆن قوڕیكرد بەسەر ماڵی گۆڕاندا ئاواش قوڕ دەكات بەسەر ئەواندا، بەڵام وادیارە دەوروبەرەكەی وازی لێناهێنن. 

بەڵگەی روون و ئاشكراش ئەوەیە سێ مانگە ئەم گروپە لەگفتوگۆدان، بەڵام هێشتا نەگەیشتوون بەوەی كەی و چۆن پرۆژە سیاسییەكەیان مانیفێست بكەن. 

هەرچەندە دروستكردنی حزب كارێكی قورس نییە، بەڵام ئیدارەدان و بەردەوامی كارە قورسەكەیە، بۆیە وای نابینم، هەتا ئەگەر حزبیش دروست بكەن، زەحمەتە جارێكی تر بگەنەوە بەو ئاستەی گۆڕان كەخاوەنی 25 كورسی پەرلەمانی بوو، یان بتوانن وەك گۆڕان بۆ چەند ساڵێك ببنە مەترسی لەسەر لەسەر پارتی و یەكێتی، ئەوەش دەبێ مەهام و موهیمەی حزبی نوێبێ، بۆیە عوسمانی حاجی مەحمود لەم رۆژە دەترسێ و ڕاڕایە و نایەوێ خۆی لەو تاقیكردنەوە قورسە بدات.