چارەسەری پلازما (PRP) چیە؟

2 مانگ پێش ئێستا

‎د. لەرین عوسمان
سەرەتا بزانین PRP كورتكراوەی چیە؟
Platelet Rich Plasma
‎واتە پلازمای دەوڵەمەند بە پەڕەكانی خوێن.
‎پلازما( PRP ):-بریتیە لە بەكارهێنانی پلازمای دەولەمەند بە پەڕەكانی خوێن كە لە خوێندایە، بۆهاندانی گەشەی شانە و خانەكانی پێست، ئەمەش وادەكات پێست نوێبێتەوە و رونتر و گەنجتر دەربكەوێت.
‎خوێــــــن ( Blood ) :- پێكدێ لەخرۆكەی سپی، خرۆكەی سور، پلازما، پەڕەكانی خوێن ... بۆ ئەم چارەسەرە ئێمە خوێنی نەخۆشەكە وەرئەگرین و ئەیكەینە تیوبێكی تایبەتی كە مادەی دژەمەین و فاكتەری گەشەی تێدایە، پاشان ئەخرێتە نێو ئامێری سێنتێرفیوج بۆ ماوەی ٨ بۆ ١٠ خولەك بە مەبەستی جیاكردنەوەی خانەكانی خوێن و پلازما و پەڕەكانی خوێن، پاش سڕكردنی روخسار بە كرێمێكی تایبەت، پلازمای دەولەمەند بە پەڕەكانی خوێن لە ڕێی سرنجی ئینسۆلین و ئامێری دێرما پێن-Dermapen، ئەدرێتەوە لە پێست ئەمەش هانی گەشەی كۆلاجین و نوێبونەوەی خانەكانی پێستی روخسار ئەدات.
‎لەبەر ئەوەی چارەسەری پلازما بەكارهێنانەوەی خوێنی سروشتی خۆتە، بێ زیان ومەترسیە ... مرۆڤ كاتێ ئەگاتە تەمەنی ٣٠ ساڵی پێستی روخساری ماندوو دەبێ و تێكدەچێت، لە رێی چارەسەری پلازماوە ئەتوانرێ تا ئاستێك رەنگی پێست یەك بخرێتەوە و روخسارتوندببێتەوە.
‎🔴 پلازما بۆچی مەبەستێك بەكاردێت ؟
‎جوانكاری پێستی روخسار: ئاسەواری زیپكە و سوتاوی .. پەڵە و كونیلەكانی سەر پێست .. هەروەها بۆ چارەسەری هەلوەرینی موو و بەهێزكردنەوەی بەكاردێت هتد.......
‎ئەوەش كە چارەسەر بە بۆتۆكس و فیلەر لەگەڵ پلازما جیا دەكاتەوە ئەوەیە ڕاستەوخۆ دوای بەكارهێنانی فیلەر بۆ بۆڵدكردنی لێو یا پركردنەوەی خەت و چالی روخسار، مرۆڤ هەست بە گۆڕانكاری دەكات، یان چەند ڕۆژێك دوای بەكارهێنانی بۆتۆكسەكە هەست بە گۆڕانكاری دەكات .. بەڵام پلازما پێویستی بە كات هەیە بۆ ئەوەی ئەنجامەكانی دەربكەوێت و پێویستە لە ماوەی یەك ساڵدا وەكو مانەوەی چارەسەر Maintenance therapy دوو جار پلازما بۆ پێست بكرێت و دەتوانرێت ئەم چارەسەرە بۆ پیاوان و خانمان بەكاربهێنرێت .
‎ئەنجامی كۆتایی لە دوای (٤-٥) مانگ دەردەكەوێت و بە تێپەڕینی كات زیاتر دەبێت. بۆ دەستكەوتنی ئەنجامێكی باش پێویستە (٣) جار ئەم چارەسەرە دووبارەبكرێتەوە، ماوەی نێوان جەلسەكان ٣ بۆ ٤ هەفتەیە، بەلام بۆ هەلوەرینی موو نزكەی ٦ جاری پێیوستە و ماوەی نێوانیان ٤ هەفتەیە.

پرۆفایل:
دكتۆرە لەرین عوسمان
پسپۆر لە نە خۆشیە كانی پێست و جوانكاری (لەندن – بەریتانیا) .