ئۆپۆزسیۆنی توركیا دەسەڵاتی 19 ساڵەی ئەردۆغان بە كۆتا دەهێنن

1 مانگ پێش ئێستا

كارزان گلی
رۆژنامەی نیۆڕك تایمز، لە راپۆرتێكی شیكاریدا، باس لە كۆتایی هاتنی دەسەڵاتی رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا دەكات، كە ئۆپۆزسیۆنی توركیا زۆر بە بەرنامە و یەكگرتوویی كار دەكەن تا دەسەڵاتی 19ساڵەی ئەردۆغان لە توركیا بە كۆتا بهێنن.
لە راپۆرتەكەدا هاتووە،  شەش پارتی سیاسی توركیا یەكیان گرتووە، تا سیستەمی سیاسی توركیا لە كۆمارییەوە بۆ پەرلەمانی بگۆڕن، هەروەها حكوومەت ناچار دەكەن تا بەرەو هەڵبژاردنی پێشوەختە بچن، بەمەش دەسەڵاتی ئەردۆغان بە كۆتا دەهێنن.
هەروەها باسی لەو یەكگرتوویی و كاركردنە بە بەرنامەیەی ئۆپۆزسیۆنی توركیای كردووە، كە پلانیان هەیە، لە ریفڕاندۆمێكدا سیستەم بكەنەوە بە پەرلەمانی و لە هەڵبژاردنیشدا لەناو پەرلەمانی توركیا ببن بە زۆرینە.
رۆژنامەی ناوبراو، نموونە بە وڵاتی چیك دەهێنێتەوە، كە لە دوا هەڵبژاردنیاندا، دەنگدەرێكی زۆر بەشداری هەڵبژاردنی كرد و توانیان (ئاندرێژ بابیس)، سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتە لە دەسەڵات دوور بخەنەوە، بۆیە رەنگە ئەمجارەیان نۆرەی ئەردۆغان بێت.
لە راپۆرتەكەدا هاتووە ”بەڕێز ئەردۆغان، بڕوای بەو راپرسییانە نییە كە لە توركیا ئەنجام دەدرێت كە باس لە كەمكردنەوەی دەنگەكانی دەكات. هەروەها لەم هەفتەیەدا چووە ماركێتێك لە توركیا خۆراكی كڕی و گوتی نرخەكان زۆر گونجاوە. هەفتەی رابردوو گەشتێكی بۆ ئەفریقیا كرد و پاشان ئەنجێلا مێركل، سەرۆك وەزیرانی ئەڵمانیای داوەتی توركیا كرد بۆ ماڵئاوایی لەو پۆستەی و نێوەنگیریش دەكات لە نێوان ئەفغانستان و چەند وڵاتێكی تردا، بەڵام ئاگای لێ نییە، ئۆپۆزسیۆنی توركیا، بە نهێنی و بە بەرنامە كار دەكەن، تا دەسەڵاتی 19 ساڵەی ئەردۆغان كۆتایی پێ بهێنن“.
لە راپۆرتەكەدا باس لە پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) كراوە، بەوەی نەچووەتە پاڵ ئەو شەش پارتەی داوای سیستەمی پەرلەمانی دەكەن بۆ توركیا، بەڵام هەدەپە و چەند پارتێكی تری چەپ، یەك ئامانجیان هەیە، ئەویش وەرگرتنەوەی دەسەڵاتی سیاسییە لە ئەردۆغان و پێشكەشكردنی ئەڵتەرناتیڤێكە.
هەدەپە وەكوو چۆن لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی 2019 توانی پاڵپشتی لە ئۆپۆزسیۆنی توركیا بكات و سەركەوتنیان لە ئیستانبۆڵ و ئەنكەرا و سێ شاری تر بەدەستهێنا، دەیانەوێت لە هەڵبژاردنی داهاتووی توركیا، ئەم سەركەوتنە دووبارە بكەنەوە.
بە گوێرەی زانیارییەكانی نیۆڕك تایمز، ئۆپۆزسیۆنی توركیا، دەیەوێت كەمال كلیچدارئۆغڵو، سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری، كاندید بكات، بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی توركیا، واتە كلیچدارئۆغڵو دەبێتە ركابەری ئەردۆغان.