مۆسیقا لە دیدی جوبران خەلیل جوبرانەوە

1 مانگ پێش ئێستا

ئەردەڵان عەبدوڵڵا
راستە لوبنان وڵاتێكی بچوكی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و گێتی عەرەبییە، بەڵام ئەم وڵاتە بچووكە لەڕووی فەرهەنگییەوە، رۆڵێكی ئێجگار گەورەی هەبووە لە بڵاوكردنەوەی فەرهەنگ و رۆشنبیری بەتایبەتی لەم یەك دوو سەدەیەی پێشوودا، زۆرجار لوبنان بە چاپخانەی عەرەب دادەنرا. هەرئەمەش وایكردووە كە لەم وڵاتە بچووكەدا، كۆمەڵێك ناوی مەزن لەناو دونیای رۆشنبیری عەرەببیدا لەدایك بن، یەكێكیش لەو ناوە مەزنانە جوبران خەلیل جوبرانە.

دیارە جوبران خەلیل جوبران نەك لەناو گێتی عەرەبیدا، بەڵكە لەتەواوی جیهاندا، خاوەنی پێگەیەكی گرنگە بەتایبەتی لە ئەمریكادا، چونكە دوا ساتەكانی ژیانی لەوێ بەسەربردووەو بەشێكی نووسینەكانیشی بە زمانی ئینگلیزی چاپكردووە.

خۆشبەختانە ئێستا لەو ناو ئەدەبیاتی كوردیشدا گرنگی باش بەم نووسەرە مەزنەی لوبنان دەدەن . برای هێژامان كاك  ئازاد بەرزنجی تەواوی كارەكانی كردووە بە كوردیی و لەلایەن دەزگای چاپ و پەخشی جەمال عیرفانەوە بەشێوەیەكی زۆر جوان چاپكراوە.

كاتێك نووسینەكانی جوبران دەخوێنیتەوە، هەست بە تام و چێژێكی گەورەی ئەدەبی دەكەیت، چونكە بە زمانێكی زۆر جوان و بەرزی ئەدەبی دەپەیڤێت و زۆرجار واهەست دەكەیت، كە دەقێكی شیعری دەخوێنێتەوە و خۆت لەبەردەم شاعیرێكی گەورەدا دەبینیتەوە، هەموو نووسینەكانی لێوانلێوە لە وێنەی شیعریی و زمان پاراوەیی و جوانیی.

لە كۆبەرهەمەكەیدا كۆمەڵێك چیرۆك و پەخشانی زۆر جوانی تێدایە، بەڵام لە هەموویان گرنگتر و جوانتر بەلای منەوە، بابەتێكی بوو بەناوی « مۆسیقا»ەوە. نووسەر ئەم بابەتەی لە ساڵی 1905 دا نووسیوە، تێیدا بۆچوونی خۆی لەبارەی مۆسیقاەوە دەرخستووە. من بۆچوونی زۆر فەیلەسوف و بیرمەند و نووسەری جیهانم لەبارەی مۆسیقاوە خوێندۆتەوە، بەڵام كەسیان وەكو ئەم نووسینەی جوبران خەلیل جوبران بەلامەوە جوان نەبووە.
هەوڵ دەدەم لەم وتارەدا كەمێك باسی جوبران خەلیل و ئەو دەقە جوانەی بكەم.

كەسێكی فرە بەهرە
جوبران خەلیل جوبران لە ساڵی 1883 لە ناوچەی بشەڕی لە هەرێمی چیای لوبنان لە خێزانێكی مارۆنی مەسیحی لەدایك بووە و لە ساڵی 1931 لە ئەمریكا كۆچی دواییكردووە. ئەو لەیەك كاتدا شاعیر و نووسەر و نیگاركێش و چالاكوانی مەدەنیی و سیاسیش بووە. لەهەمانكاتیشدا بەیەكێك لە نووسەرە دیارەكانی «ئەدەبی تاوارگە» یان وەكو عەرەبەكان دەڵێن» ادب المهجر» دادەنرێت . جگە لەوەش رۆڵێكی بەرچاوی هەبووە لە پێشخستن و مۆدێرنكردنی شیعر و چیرۆكی عەرەبی. لە بواری چیرۆك نووسینیشدا رۆڵێكی بەرچاوی هەبووە، بەشێكی زۆری كارەكانیشی لە خۆرئاوادا زۆر بڵاوە، بەتایبەتی چیرۆكی «پێغەمبەر» كە لە ساڵی 1923 دا بە ئینگلیزی نووسیویەتی، یەكێكە لەكارە ناسراو و جوانەكانی. جگە لە كۆمەڵێك بەرهەمی جوانی تر، كە هەرهەموویان چ لەڕووی ناوەڕۆك و شێوازەوە زۆر جوانن.

یەكێكی تر لە كارە جوانەكانی پەخشانێكی ئەدەبی زۆر جوانە بە ناوی «مۆسیقا»، لە رێگەی ئەم پەخشانەوە نووسەر هەوڵیداوە بەشێوازێكی ئێجگار بەزر و جوان، وەسفی مۆسیقا بكات و كاریگەرییە گەورەكانیشی بەسەرمانەوە دەربخات. لێرەدا هەوڵ دەدەم پوختەیەك لەو بۆچوونانەی بخەمەڕوو.

مۆسیقا
وەكو پێشتریش وتم، جوبران خەلیل جوبران ئەم نووسینەی لە ساڵی 1905 دا بڵاوكردۆتەوەو تێیدا باسی چەندین لایەنی جوان و گرنگی مۆسیقا دەكات. لەهەمانكاتیشدا باسی پەیوەندیی مۆسیقا بە ژیانی مرۆڤەوە دەكات چ لەكاتی خۆشیدا یان ناخۆشیدا، جەنگ و ئاشتیدا، كاروان و سەفەردا. هەروەها گرنگی مۆسیقا بۆ بەخشینی ئارامی دەروونی بە مرۆڤ.

زمانی ناخی مرۆڤە
جوبران دەڵێت: بەڵێ مۆسیقا زمانی دەروونە، ئاوازەكانیش ئەو نەسیمە سازگارانەن كە ژێیەكانی سۆز دەبزوێنن. ئەو ئەنگوستە ناسكانەن كە لە دەرگای هەستەكان دەدەن و یاد بێدار دەكەنەوە.

– مۆسیقا ئەو نەغمە ناسكانەیە كە هەم یادەوەریی ساتەكانی خەم و پەژارەو هەم ساتەكانی سەفا و شادی لەسەر پەڕەكانی خەیاڵ زیندوو دەكەنەوە. ل 40

– مۆسیقا وەكو چرا وایە، تاریكیی دەروون دەڕەوێنێتەوەو دڵ رووناك دەكاتەوەو پەردە لەسەر قووڵایی هەڵدەماڵێت.ل41

– مۆسیقا وەكو شیعر و فۆتۆگراف، گوزارشت لە حاڵەتە جیاجیاكانی مرۆڤ دەكات و وێنەی تارماییەكانی بارەكانی دڵ دەكێشێت و خەیاڵاتەكانی ئارەزووی دەروون بەیان دەكات و ئەو شتانە دادەڕێژێت كە بە خەیاڵدا دێن و وەسفی جوانترین ئارەزووەكانی جەستە دەكات. ل51

– مۆسیقا هاودەمی رۆحمان دەكات و لەگەڵماندا قۆناغەكانی ژیان دەبڕێت، خۆشی و ناخۆشیمان لەگەڵدا بەش دەكات. لە ڕۆژانی خۆشیماندا دەبێتە شایەت و لە ڕۆژانی ناخۆشیشدا، دەبێتە كەسێكی نزیك بۆمان. ل84

دواتریش دەیەوێت مرۆڤ خۆی رادەستی مۆسیقا بكات و دەڵێت:
-ئێمە خۆمان رادەستی شەپۆلەكانی تۆ دەكەین و دڵیشمان بە قووڵاییەكانی تۆ دەسپێرین، هەڵیانگرە و بیانبە بۆ ئەو دیوی ماتەر و پیشانمان بدە تا بزانین جیهانی پیوار (جیهانی نادیار) چی بۆ حەشار داوین.ل55

مۆسیقا لە شارستانییەتە كۆنەكاندا
پاشان نووسەر دەچێتە قووڵایی مێژووی مۆسیقا و باس لە گرنگی پێدانی مۆسیقا دەكات لەلایەن شارستانیەتە كۆنەكانی جیهانەوە بەتایبەتی میسریی و هیندیی و فارسیی و كلدانیی و ئاشوریی و یۆنانی و رۆمانی. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كە نووسەر زانیاریی زۆری لەبارەی مێژووی شارستانیەتەكانەوە هەیە.

لەمبارەیەوە دەڵێت:
-لە ئاسەواری ئاشوورییەكاندا كۆمەڵێك نیگار ماونەتەوە كە بریتین لە وێنەی كەژاوەی پادشایان و ئەو ئامێرە مۆسیقاییانەی لە پێشیانەوەن. مێژوونوسەكانیشیان پێمان دەڵێن كە مۆسیقا لە ئاهەنگەكاندا نیشانەی شكۆمەندی بووەو لە جەژنەكانیشدا سیمبوڵی بەختەوەری بووە. ل 45

-كلدانییەكان و میسرییەكان وەكو خواوەندێكی مەزن لە مۆسیقایان دەڕوانیی و سوژدەیان بۆ دەبرد و بەرز دەیاننرخاند. فارسەكان و هیندیەكانیش لەو باوەڕەدا بوون كە مۆسیقا رۆحی خوایە لە نێو مرۆڤەكاندا. شاعیرێكی فارسیش شتێكی وەهای لەبارەوە وتوە: مۆسیقا پەرییەك بوو لە ئاسمانی خواوندەكاندا عاشقی مرۆڤێك بوو لەو بڵنداییەوە بەرەو لای مرۆڤ دابەزی. حەكیمێكی هیندیش وتویەتی: شیرینیی ئاوازەكان ئومێدم بە ئەبدەیەتێكی جوان، قایم دەكەن . ل43

-لای یۆنانیی و رۆمانییەكانیش، مۆسیقا خواوەندێكی بەتوانا بوو، كۆمەڵێك پەیكەری گەورەیان بۆ دروست كرد. ئەو پەیكەرانەی نیشانەی مەزنییانن، هەروەها قوربانیگەی شكۆدار، كە تیایاندا جوانترین قوربانییەكانی خۆیان پێشكەش كردووەو بە بۆنخۆشترین بخوورد عەتراوییان كردوون، ئەو خواوەندەیان ناو نابوو « ئەپۆلۆ» ل43

لە ئەفسانە یۆنانییەكانیشدا هاتووە، كە نەغمەی ژێیەكانی ئۆرفیۆسی مۆسیقاژەن، دڵی گیانەوەرانیشی بزواندووە، بۆیە گیانەوەرە دڕندەكان و رووەكەكان دوای كەوتوون، گوڵەكان ملیان بۆ درێژكردووەو لقەدارەكان بەسەریدا نوشتاونەتەوەو داروبەردیش جووڵاون و لەتاودا پارچە پارچە بوون. ل44

مۆسیقا و جەنگ
دواتر باسی پەیوەندیی نێوان جەنگ و مۆسیقا دەكات، هەروەها ئەو كاریگەرییانە دەخاتەڕوو كە مۆسیقا هەیەتی بەسەر سەربازەكانەوە.

_ مۆسیقا پێش سەربازەكان دەكەوێت بۆ جەنگ و ورەیان تازە دەكاتەوەو بۆ خەبات گوڕوتینیان دەداتێ. وەكو هێزی كێشكردنیش كۆیان دەكاتەوەو یەكڕیزیان دەكات. ئەوە مۆسیقاە كە وەكو سەركردەیەكی مەزن پێشیان دەكەوێت و هێزێكی بێوێنە بە جەستە لاوازەكانیان دەبەخشێت، گڕوتینێك كە خۆشەویستی سەركەوتن لە دڵنیاندا بێدار دەكاتەوە. ئەوانیش بەوە بەسەر برسێتیی و تینوێتی و شەكەتی زاڵ دەبن و بەهەموو هێزی جەستەیانەوە بەرگری دەكەن و شوێن پێی مەرگ هەڵدەگرن. بەمجۆرە مرۆڤ پیرۆزترین شتی ئەم گەردوونە، بۆ بڵاوكردنەوەی خراپەكانی گەردوون بەكاردەهێنێت. ل 47

ئەو دێرەی كۆتایی زۆر جوان مەبەستەكەی پێكاوە، لە لایەك مۆسیقا پیرۆزترین شتی مرۆڤە، كەچی لە خراپترین بەرهەمی مرۆڤدا بەكاریدەهێنێت كە ئەویش جەنگ و شەڕەنگێزییە.

مۆسیقا و شوان
ناتوانین شوانكاریی تەنها وەكو كارێكی ئاسایی سەیری بكەین، چونكە زۆرجار لە رێگەی شمشاڵی شوانەكانەوە كۆمەڵێك ئاوازی زۆر جوانمان گوێ لێبووە كە مۆسیقاژەنی مەزنیش نەیتوانییووە ئەو ئاوازە دابنێت. هەربۆیە مۆسیقا و شوانكاریش پەیوەندییەكی رۆحییان پێكەوەیە، شمشاڵیش دەبێتە ئەو پردە ئەفسوناوییەی كە بە یەكتریان دەبەستێتەوە. جوبران خەلیلیش هەستی بەم حاڵەتە تایبەتە كردووەو دەڵێت:

-مۆسیقا هاوەڵی شوانە لە تەنیاییەكەیدا، هاودەمێكی خۆشەویستە، خامۆشیی دۆڵە سامناكەكان دەگۆڕێت بۆ باخ و بێستانی ئاوەدان، بە ئاوازە غەمگینەكانی، چۆڵی و سامناكییەكەی لە نێو دەبات و ئاسمانەكەی پڕ لە هۆگریی و جوانی دەكات. ل47

مۆسیقا و سەفەر
حاڵەتێكی تر كە نووسەر باسی لێوە دەكات، پەیوەندیی نێوان سەفەر و مۆسیقایە. ئێمە هەمیشە كاتێك سەفەرێك دەكەین، حەز دەكەین گوێمان لە مۆسیقا بێت، لەوكاتەدا مۆسیقا دووریی رێگەمان بۆ كەم دەكاتەوەو هاودەمێكی رۆحی باشی موسافیران دەبێت.

لەمبارەیەوە جوبران دەڵێت:
_مۆسیقا ڕێنوێنیی كەژاوەی موسافیران دەكات و لە شەكەتییان كەم دەكاتەوەو رێگا دوورەكان كورت دەكاتەوە. وشترەكان تا گوێیان لە دەنگی سارەوان نەبێت، لە بیاباندا ڕی ناكەن، ئەگەر زەنگوڵەكانیشیان لە مل نەكەن، باری قورس هەڵناگرن.

خۆشیی و مەرگ
تەوەرێكی گرنگی تر كە نووسەر تیشكی خستۆتە سەر، پەیوەندیی مۆسیقایە بە حاڵەتی خۆشیی و ناخۆشیی مرۆڤەوە، چۆن لەم دوو ساتە دژ بە یەكەدا، مۆسیقا دەبێتە هاوڕێیەكی نزیكی مرۆڤ.

نووسەر لەمبارەیەوە دەڵێت:
_ پیاو هاوسەری ژیانی هەڵدەبژێرێت و لەرێی هاوسەرگیرییەوە دەروونیان یەك دەگرێت، بەم بۆنەیەوە، خزم و كەس كۆدەبنەوەو دەیكەن بە ئاهەنگ و گۆرانی و مۆسیقاش دەكەن بە شایەت بۆ ئەو پەیوەندیی خۆشەویستییە. وەكو ئەوەی رۆژی زەماوەند، دەنگێكی سامناك بێت و خۆشی ئاوێتە بووبێت، دەنگێك كە خودا لە ئافەریدەكانیدا بەرز ڕادەگرێت، دەنگێك ژیانی خەوتوو بێدار دەكاتەوە، تا بكەوێتە رێ و بڵاوبێتەوەو ڕووی زەوی بتەنێتەوە.ل 49

دواتریش لەبارەی پەیوەندی نێوان مەرگ و مۆسیقاوە دەڵێت:

_ مەرگ وەكو دوا دیمەنی ڕۆمانی ژیان، مۆسیقاێكی غەمگین دەبیستین و دەبینین چۆن لەو ساتە ئازاراوییەدا، كە دەروونێك كەناری ئەم دونیا جوانە جێدەهێڵێت و لە دەریای ئەبەدییەتدا مەلە دەكات، ئەو ناوە بە تارمایی خەم پڕ دەكاتەوە. ل49

دوا قسە
بەدڵنییایەوە تەواوی نووسینەكانی جوبران خەلیل جوبران گوزارشت لە حیكمەت و ژیریی و جوانی ئەدەبی دەكەن، ئەو قسەی لەبارەی زۆر شتەوە كردووە لەوانە « هونەر، مۆسیقا، ئایین، سیاسەت، مرۆڤ، خۆرهەڵات و خۆرئاوا، شەڕەنگزیی، داگیركاری توركی عوسمانی، ئازار و مەینەتییەكانی گەلی لوبنان و خۆرهەڵات بەدەست ئەم داگیركارە دڕندەیییەوە. « كۆمەڵێك بابەتی تر.

لەرووی تەكنیكی نووسینیشەوە، نووسەر هەوڵیداوە جوانترین لەهەمانكاتیشدا مۆدێرینترین شێوازی نووسین بەكاربهێنێت، هەموو ئەمانەش وایكردووە كە نووسەرێكی مەزنی جیهان لێدەربچێت و كارەكانی بۆ زۆربەی زمانەكانی جیهانیش وەربگڕێت.

لێرەدا جێگەی خۆیەتی كە دەستخۆشی لە كاك ئازاد بكەین، بۆ وەرگێڕانی تەواوی كارەكانی ئەم كەڵە نووسەرەی جیهان و هیوای كاری جوانتری بۆ دەخوازین.

سەرچاوە:
جوبران خەلیل جوبران. كۆی كارە عەرەبی و ئینگلیزییەكان. بەرگی یەكەم. وەرگێڕانی: ئازاد بەرزنجی. چاپی یەكەم. دەزگای رۆشنبیری جەمال عیرفان. سلێمانی . 2021