ڕەزا زەڕاب دەڵاڵەكەی ماڵی ئاردۆگان یا ئەندازیاری خاپووركردنی ئابووریی توركیا؟

1 مانگ پێش ئێستا

رێبین ئەحمەد رەشید
پاش چوار ساڵ ونبوون، ڕۆژنامەنووس ئادەم یاڤوس ئارسڵان شوێن پێی ڕەزا زەڕابی لە مەیامی ئامریكا هەڵدەگرێت و بۆی دەردەكەوێت كە ئەو  بازرگانە توركە لە شارێكی ویلایەتەكە كۆمپانیایەكی بە ناوی  نێكست لێڤڵ  كردووەتەوە و ناوی خۆشی گۆڕیوە بۆ ئارۆن گۆڵد سمیپ. ئەو پێشتر لە دیسەمبەری 2017 ئیفادەی خۆی دابوو بە داواكاری گشتیی نییویۆرك سەبارەت بە دۆسیەی هاڵك بانك، دواتر سەرەڕای هەوڵەكانی ئاردۆكان بۆ ئازادكردنی هیج هەواڵێكی نەما.

ڕەزا زەڕاب كێیە؟
ڕەزا زەڕڕاب سەرمایەداری ئێرانی-توركیی ئەندازیاری خاپووركردنی ئابووریی توركیایە. ئامریكا بە سپیكردنەوەی 87 بیلیۆن یۆرۆی پارەی زێڕ و  نەوتی ئێران تۆمەتباری كردبوو لەسەردەمی ئابڵۆقەی ئامریكا بۆسەر ئێران. 
زەڕاب  ئەو پارەی ڕەشەی ئێرانی لەگەڵ بازرگانێكی ئێرانی بەناوی بابەكی زەنجانی لە هاڵك بانكی توركیا "ئەو بانكەی پارەی نەوتی هەرێی تێدەڕژێت". سپی كردبوویەوە. دواتر بابەكی زەنجانی لە ئێران بەتۆمەتی "خراپەكاری لەسەر زەوی" سزای لەسێدارەدانی بۆدەرچوو. زەڕابیش لەگەڵ  ئەحمەد ئاتیللای سەرۆكی هاڵك بانك  لەسەر داوای داواكاری گشتیی نیویۆرك "پریت بەهارارا" ساڵی 2016 هەردوكیان  دەستبەسەركران و ئەمریكاش ئابڵۆقەی ئابووری خستە سەر بانكەكە و هەموو ترانس ئاكشنەكانی لەو بانكەدا بڵۆك كرد، پاش ئەم ئابڵۆقەیە یەكەمین زەنگەكانی  هاڕەی لیرەی توركیی لێیدا و لیرە ڕیكۆردی 5 ی شكاند بەرامبەر بە دۆلارێك.
 
نەوتی هەرێم و لینكەكانی بە هاڵك بانكەوە!
بەگوێرەی ڕاپۆرتێكی سایتی بلومبێرگ كە لە 18 جولای 2020 بڵاو كراوەتەوە"كاتی خۆشی لەسەری نووسیم"، مورتەزالاخانی بەڕەگەز پاكستانیی كلیلی ساخكردنەوەی نەوتی هەرێم بووە لەچەند ساڵی ڕابردوودا. لە كەیسی نەوتی هەرێم بەتەنها مورتەزا لاخانی تاوانبار نییە بە حوكمی ئەوەی پارەی نەوتی هەرێم لە هاڵك بانكی توركیا دانراوە تا پێش گەمارۆكانی ئامریكا بۆ سەر ئەو بانكە، هەریەك لە ڕەزا زەڕاب و مەهمەت ئاتیلای سەرۆكی پێشووی هاڵك بانك ڕۆڵی كلیلیان هەیە لە ئاڵم و ساتمی  پارەی نەوتی هەرێم لەو بانكەدا و پارەكانی نێویشی ناتواندرێت بەهیچ جۆرێك كاری پێبكرێت.

دۆناڵد تڕەمپ و ئاردۆگان وەك زڕباوكەكانی زەڕاب!
جۆن بۆڵتن ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئامریكا لە كتێبەكەیدا "ژووری ڕووداوەكان" باسی ئەو واستە و تەشەبووسانە دەكات كە ئامینە ئاردۆگان لای میلانیا تڕەمپ كردوونی بۆ ئازادكردنی ئەو دوانە ، زەڕاب و ئاتیلا. بۆڵتن دەڵێت:ئاردۆگان لە ڕێگای زاواكەی و ئەمینە ئاردۆگانی ژنییەوە چەندین جار داوایان لە ترەمپ و میلانیای ژنی ترەمپ كردووە فشار لەسەر داواكاری گشتیی نیۆرك دروستبكەن بۆ ئازادكردنی ڕەزا زەڕڕاب كە ئاردۆگان بە پیاوێكی خێرۆمەن و باش وەسفی كردبوو. 
پێش كۆتایی هاتنی وادەكەی ترەمپ، بەفەرمانێك پاتریك بەهارارا داواكاری گشتیی نیویۆرك لە كارەكەی دوور خرایەوە. ئەم دوورخستنەوەیە كاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا. دواتر ناوی ڕەزا زەڕاب لە ناو ناواندا نەماو كەس باسی نەكرد. ئەمڕۆ ڕۆژنامەنووس ئادەم یاڤوس هەموو شتێكی لەسەر زەڕاب ئاشكرا كرد و بە ڤیدیۆ زەڕاب و شوێنی كارەكەی بۆ تورەكەكان گواستەوە.   

بۆڵتن دەڵێت:لە دیدارێكی نێوان ئاردۆگان و ترەمپ لە دیسەمبەری 2018 لە ئەرجەنتین ئاردۆگان داوای لە ترەمپ كرد كە یارمەتیی بدات لە ئازاد كردنی سەرۆكی هاڵك بانك محەمەد ئاتیللا و كۆتایی بە كێشەكە بێت"كێشەكەی ڕەزا زەڕاب و ئەحمەد ئاتیللا". پێشتر ئەمینە ئاردۆگانی ژنی ئاردۆگان ئەم داواكارییەی لە ژنەكەی جۆو بایدن كردبوو كە جێگری ئۆبامابوو. ترەمپ بە ئەردۆگانی وت: كە بە جیددی كار لەسەر ئەم مەسەلەیە دەكات بەڵام كێشەیەك هەیە ئەوەش ئەوەیە پیاوەكانی ئۆباما وەختی خۆی ئەم كارەیان دەستپێكردووە. بۆڵتن ئەم قسەیەی ترەمپ بە گەمژانە وەسف دەكات و پێی وایە كە ترەمپ دەیەوەێت هاوشێوەی دەسەڵاتخوازێكی وەك ئاردۆگان مامەڵە بكات. دەبێ ئەو بزانێ دەزگای دادوەریی لە وڵاتەكەدا پەیوەندی بە ئۆباماوە نییە و تەواو سەربەخۆیە.
دواتر داوەتكردنی بەرات ئاڵبایراكی زاوای ئاردۆكان بۆ نێو ئۆڤاڵ ڕوومی كۆشكی سپی و دانیشتنی ڕووبەڕووی لەگەڵ ترەمپ بە بێ بوونی هیچ سیفەتێكی كاونتەر پارتیی و  كردنەوەی تاوەرەكانی ترەمپ لە ناوچەی "شیشلی"لە ئیستانبوڵ و داوەتكردنی ساڵانەی  ئیڤانكا ترەمپ بۆ ئیستانبوڵ و پێدانی ساڵانەیەكی زیاتر لە 25 ملیۆن دۆلاری پێدەچێت ئەو بەرتیلانە بن ئاردۆگا بۆ ڕزگاركردنی زەڕاب بە ترەمپ و كۆشنێری زاوای دابن.

🔹 عاقیبەتی زەڕاب و بیلال ئاردۆگان
ئەمڕۆ ڕۆژنامەنووس ئادەم یاڤوس ئارسڵان شوێن پێی زەڕاب هەڵدەگرێت و بە بەڵگەی ڤیدیۆیی دەیسەلمێێت كە زەڕاب نەك هەر ئازاد كراوە بەڵكو ناوی خۆشی بۆ ئارۆ سیمپ گۆڕیوە و خاوەندارێتی لە كۆمپانیایەكیش دەكات بەناوی  نێكست لێڤڵ، كە بەشی زۆری چاودێران پێیان وایە ئەم كۆمپانیایە لە بنەڕەتدا هیی بیلال ئاردۆگانە. زەڕاب دیارە لە كۆتاییەكانی ویلایەتەكەی ترەمپدا ئازاد كراوە. شەقامی توركیی ئەمڕۆ لە شۆكێكی  تەواو نامۆدا دەژی لەلایەك داتەپینی ئابوورییەكەی تەواو ماندووی كردووە، لەلایەكی دیكەوە ئاردۆگان نەك هیچ نیەتێك بۆ چاكسازیی پیشان نادات بڵكو بەردەوامە لە سەركێشییە سیاسیی و پەلاماردندانە شەڕانییەكانی بۆسەر وڵاتدانی دەراوسێی لە سوریا و یۆنان و هەرێمی كوردستان وبەخەرجدانی بودجەیەكی زۆر بۆ ئەو بەرانەی شەڕ، ئەمەش باجكەی هەردەبێت گەلانی توركیا بیدەن.

بایدن و ئارردۆگان
بایدن لە هەڵمەتی هەڵبژاردنیدا نەیشاردەوە  گەر دەرچێت سنوورێك بۆ سەركێشییەكانی"دیكتاتۆرەكەی ئانكارا" دادەنێت، لە نوێترین پێشهاتیشدا ئامادە نەبوو لە لوتكەی نیویۆرك چاوی پێیبكەوێت و ئەمەش ئاردۆگانی زۆر توڕە كرد، پاش دەرچوونیشی زیاد لە جارێك بایدن وتویەتی چەند ساڵێكیی زۆرمان دەوێت تا ئەو هەڵانەی ترەمپ دروستی كردوون ڕاستیان بكەینەوە.ئامریكا زۆر بەدیقەتەوە چاودێریی ئەو سیاسیی و بزنسمان و كۆمپانیانە دەكات كە لەگەڵ ئێران ئاڵم و ساتم دەكەن لەسەردەمی ئابڵۆقەی ئابوورییدا. شكانی لیرەی توركی و گۆڕینی یەك دوای یەكی پارێزگارەكانی بانكی ناوەندی "لەماوەی چوارساڵدا پێنج سەرۆكی بانكی ناوەندی گۆڕدراون" و دابەزاندنی ڕێژەی فائیزی بانكیی لەلایەن خودی ئاردۆگانەوە هێمای زۆر خراپن ئەمڕۆ بۆ ئابووری توركیا و لێیرەكەی، چاودێران پێیان وایە ئاردۆگان لەم ڕێگایەوە دەیەوێت كۆمەڵێك كێشەی خۆی و خێزانەكەی دیزەبەدەرخۆنە بكات و باجەكەشی بە شكانی لیرەی توركی و هاڕەی بۆرسەی ئیستانبوڵ بدات. 

"برایان هوك بەرپرسی كاروباری پێشووی ئێران لە ئیدارەكەی ترەمپ بە وردی كاری لەسەر ئەو تەرەفانە كردبوو كە هەوڵی شكاندنی ئابڵۆقەی سەر ئێرانیان دابوو. ئەم دۆخەی ئەمڕۆی لیرەی توركیی تێیكەوتووە هیچ نییە جگە لەو ئیجرائاتانەی ئیدارەكەی بایدن بەرامبەر ئاردۆگان و ماڵباتەكەی دەیكات لە ڕاستكردنەوی هەڵەكانی ترەمپ. پێشتر بایدن گوتبووی كاتێكی زۆرمان دەوێت بۆ ئەوەی هەڵەكانی ئیدارەكەی پێشوو ڕاستبكەینەوە، ڕەنگە ڕاستكردنەوەی یەكێك لەو هەڵانە سەری توركیا و ئابوورییەكەی بخوات.
 لەوانەیە لە داهاتوودا  زۆر شتی سەرنجڕاكێش لەسەر ئاردۆگان و زەڕاب و هاڵبانك و تەنانەت هەرێمی كوردستان و نەوتەكەشی ئاشكرا ببن. چاوەڕێین