كلاسیكۆی بێ سۆپەرستار!

1 مانگ پێش ئێستا

زەردەشت عوسمان
كلاسیكۆ لە هیچ سەردەمێك و باردۆخێك گرنگی خۆیی لەدەست نادات. یەكێكە لە یارییە گەورەكانی تۆپی پێ. ئەوەی جیاوازە لە ماوەی ١٢ ساڵی ڕابردوو كلاسیكۆیەك دەبینین لە نەبوونی یاریزانی سۆپەر ستار و ئەفسانە. ڕۆناڵدۆ و میسی لەسەر تەختی شانۆیی كلاسیكۆ نەماون، لە شاشەوە بینەری ئەم یارییە جیهانیە دەبن، لەلایەك دڵخۆشن كە بەشێكی جوان و گرنگی مێژووی ئەم یارییەن، لەلاێەك غەمبارن كە چیتر ڕۆڵی ئەمان لە یەكلابوونەوە و سەركردایەتی كلاسیكۆ بووبە ڕابردوو. 
 ئەوەی دەتوانێ جیاوازی دروست بكات و دەكرێ وەك سۆپەر ستاری كلاسیكۆ مامەڵەی لەگەڵ بكری ( كریم بنزیمە ) یە. ئەم یاریزانە لەم وەرزە زۆر جیاواز دەركەتووە، لەسەر ئەم ئاستە بەردەوام بێت باشترین ساڵی ژیانی وەرزشی تۆماردەكات. كارلۆ ئەنشیلۆتی زۆرباش كاری لە ئاستی بنزیمە كردوە، ئەمە جگەلەوەی كە ئێستا كاپتنی یەكەمی تیپەكەیە ئەمەش پاڵنەرێكی زۆرباشە، بەرپرسیارێتی زیاترە بووە، چونكە ناكرێ كاپتنی یانەكەی ئاوا بیت ئاستت لە لووتكە نەبێ. ئەم ڕاهێنەرە گرفتە درێژخایەنەكەی ( ڤینیسۆس) ی چارەكرد كە خراپ بوو لە لێدانی كۆتایی، ئەم بەهرەمەندە دوایی بنزیمە مەترسیدارترین یاریزانی ڕیاڵ مەدریدە. 

كریم بنزیمە لەم وەرزەی لالیگا ٩ گۆڵی تۆماركردوە، ٧ گۆڵی دروست كردوە. یەك لێدانی سزایی جێبەجێ كردوە، ١٧ شوتی ئاراستەی گۆڵ كردوە بە تێكڕای ٢.١ شووت بۆ هەر یارییەك. ڤینیسوێس توانیویەتی لەم وەرزە ٥ گۆڵ تۆماربكات،١٢ شووت ئاراستەی گۆڵ بكات, بە تێكڕایی ١،٥ شووت بۆ هەر یارییەك. ئەمە جگەلەوە خێرایی و بڕینەكانی كێشە بۆ ڕكابەرەكانی دروست دەكات و ماییەی مەترسیە، بە تێكڕای ٣.١ برینی سەركەتوو بۆ هەر یارییەك، دووەم یاریزانی لالیگایە لەم ئامارە. ڕیاڵ مەدرید لە ٨ یاریی خاوەن ١٧ خاڵە، لە پلەیی دووەم دێت لە دوایی ڕیاڵ سۆسیداد كە یارییەك زیاتری ئەنجامداوە خاوەن ٢٠ خاڵە. ڕیاڵ مەرید ژمارەكانی لەڕوویی گۆڵكردن باشترە توانیویەتی ٢٢ گۆڵ تۆماربكات، بە تێكڕایی ٢.٨ گۆڵ بۆ هەریارییەك، بەڵام ١٠ گۆڵی لێكراوە، هەروەها ١٠ هەلی گۆڵكردنیشی لە دەستداوە. 
بنزیمە و ڤینیسۆس و مۆدریچ ئەو یاریزانانە دەكرێ بتوانن لە یارییەكی ئاوا یەكلاكەرەوە بن، هەڵبەت بە یارمەتی ڕاهێنەرێكی بە ئەزموون و زیرەكی وەك ئەنشیلۆتی.

یاری ڤالانسیا ئاهێكی كردە بەری بەرشلۆنە بۆ كلاسیكۆ، چونكە ئەو ئاست و ئەنجامە متمانەی بۆ گەڕاندنەوە. 
ئەوەی بەرشەلۆنەی بەهێز نیشاندا لەبەرامبەر ڤالانسیا چالاكی باڵەكانی بوو. دەتوانی بڵێی بەرشەلۆنە باشترین یاری ئەم وەرزەی ئەنجامدا. دیست و فاتی كاری زۆرباشیان كرد و سەرچاوەی مەترسیەكان بوون. بە بڕوایی من ئەو یارییە لەڕووی حسابیەوە بۆ بەرشلۆنە قورس بوو بەڵام لە واقیعدا نەدەكرا وابێت، ئەوە دروستە بەرشلۆنەش گرفت و خالی لاوازی هەیە، بەڵام ڤالانسیا پێش ئەوەی بێتە نیوكامپ لە چوار یاری دووخاڵ بەدەست هێنابوو. بەرشەلۆنە لەگەڵ دەسپێك و سەرەتایی یاری گرفتی هەیە، بە زووی گۆڵی لێدەكرێت، بەڵام توانی بگەڕێتەوە، ئاستێكی باش و ڕازیكەری هەبێت. بەرامبەر داینەمۆكێڤ بردنەوەیەكی مەعنەویی بۆ كلاسیكۆ تۆماركرد، دیسان ئەلبا و دێست زۆرباش بوون. كەواتە ئەوەی بۆ بەرشەلۆنە گرنگە لە كلاسیكۆ دەركەوتنی باڵەكانە بە چەشنی یاریی ڤالانسیا. حوكمی باش كاركردنی كۆمان لەم یارییە بەدیار دەكەوێت، چونكە یارییەكە قورسە، ئەگەر باشبن كەواتە خەریكن دەكەونە سەر ڕێگەی دروست و هیوایەك هەیە بگەڕێنەوە. لە لالیگا بەرشلۆنە خاوەن ١٥ خاڵە لە پلەیی حەوتم دێت بەڵام یارییەك كەمتری كردوو بە بەراورد لەگەڵ دوویانەی سەروو خۆیی. ١٤ گۆڵی كردووە بە تێكڕایی ١.٨ گۆڵ بۆ هەر یارییەك ، بەڵام ٨ گۆڵی لێكراوە. لە ڕووی لە دەستدانی هەلی  گۆڵ دوووەم یانەی لالیگایە بە ١٣ هەلی لەدەست چوو. بەرشەلۆنە لەڕووی دەست بەسەرا گرتنی یاریگا و ئاڵۆگۆڕی تۆپ و پاسی دروست باشترینی لالیگایە. ئەوەی هێزی بەرشلۆنەیە یاری كۆمەڵە، هاوشان لە لەگەڵ جوڵە بەردەوامەكانی دیپایی. لەم تیپە قورسە یاریزانێك بتوانێ كلاسیكۆ یەكلابكاتەوە، ئەوەی دەبێ ئەمە بكات پلان و تاكتیك و ووردی ڕاهێنەرە. یارمەتی لاوێكی وەك فاتی بدات كە توانایی هەیە لە یارییەكی ئاوا گۆڵ تۆماربكات.

كلاسیكۆ بۆ دۆخی هەردوو تیپ هەستیارە، یارییەكە سەنگی مەحەكە، هەردوو یانە دەتوانن باری لاری خۆیانی پێ ڕاست بكەنەوە، بكەونە سەر ڕێڕەوی باش بوون و بردنەوەی یاریی زیاتر، یان خراپ بوون و فشاری زۆر. كلاسیكۆ لەسەر ئاستی تیپ و یاریزانیش وێستگەیە، تیپ لێوە بەرەو دۆخێكی تر دەڕوات، تیپ لە دوایی كلاسیكۆ لە پێش كلاسیكۆ ناچێت، ئەمەش لەبەر قورسایی یارییەكە. یاریزان هەیە كلاسیكۆ لەناوی دەبات، واتا تۆ بۆ ئەوەیی خۆت بسەلمێنی شایستەی درێسی بەرشەلۆنە و ڕیاڵ مەدریدی، ئاستت لە كلاسیكۆ بەشێكی گەورەیە بۆ پێوەركانی تۆ. هەندێ یاریزان ئاستی بەرزی لە كلاسیكۆ دەبێتە پاڵشت و كارتێكی بەهێز بۆ بەردەوام بوونی، متمانەی بەخۆیی بەهێز دەبێت، سەرنجی دەوروبەر ڕادەكێشێ، متمانەی هاندەرو ڕاهێنەری یانەكەی بەدەست دەهێنێ. 

بزانین كلاسیكۆ لە غیابی دووباشترین یاریزانی ٢٠ ساڵی ڕابردوو چۆن دەبێت.