میدیای كوردی، چ كارەساتە

1 مانگ پێش ئێستا

د, شێركۆ كرمانج
لانیكەم بیست ساڵ دەبێت موتابەعەی كەناڵە سەتەلایتەكانی كوردستان دەكەم، تا ئێستا هەزاران جار نەخشەی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان و عێراقم دیوە، یەكجاریش، تاكە یەكجاریش، لە هیچ كام لە كەناڵەكان نەمدیوە كە بە هەڵە نەخشەی پارێزگاكانی هەرێمیان نەكێشابێت.

تا ئێستا یەك نەخشەم نەبینیوە كە مەخموری وەك بەشێك لە پارێزگای هەولێر دانەنابیت، لە كاتێكدا هەموومان دەزانین، ڕۆژنامەنوسەكانی كوردستانی لێدەرچێت، كە قەزای مەخمور لە ١٩٩١ ەوە خراوەتە سەر پارێزگای موسڵ. هاوكات، هەموومان دەزانین، ڕۆژنامەنوسەكانی كوردستانی لێدەرچێت، كە قەزای ئاكرێ و دەوروبەری لە ١٩٩١ ەوە بەشێكە لە هەرێم و بەشێك نیە لە پارێزگای موسڵ، كەچی هەموو دەزگا میدیاكانی كوردستان بە هەزاران جار ئەم هەڵەیە دووبارەو سەدبارە دەكەنەوە.

وێنەی هاوپێچ ئەمڕۆ لە یەكێك لە كەناڵەكانی كوردستان نیشاندرا، كە ئەو هەڵەیەی باسی دەكەم نیشاندەدا، نامەوێ ناوی كەناڵەكە بنوسم چونكە هەموو میدیای كوردستان ئەم هەڵەیە بەردەوام دووبارە دەكەنەوە نەك بەس ئەوان.

دەترسم هەندێك بڵێن ئاخر خۆ ناكرێت ئەوە قەبوڵ بكەین كە حكومەتی عێراق بە زۆر قەزای مەخموری پچڕاندوە لە پارێزگای هەولێر... ئێ ئەگەر وایە ئەی بۆ گێڕانەوەی قەزای ئاكرێ و دەوروبەرەكەی قەبوڵ ناكەی خۆ ئەو گەڕاوەتەوە سەر هەرێم. پرسەكە نە قەبوڵكردنە نە هیچ، تەنیاو تەنیا نەزانی و بێ سەروبەری میدیای كوردستانە.
گەلێك، ڕۆژنامەس و سیاسیەكانی بێخەبەر بن لەو ڕاستیەو نەزانن نەخشەیەكی ڕاست نیشانەی خەڵك و بینەران بدەن، دەبێ چ بەدبەختیەك چاوەڕوانی بكات.