دە تێبینی بۆ هەڵبژاردنەكەی دەی ئۆكتۆبەر

1 مانگ پێش ئێستا

عەزیز ڕەئووف
یەكەم: مێژووی هەڵبژاردن لە كوردستان بەبێ تەزویر تێنەپەڕیوە. هەر لە تەزویری زیاد لە دەنگێك تا دەكاتە گۆڕینی سندوقەكانی دەنگدان و دوا هەڵبژاردنیش گۆڕینی كۆد و جیهازی دەنگدانی تێكەوت. هەموو ئەم كردە نەخوازراوانەی پرۆسەی تەزویر لە كوردستان بۆ خەڵك جۆرێك لە گاڵتەجاڕی دروستكردووە كە خەڵك پێی وایە بچی بۆ دەنگدان یان نا سودی نیە. 

دووەم: نەبوونی ئۆپۆزسیۆنێكی كارا جیاواز لە دەسەڵات. هێزەكانی دەرەوەی دەسەڵات تەنها بە زمان لە دەسەڵات جیاوازن و زۆریشیان لە چەند ساڵی ڕابردوودا بەرامبەر بە دەسەڵات دەنگیان بەرز بوو دواجار گەڕانەوە بۆ باوەشی دەسەڵات. سەختە بەناو هێزی ئۆپۆزسیۆن بیت بەڵام جگە لە بەشداری لە هەڵبژاردنێكی چوار ساڵە زیاتر هیچ كەرەستەیەكی فشارت بەرامبەر دەسەڵات پێنەبێت. ترسی خەڵك لە ئێستادا تەنها خراپی ئەدای هێزەكانی دەرەوەی دەسەڵات نیە بەتەنها بەڵكو ترسە لەوەی كە بەشێك لەو هێز و قەوارانە دروستكراوی دەستی دەسەڵات بن ئەمەش بە مەبەستی كوشتن یاخود ڕێگەگرتن لە دروستبوونی ئۆپۆزسیۆنێكی كارا و حەقیقی لەم هەرێمە.

سێیەم: یەكێكی تر لە گاڵتەجاڕیەكانی هەڵبژاردن بۆ خەڵك بریتیە لەو مژدە و بەڵێنانەی كە بەربژێرەكان دەیدەن و خۆیان و خەڵكیش دەزانن كە ئەو جۆرە لە بەڵێن نە دێتە دی نە كاندیدەكان توانای ئەوەیان هەیە ئەم جۆرە لە مژدە و بەڵێن جێبەجێ بەكەن و تەنانەت نە لە توانای ئەوانیشدایە. مژدە و بەڵێنی قەوارە سیاسیەكان لە ڕابردوودا نەك هەر هیچی نەگۆڕی بەڵكو دۆخەكەی بەرەو خراپتر برد و متمانەی نێوان خەڵك و كاندیدی بەتەواوی نەهێشت.

چوارەم: خیتابی هێزەكانی دەرەوەی دەسەڵات و بەشێك لە چاودێران ئەوەیە كە بۆ ئەوەی دەسەڵات تەزویر نەكات باشترە بچین بۆ سندوقەكانی دەنگدان. هێزەكانی دەرەوەی دەسەڵات نەیانتوانیوە قەناعەت بە خەڵك بكەن كە ئەوان لە دەسەڵات جیاواز تر دەبن و بە شێوازێكی تری نوێنەرایەتیكردن ئاشنامان دەكەن. دەسەڵات زیندانی هەیە و هێزەكانی تر ناتوانن دەرگای زیندانەكان بە بەرپرسان بكەنەوە.چەند سەختە سندوقەكان تەنها لەبەر ئەوە پڕ بكەیت لە كارت بۆ ئەوە نا كە دنیای ئێمە باشتر بێت بەڵكو تەنها لەبەرئەوەی دەسەڵات تەزویر نەكات. چەند سەختە بچی بۆ دەنگدان نەك بۆ باشتربوونی دنیای ئێمە بەڵكو تەنها لەترسی ئەوەی دەسەڵات تەزویر نەكات.

پێنجەم: خۆی هەڵبژاردن بریتیە لە گەمەی بردنەوە و دۆڕان. تەنها لە هەڵبژاردنی 2009 دا ئەگەری دۆڕانی كورسی دەسەڵات لەئارادابوو وە بەتەواوی دەسەڵات هەستی بەو مەترسیە كردبوو. بەڵام ئەم هەڵبژاردنە هیچ ئەگەرێك لە ئارادا نیە كە ئەم جۆرە لە حوكمڕانی بە هەڵبژاردن كورسیەكانی لەق ببێت و بەڵكو زۆرێك لە ڕاپرسیەكان پێمان دەڵێ كە ئەگەری ئەوە هەیە كورسیەكانی دەسەڵات نەك كەم نەكات بەڵكو زیادیش بكات. هەڵبژاردن لە دنیای ئێمە و ناوچەكە بۆخۆی جۆرێكە لە مانەوەی دەسەڵات لەسەر كورسی. ئەگەر هەڵبژاردن مەترسی بوایە بۆسەر دەسەڵات ئەوە لەمێژبوو هەڵبژاردن قەدەغە دەكرا.  بێمنەتی دەسەڵات لە هەڵبژاردن خۆی بۆخۆی گرەنتی مانەوەی دەسەڵاتە و بۆ مانەوەشی لەسەر كورسی، لەڕێی هەڵبژاردنەوە شەرعیەتی پێ دەدات.

شەشەم: كورتكردنەوەی دیموكراسی لە هەڵبژاردنێكی درۆزنانەی چوارساڵە بۆ بەشێك لە خەڵك وەك ئیهانە دەبینرێ. زۆرێك وا دەبینن كە بە پەنجەمۆركردنیان خەڵكانێك دەبن لە خاوەن سەرمایەیەكی زۆر و لەچەند خولی هەڵبژاردندا ئەمە تاقیكراوەتەوە و بەچاوی خۆمان بینیومانە. لە هەڵبژداردنەكانی پێشودا ئەم گاڵتەجاڕیەمان بینی. دەنگ دراوە بە كەسانێك كە كاسب بووە و عەرەبانەی پێ بووە، دەنگ دراوە بە ئافرەتانێك كە هیچ هونەرێكیان نەبووە جگە لە جوانی ڕوخساریان. ئەم كردە گاڵتەجاڕیە لای بەشێك لە خەڵك تەواو دەستی هەیە لە نابووتكردن و بێ بەهاكردنی دەنگدان لەم چەند ساڵەی دواییدا.

حەوتەم: یەكێكی تر لە ئیشكاڵەكان بریتیە لە قبوڵكردنی نەتیجە لە خولەكانی پێشوتردا. لە چەندین هەڵبژاردندا تەزویری وا ئەنجام درا و هیچ ئاسۆیەك نیە ئەمجارەش تەزویر ناكرێت و دواریش هێزەكانی دەرەوەی دەسەڵات نەتیجەكەیان قبوڵ كرد. بوونی تەزویری لەڕادەبەدەر وای لە خەڵك كردووە كە چوون و نەچوونیان وەك یەك بێت. هەڵبژاردنی 2018 باشترین بەڵگەیە. بەمانایەكی تر كە كەرەستەیەك نەبێت بۆ بەرگریكردن لە دەنگەكانیان و سنورێك دانەنرێت بۆ ئەوەی كە تەزویر نەكرێت و دەنگی هاوڵاتی بەهەدەر نەڕوا ئیتر وا لە خەڵك دەكات كە پێی وابێت دەنگی ئەو لە سندوقەكاندا پارێزراو نیە.

هەشتەم: داخوازی كورد لە كوردستانی عیراق كیان و سیادە و سەرورەی و خاك و شكۆ نیە بەڵكو ئەسڵەن  كورد لە كوردستانی عیراق هیچی لەبەغدا ناوێت جگە لەنان و پارە. ئەمەش وادەكات كە ڕۆڵی كورد لە عیراقدا تەواو لاواز بێت و ئەمەش وادەكات هاوڵاتی كوردستانی عیراق هەست بە شكۆی خۆی نەكات. بچوكی داخوازیەكانی كورد لە لە بەغدا وای لە تاكی كورد كردووە بۆی گرنگ نەبێت كە كێ نانەكە دەنێرێ و موچە كێ دابەشی دەكات. 

نۆیەم: چەند شەرمە چوار ساڵ لەمەوپێش خەڵك وەك مێگەل سەرە بگرن بۆ جیابوونەوە لە عیراق و پاسپۆرت و هەویەی عیراق بدڕێنن و بەغدا تەڵاق بدەن و موچەی بەغدا بە حەرام بزانن، كەچی لەم هەڵبژاردنە ڕیز ببەستن بۆ گەڕانەوە بۆ عیراق و شەڕكردن لەسەر كورسیەكانی بەغدا. ئەمەش كاریگەری گەورەی لەسەر شكاندنی شكۆی تاكی كوردی دروست كردووە و وای كردووە كە كورد لە كوردستانی عیراق و سەركردایەتی كورد خاوەنی دید و تێڕوانینی خۆیان نەبن و دوژمنانی كوردیش هەست بەم بەتاڵیە دەكەن.

دەیەم: سەنگەرگۆڕینەوەی كاندیدەكان دوای هەڵبژاردن و گۆڕان لە دید و تێڕوانینەكان كاریگەری هەیە بۆ بێبەهاكردنی هەڵبژاردن. هاوپەیمانی هێزێكی وەك گۆڕان لەگەڵ یەكێتی و گەڕانەوەی قەوارەكەی بەرهەم ساڵح، تەواو خەڵكی لە پرۆسەی سیاسی و متمانە بە كارەكتەری سیاسی و قەوارەكان لاواز كرد. ئەو هێز و كاندیدانەی دوای ئەمانیش هاتن زۆر لەوە منداڵترن بتوانن دنیای ئێمە دەسكاری بكەن. ئەم هەموو گۆڕینی سەنگەر و نمایش و دەنگەدەنگەی دژ بەدەسەڵات دەكرێ جۆرێ لە بێتاقەتی دروست كردووە و وێنەیەكی لای خەڵكی كوردستان دروست كردووە كە هەمان دەم و چاون بەڵام تەنها زمانیان جیاوازە، ئەمەش ئەوەندەی تر بەهای بۆ هەڵبژاردن لای خەڵكی كوردستان نەهێشتۆتەوە.