ئەگەر ئەمریكا وا لە فەرەنسا بكات؟

1 مانگ پێش ئێستا

هێمن لهۆنی
ئەم بەیانییە فەرەنسییەكان لە خەو هەڵسان، بینییان كۆنترین دۆستیان كە ئەمریكایە لە پشتەوە خەنجەری لێداون.
 
ئیدارەی بایدن بەبێ ئەوەی راوێژ بە پاریس بكات، لەگەڵ بەریتانیا رێككەوتوون كەشتیی ژێردەریایی ناوەكی بۆ ئوسترالیا دروست بكەن. ئەم هەنگاوە پاریسی زۆر تووڕە كردووە، چونكە لە ساڵی 2016وە فەرەنسا گرێبەستی بە بەهای 90 ملیار دۆلار هەیە كە ئەو كارە بۆ ئوسترالیا بكات. بەم كارەی ئەمریكا، گرێبەستەكەی فەرەنسا هەڵدەوشێتەوە و گورزێكی كوشندە دەبێت لە پیشەسازیی سەربازیی فەرەنسا.
 
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا دەڵێت، ئەم كارەی ئەمریكا هیچ كات لە وڵاتێكی هاوپەیمان و هاوبەش ناوەشێتەوە، بە داخەوە خەنجەر لێدانە لە پشتەوە.
 
ئەوروپا، بە تایبەتی فەرەنسا، بەرەو ئەوە دەڕوات ئیدی نابێت پشت بە ئەمریكا ببەستێت و پلانەكەی خۆیان بۆ دروستكردنی ستراتیژییەتی بەرگریی هاوبەشی ئەوروپی، زیندوو دەكاتەوە.
 
ئەم كارەی بایدن لە كاتێكدایە كە لە فەرهەنگی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، فەرەنسا كۆنترین دۆست و هاوپەیمانی ئەمریكایە.
 
لەگەڵ هاتنی ئیدارەی بایدن و ئەنتۆنی بلینكن وەكو وەزیری دەرەوە، فەرەنسا زۆر دڵخۆش بوو بەوەی لە ترەمپ رزگاری بوو، هەروەها وەزیری نوێی دەرەوەی ئەمریكا فەرەنسی زانێكی پلە یەكە و دەرچووی زانكۆكانی پاریسە و كەس وەكو ئەو فەرەنسا بە دۆست نازانێت.
 
بەڵام دەبینین بەرژەوەندییەكان نەك بوونە هۆی ئەوەی بایدن پاریس تووشی زیانی ئابووری و شۆك بكات، بەڵكو بۆ ئەو كارەی لەگەڵ ئوسترالیا هیچ راوێژێكی بە كۆنترین دۆستی خۆی نەكردووە، تەنانەت لەگەڵ ركابەرەكەی ئەوروپا كە بەریتانیایە رێككەوتووە. لە مێژووی كۆنیشدا زۆربەی كات فەرەنسا هاوكاری ئەمریكا بووە لە دژی داگیركاریی بەریتانیا.
 
هێنری كیسنجەر دەمێكە گوتوویەتی، ئەمریكا دەزگای خێرخوازی نییە.
 ئەمە وانەیەكی دیكەیە بۆ هاوپەیمان و دۆست و هاوبەشەكانی ئەمریكا، بەر لەوەی بەیانییەك لە خەو هەستین و ئەوەی چاوەڕوانمان نەكردووە لەلایەن ئەو وڵاتەوە رووبداتەوە.