كارێكی‌ ناڕەحەت لەژینگەیەكی‌ پیاوانەدا

1 مانگ پێش ئێستا

نەبونی‌ دەرفەتی‌ هاوبەش ‌و گێچەڵ‌ و فشاری‌ كۆمەڵایەتی‌، ڕۆڵی میدیاكارانی‌ مێینە..
 كارێكی‌ ناڕەحەت لەژینگەیەكی‌ پیاوانەدا
رێكخراوی ئینتەرنیوز، لەیلا ئەحمەد

لەناو دەزگا میدیاییەكانی‌ هەرێمی‌ كوردستان‌و ناوچە جێناكۆكەكانیش ژمارەی‌ میدیاكارانی‌ ژن كەمینەن، بەم دواییەش لەگەڵ داخستنی‌ چەند دەزگایەی‌ میدیایی‌و كەمكردنەوەی‌ ستافی‌ دەزگاكان‌و بارودۆخی‌ كۆرۆنا، ژمارەكە لەوەی‌ هەبو كەمتر بوەوە.
تائێستا ئامارێكی‌ وردو یەكلاكەرەوە بەردەست نییە لەهەرێمی‌ كوردستان‌و ناوچە جێناكۆكەكان رێژەی‌ ژنانی‌ میدیاكار لەناو دەزگاكاندا چەندن، بەڵام بەلێوردبونەوەیەكی‌ سەرپێی‌ دەردەكەوێت كچە رۆژنامەنوس‌و میدیاكارەكان ژمارەیان زۆر كەمە‌و كچە میدیاكارێك نییە كەسی‌ یەكەمی‌ دەزگاكان بێت‌و ئەوانەشی‌ پۆستی‌ گرنگ‌و بڕیار بەدەستیان هەیە تاك‌و تەران.


هەمو ئەوانەی‌ لەدەزگا میدیاییەكان كاردەكەن، لەلای‌ سەندیكای‌ رۆژنامەنوسان ناویان تۆمار نەكراوە، بۆیە رێژەی‌ راستەقینەی‌ ژمارەی‌ میدیاكارو رۆژنامەنوسانی‌ مێینە یەكلا نابێتەوە، ئەوانەی‌ لەلای‌ سەندیكاشن هێشتا بەجۆرێك شەن‌و كەو نەكراون رۆژنامەنوسی‌ نێرینەو مێینە لەیەك جیابكرێنەوە، بەڵام سكرتێری‌ لقی‌ سلێمانی‌ سەندیكای‌ رۆژنامەنوسانی‌ كوردستان وا مەزەندەی‌ دەكات لەو هەشت هەزار رۆژنامەنوسەی‌ لەلای‌ سەندیكا تۆمارن بەنزیكەیی چارەكێكیان مێینە بن.


كاروان ئەنوەر، سكرتێری‌ لقی‌ سلێمانی‌ سەندیكای‌ رۆژنامەنوسانی‌ كوردستان باس لەوە دەكات حاڵەتی‌ كەمی‌ رێژەی‌ بەشداری‌ ژن لەمیدیاو ناوەندەكانی‌ بڕیاری‌ میدیاكان تەنیا پەیوەندی‌ بەهەرێمی‌ كوردستانەوە نییە، بەڵكو لەهەمو عێراق رێژەی‌ بەشداری‌ ژنان لەپاشەكشێدایە‌و دەڵێت "پێشتر رۆڵ و بەشداریی ژنان باشتر بو، ئێستا دامەزراوەكان گوێ بەباڵانسی‌ جێندەریی نادەن، توندوتیژی‌ جێندەریی‌ هەیەو تەواوی‌ دەزگاكان پیاو دایمەزراندون و هەر خۆشیان بەڕێوەیان دەبەن‌، ستافەكان پیاون و ئەقڵیەتەكەش پیاوە، ئەمانە هەمو هۆكارن".
كاروان ئەنوەر داتای‌ وردی‌ لەبارەی‌ رێژەی‌ بەشداری‌ ژن لەهەرێمی‌ كوردستان لەبەردەست نییە، بەڵام شارێكی‌ "كراوە"ی‌ وەك سلێمانی‌ دەكاتە پێوەر بۆ هەڵسەنگانی‌ ئەو رێژەیە‌و دەڵێت "لە سلێمانی‌ ڕێژەی‌ ژن لەمیدیادا لە25% كەمترە، پیاو زۆرینەن، سلێمانی‌ بەراورد بە هەمو شارەكانی‌ تری‌ عێراق ڕێژەی‌ بونی‌ ژنان لە میدیادا زیاترە، كەواتە دۆخەكە باش نییە بۆ ڕۆژنامەنوسانی‌ مێینە".
ئەو، سەندیكای‌ رۆژنامەنوسان و رێكخراوەكانی‌ پەیوەست بەداكۆكی‌ لە رۆژنامەنوسان بەهۆكارو كەمتەرخەم زانی‌ لەو پاشەكشێیە‌و دەڵێت "لەدونیادا سەندیكای‌ رۆژنامەنوسان گەر بزانن رێژەی‌ ژن كەمە كار ئاسانی‌ دەكەن‌و بۆ راگرتنی‌ هاوسەنگی‌ رەگەزەكان‌و كێشەكانی‌ بەردەمیان چارە دەكەن تا ژن لەپیشەی‌ میدیادا نەتۆرێت، بەڵام لێرە رێكخراوەكان و سەندیكای‌ رۆژنامەنوسانی‌ كوردستان ئەم كارئاسانیەیان نەكردوە".


رۆژ بەرۆژ بەشداری ژنان كەمتر دەبێتەوە
لەكاتی‌ ئامادەكردنی‌ ئەم راپۆرتە نمونەی‌ چەند دەزگایەكی‌ میدیاییمان وەرگرت لەگەرمیان‌و ناوچە جێناكۆكەكانی‌ دەوروبەری‌، بەئاڕاستە سیاسییە جیاوازەكانەوە، كەچی‌ هەمویان لەوەدا هاوبەشن كە ژنان كەمینە پێك دەهێنن.
كەناڵی‌ ئاسمانی‌ كەركوك - لەلایەن یەكێتی‌ نشتیمانی‌ كوردستانەوە پاڵپشتی‌ دارایی دەكرێت –  ئەو حزبە دیموكراسی‌ و مافی‌ ژنان لەدروشمە سەرەكییەكانێتی‌، بەڵام ئامادەیی ژنان بەپێی بەڕێوبەری‌ كەناڵەكە ناگاتە له ‌سەدا 15و هیچ بەشێكی‌ كەناڵەكە لەلایەن ژنانەوە بەڕێوە نابرێت.
شوان داودی‌، بەڕێوبەری‌ كەناڵی‌ ئاسمانی‌ كەركوك، وتی‌ "ئێمە هیچ بنەمایەكی‌ نوسراوی‌ جێندەریی تایبەت بەكەناڵەكەمان نییە، بەڵام ژنان لەبەشی‌ هەواڵ، دەرهێنان، پەیامنێران، و بێژەری‌ كار دەكەن"، ئاماژەی‌ بۆ ئەوەش كرد لەكۆی 250 كارمەندی‌ كەناڵەكە، رەگەزی‌ مێ ناگاتە 40 كەس.
بەبڕوای‌ داودی‌، خێزان و كۆمەڵگە بەپلەی‌ یەكەم و دواتر ناجێگری‌ دۆخی‌ ئەمنی‌ كەركوك هۆكار بون بۆ كەمی‌ و بەربەست لەبەردەم ژنان لەمیدیادا، ئەو پێیوایە ژنان توانایان هەیە گەر بەربەستیان بۆ دروست نەبێت لەپیشەی میدیاییدا.
نوسینگەی‌ كەناڵی‌ ئاسمانی‌ پەیام لە كەلار كە سەر بە كۆمەڵی‌ ئیسلامی‌ كوردستانە، 6 كارمەندی‌ هەیە، تەنیا یەك لەو كارمەندانە ژن و بێژەرە، نوسینگەكە هیچ بنەمایەكی‌ نوسراوی جێندەریشیان نییە.
وەك چۆن لەبەشێك لەپەرلەمان‌و حكومەتەكانی‌ دنیا بنەمای‌ بەڵانسی‌ جێندەیی‌ هەیە بۆ ئەوەی‌ رێژەی‌ بەشداری‌ ژن 25% كەمتر نەبێت، هەندێك لەدەزگا میدیاییەكانی‌ دنیاش ئەم بنەمایە پەیڕەو دەكەن بۆ ئەوەی‌ رێژەیەكی‌ گونجاوی‌ ژن لەناو میدیاكادا هەبێت‌و لەكوردستانیش چەند میدیایەك هەن ئەم بنەمایەیان پەیڕەو كردوە.
رادیۆی‌ دەنگی‌ نوێ‌ كە رادیۆیەكی‌ لۆكاڵییە لەهەڵەبجەو لەساڵی‌ 2005ەوە پەخش دەكات، زۆربەی‌ كارمەندەكانی‌ مێینەن‌و تەنانەت پەیڕەوێكی‌ جەندەرییان بۆ كاركردن داناوە. لەپەیڕەوی‌ رێكخستنی‌ كاری‌ رادیۆكەدا هاتوە "مەرجە سێ‌ لەسەر چواری‌ كارمەندەكانی‌ رادیۆ لەرەگەزی‌ مێ‌ بن".
رادیۆی‌ یەكگرتو لەگەرمیان كە ئۆفیسەكەی‌ لەكەلارە، لە 25 كارمەند پێكهاتون، تەنیا پێنج لەوانە ئافرەتن‌و پۆستە دیارو هەستیارەكان هەموی‌ بەدەست پیاوانەوەیە.
شیرین عەبدوڵا ناوی‌ خوازراوی‌ كچە میدیاكارێكە لەو رادیۆیە‌و خۆی‌ داوایكرد ناوی‌ راستەقینەی‌ بڵاو نەكرێتەوە، دەڵێت "بەڕێوبەری‌ دامەزراوەكان كەپیاون بەربەستن لەبەردەم پێشكەوتنی‌ ژنان، بڕیار بە دەستی‌ پیاوانە و ئەوەش بوەتە هۆی‌ پەراوێزخستنی‌ ژنان" 
دەشڵێت " دە ساڵە لە كەناڵ و سایت و رادێو كارم كردوە، لەم ماوەیەدا رێگریم لێكراوەو مافم پێشێلكراوە گەر ئارەزوم بۆ پیشەكەم نەبوایا دەمێك بو لەمیدیا تۆرابوم".
لەبارەی‌ جۆری‌ پێشێلكارییەكانەوە دەڵێت "بەڕێوبەری‌ دەزگاكەم جیاوازی‌ رەگەزی‌ و موچەی‌ بەرانبەرم دەكرد، چونكە میدیای‌ كوردی‌ میدیای‌ نێرینەیە و دەرفەت بەمێینە نادەن، سەرباری‌ تانەو توانجی‌ كۆمەڵگا كە به ‌هەڕەشەو كۆمێنتی‌ ناشرین و جوێن و نامەو تەسویری نەشیاو لەڕێگەی‌ تۆڕی‌ كۆمەڵایەتیەوە بۆیان دەناردم، بەڕاستی‌ لەدامەزراوەكاندا ڕۆڵ و بەشداری‌ ژنان تادێت كەمتر دەبێتەوە".
"ئێمەی‌ ژنان لەناو دامەزراوەكانیشدا هیچمان بەدەست نییە، پیاوانن بڕیاردەدەن ئێمە چیبكەین و چی‌ نەكەین، بەڕێوەبەری‌ دەزگاكەم گوێ بەقسەو ڕاوبۆچون و بابەتەكانمی‌ نەدەدا و ڕێگریان لێكردم بەتوندی‌ بەرنامەكەی‌ منی‌ لەپێدانی‌ زانیاری‌ سیاسی بەخەڵك وەستاند و تۆمەتباری كردم بەمەترسی بۆ سەر دەزگاكە و دژایەتی‌ كردنی‌ حزبەكان، پیشەی‌ ڕۆژنامەوانیەكەم زیانێكی‌ گەورەی‌ بەكەسایەتی‌ و خێزانەكەمی دا و پڕۆسەی‌ ژیانی‌ خێزانیمی‌ هەڵوەشاندەوە"، شیرین وای‌ گوت.
 رۆژنامەی‌ خانەقی لەپارێزگای‌ دیالە كە لەساڵی‌ 2005ەوە بەپاڵپشتی‌ مەڵبەندی‌ خانەقینی‌ یەكێتی‌ بەشێوەیەكی‌ مانگانە لە خانەقین‌و كەلارو كفری‌‌و جەلەولاو دیالەو كەركوك بڵاو دەبێتەوە، لەو پێج كارمەندەی‌ هەیەتی‌ تەنیا یەك ئافرەت كاری‌ تێدا دەكات ئەویش وەكو تایپێست.
لە ڕادیۆی‌ مەدەنیەت لە قەزای‌ خانەقین، لەكۆی‌ نۆ كارمەند یەكیان مێینەیە. لەڕادێوی‌ دەنگ لە كەلار، لەكۆی‌ شەش كارمەند دوانیان مێینەن.
حەسەن ئەحمەد باپیر، بەڕێوبەری‌ رادێوی‌ مەدەنیەت لە خانەقین گوتی‌ "خودی‌ ڕێژەی ئافرەت كەمە بۆ كاری‌ میدیایی، قەیرانی‌ دارایی دامەزراوەكانیش لەچەند ساڵی‌ ڕابردودا هۆكارێكی‌ ترە، لەگەڵ ئەوەشدا بەربەستی‌ خێزان و كۆمەڵگە هەیە".
زەینب حسەین موسا لە"دەزگای‌ ئاژانسی‌ رۆژنامەوانی‌‌و میدیای‌ جیهانی‌" كە سەر بەیەكێتی‌ رۆژنامەنوسانی‌ عێراقەو زیاتر كار بۆ پێگەیاندنی‌ رۆژنامەوانانی‌ گەنج دەكات، دەڵێت "ئامادەبونی‌ ژنان لەمیدیای‌ عێراقیدا بەرەو كەمبونەوەیەكی‌ مەترسیدار دەچێت چونكە ژنان بەرپرسیاریەتیان نییەو لەئاست سەرنوسەر، بەڕێوبەر و سكرتێری‌ نوسین، یان ئەندامی‌ دەستەی‌ نوسەران".
زەینەب دەشڵێت "ئێمەی‌ ژنان مافمان پێشێلە، چونكە میدیا بۆمان نەبوەتە پیشە، 17 ساڵە لە زۆربەی‌ دەزگاكانی‌ كەناڵ و ویب سایت و ڕۆژنامە كارم كردوەو بەخۆبەخش و بەموچەیش، تەمەنم چوەتە سەرەوە چەندین جار هەوڵمداوە ببمە بەڕێوبەری‌ دەزگایەك یان بەرپرسی ژوری‌ هەواڵ ڕێگریان لێكردوم، دو ساڵ  بەڕێوبەری‌ ڕۆژنامەیەكی‌ ئازاد بوم لەلایەن پیاوانی‌ حزبییەوە كێشەیەكیان بۆ دروست كردم وازیان نەهێنا تا وازم لەدەزگاكە هێناو دامخست، دواتر گروپی ڕۆژنامەوانی‌ فۆتۆگرافەرانم دامەزراند پیاوێكی‌ دەستڕۆشتو ڕێگری‌ لێكرم و گروپەكەی‌ پێداخستم".


لەسەدا سەد پیاوانە
دلێر كەریم كە ئەندامی‌ نوسینگەی‌ گەرمیانی‌ سەندیكای‌ رۆژنامەنوسانی‌ كوردستانە لە كەلار، دەڵێت "لەئێستادا 20 ڕۆژنامەنوسمان لا تۆمارەو هەمویان لەرەگەزی‌ پیاون، پێشتر نزیكەی‌ 200 ڕۆژنامەنوس تۆمار بو تەنانەت له ‌نوسینگەی‌ سەندیكاكەمان دو ئافرەتمان هەبو ئەوانیش وازیان لەپیشەكەیان هێناو ڕۆیشتن".
دەشڵێت "لەگەرمیان دەزگای‌ ئایندە، ڕادێوی‌ دەنگ و یەكگرتو و كۆمەڵ و ڕادێوی‌ كازیوە و لەگەڵ نوسینگەی‌ كەناڵەكانی‌  ڕوداو و ئێن ئاڕتی‌ و كوردسات و پەیام هەن و زۆرینەی‌ كارمەندەكانیان پیاون، لەدوای‌ سەرهەڵدانی‌ پەتای‌ كۆرۆنا  ڕۆژنامەنوسان بەتایبەت ژنان وازیان هێناوە لەپیشەكەیان، ئەو ژمارەیەی‌ كەئێستا لەدەزگاكانی گەرمیان كاردەكەن زۆرینەی‌ نێرینەن".
دلێر پێی‌ وایە خانمانی‌ میدیاكار كە پێشێلكاریشیان بەرامبەر دەكرێت بێدەنگ دەبن‌و دەڵێت "تائێستا هیچ ئافرەتێكی‌ ڕۆژنامەنوس نەهاتوەتە لامان و بڵی‌ فڵان دەزگا یان لەدەرەوەی‌ دەزگا مافیان پێشێلكردوم پێیان باشە واز لەپیشەكانیان بهێنن و لەبەر كەسایەتی‌ و ئابڕوچونیان بێدەنگی هەڵدەبژێرن و سەندیكای‌ لێئاگادار ناكاتەوە".


دوای‌ دەوام وەرە بۆلام
ئەمە ئەو بۆچونەیە كە خودی‌ رۆژنامەنوسە مێینەكان پشت راستی‌ دەكەنەوەو باس لەوە دەكەنەوە كە تەنانەت كاتێك پێشێلكاریشیان بەرامبەر دەكرێت بێدەنگی‌ هەڵدەبژێرن، نەوەك تۆمەتێك تر بخرێتە پاڵیان.
رێناس ساڵح كچە رۆژنامەنوسێكە له ‌كەلارو لەرۆژنامەی‌ نەوژین كاردەكات، ئەو رۆژنامەیەی‌ بەتوانایەكی‌ ژنانە دەردەچێت‌و پەیوەستە به ‌مەسەلەكانی‌ ژنانەوە.
رێناس روداوێك دەگێڕێتەوە كە لەناو بازاڕی‌ كەلار بەسەریدا هاتوەو دەڵێت: لەمانگی‌ ئابی‌ ساڵی‌ 2010دا لەناو بازاڕ خەریكی‌ كاری‌ ڕۆژنامەوانی‌ بوم لەناكاو هێزێكی‌ ئەمنی‌ هەڵیكوتایە سەرم‌و بەهەڵسوكەوتی‌ ناشرین دەستگیریان كردم نزیكەی‌ سێ سەد كەسی‌ ناوبازاڕیان لەسەرم كۆبونەوەو دەیان وت خوا دەزانێ‌ چ كارێكی‌ خراپی كردوە بۆیە دەستگیریان كرد، هێزە ئەمنیەكان سوكایەتیان پێكردم وتیان لەبەر ئەوەی‌ كچی‌ لەئۆتۆمبیلی‌ میكزەمینیەكەمان سەرتناخەیەن زو پێشمان بكەوە بەپێ بۆ بنكە، هەر چەندە باجی‌ ڕۆژنامەوانیم پێشانم دان بێسودبو و كەلەپچەیان كردم".
رێناس هەرچۆنێك بێـت بەڕێوەبەری‌ دەزگاكەی‌ ئاگاداركردوەتەوەو بەهەوڵی‌ ئەو لەكۆتایی ناو بازاڕەكە ئازادكراوە.
https://bit.ly/37yYrmg
رێناس باس لەوەش دەكات كە زۆر كات لەكاتی‌ كارەكەیان گێچەڵیان پێ‌ دەكرێت‌و دەڵێت "زۆرجار پەیوەندیم كردوە بە بەڕێوبەر یان بەرپرسێك لێدوانی‌ لێوەرگرم بەڵام قسەی‌ بۆ نەكردوم و پێی گوتوم كاتژمێر ئەوەنە بێ بۆلامان قسەت بۆ دەكەین، بەڵام ئەو مەوعیدو كاتانەی‌ دایان دەنا ئەو كاتەنە بو دەوام تەواوبوەو بەتەنهایە و بەشێوەیەك قسە دەكەن دور لەچوارچێوەی‌ پیشەكەم و گێچەڵیمان دەكەن منیش زانیومە مەبەستیان چیە نەڕۆشتوم بۆ لایان و لێدوانم وەرنەگرتوە لێیان".
ئازاد عوسمان، بەڕێوەبەری‌ رادێوی‌ دەنگ لەكەلار دەڵێت "بەڵی‌ لە كۆمەڵگەی‌ عێراقیدا بەربەست لەبەردەم رۆژنامەنوسانی‌ مێینەدا هەیە و هەمیشە دەوری‌ لاوەكی‌ دەدرێت بە ژن و ئەوەش بوەتە هۆی‌ ئەوەی‌ ئەزمونی‌ كەم پەیدا بكەن، دابونەریت و كۆمەڵگە و خێزان بەربەستێكی‌ ترە".


قەیرانی‌ كەمبونەوەی‌ میدیاكارانی‌ مێینە
هەرچەندە هەر لەسەرەتاوە رێژەی‌ ژن لەدەزگا میدیاییەكاندا كەمبون، لەگەڵ ئەوەشدا روداوەكانی‌ چەند ساڵی‌ رابردو ئەوەندەی‌ تر بونە هۆكاری‌ كەمبونەوەی‌ ئەو رێژەیە.
شەڕی داعش و روداوەكانی‌ ئۆكتۆبەری‌ 2017 بەتایبەتی‌ لەناوچە جێناكۆكەكان هۆكاربون بۆ داخرانی‌ چەندین دەزگای‌ میدیایی‌و بێكاربونی‌ بەدەیان ژنە میدیاكار.
ئەمەل باجەلان سكرتێری‌ سەندیكای‌ رۆژنامەنوسانی‌ كوردستان نوسینگەی‌ خانەقین لەقەزای‌ خانەقین دەڵێت "پێش شەڕی‌ داعش‌و 16ی‌ ئۆكتۆبەر، 15 دامەزراوەی‌ میدیایی لەقەزای‌ خانەقین هەبون‌و 160 رۆژنامەنوس لەلامان تۆماربون زیاتریان ژنانی‌ ڕۆژنامەنوس بون، بەڵام ئێستا تەنها 68 كەسمان ماونەتەوە تەنیا دوانیان ئافرەتن، لەو 15 دامەزراوەش تەنها دامەزراوەی‌ ڕادێوی‌ مەدەنیەت و ڕۆژنامەی‌ خانەقی ماونەتەوە لەگەڵ نوسینگەی‌ كەناڵی‌ كوردستان كە دو كارمەندیان لەقەزاكەیە ئەوانەش پیاون".
ئەمەل دەشڵێت "سەندیكاكەمان توانای‌ پشتگیری‌ كردنی‌ ڕۆژنامەنوسان نییە، چونكە لەنێوان دو ئیدارەیی حكومەتی‌ ناوەندی‌ و هەرێمی‌ كوردستانەو هەردو لا گرنگی پێنادەن، ئەمەش بوەتە گرفت بۆ رۆژنامەنوسان و دەرفەتی‌ كاری‌ كەمكردوەتەوە بەتایبەت ژنان".
ئەمەل گوتی‌" لەمیدیای‌ عێراق و هەرێم پیاوسالاریەو ڕێگە بەئافرەت نادەن بێنە پێشەوە لەمیدیادا كار بكەن مێینە لەمیدیادا بەپ‌لەی‌ دوەم كاری‌ میدیایی‌ پێ ئەدرێت، چونكە دەزگاكان زیاتر لەژێر چەتری‌ حزبین ئەمەش بۆ ئافرەت سەختە، خێزانەكان ڕێگریان لێدەكەن كاری‌ تێدا بكەن، باڵانسی جێندەریی ڕانەگیراوەو بۆ مێینە لێدوان نادرێت و ڕوبەڕوی‌ كێشەی‌ ڕێگری‌ لەڕوماڵ و گێچەڵی‌ و جیاوازی‌ موچە بەرانبەریان دەكرێت، یاسای‌ ڕۆژنامەگەری‌ عێراقی‌ و هەرێمی‌ كوردستانیش كەم و كورتی‌ هەیەو پێویستی‌ بەهەمواركردنەوە دەكات".


بەشێك لە كەمتەرخەمییەكە دەكەوێتە ئەستۆی خۆیان
هەرچەندە زۆربەی‌ میدیاكارە خانمەكان هۆكاری‌ پاشەكشەی‌ خانمان دەخەنە ئەستۆی‌ پیاوان، بەڵام بۆچونێكیش هەیە پێچەوانەی‌ ئەم ئاڕاستەیەیە.
زمناكۆ یەحیا كە رۆژنامەنوسێكە لەسایتی‌ ئێستاو رۆژنامەنوسێكی‌ دیارە لەگەرمیان، خەتاكە دەخاتە ئەستۆی‌ خودی‌ خانمان‌و دەڵێت "هۆكاری‌ سەرەكی‌ كەمتەرخەمی‌ و ساردی‌ ئافرەتان خۆیانن لەهاتنە پێشەوەی‌ پیشەی میدیادا ئافرەتەكان كەدەبنە دایك یان پیشەیەكی‌ تر دەدۆزنەوە بەتەواوی‌ دەستبەرداری‌ ڕاگەیاندن دەبن وادەزانن ڕۆژنامەنوسی بۆ ئافرەت قورسەو باش نییە".
زمناكۆ دەشڵێت "راستە ڕۆژنامەنوسی مێینەی‌ بەتوانامان هەیە، بەڵام تائێستا بەپەنجەی‌ دەست دەژمێردرێت و نەگەیشتون بەپلەی‌ باشتر، بەزۆری‌ كاری‌ بێژەری‌ و پەیامنێری‌ دەكەن دەبێ متمانەیان بەتواناو لێهاتوی‌ خۆیان هەبێت چونكە ڕاگەیاندن تەنها پیشەیەكی‌ پیاوانە نییە".
لە دەرئەنجامدا تێدەگەین كە هەمو ئەم پێشێلكارییانەی كە بەشێوەی جیاواز روبەروی ڕۆژنامەنوسانی مێینە دەبنەوە، دۆخێكی نائارام و پڕ كێشەیان لە ژینگەی كاری میدیاییدا بۆ دروست دەكات و ئەمەش ڕۆژ بە ڕۆژ مەترسی لەسەر كەمبونەوەی ژمارەی ڕۆژنامەوان و میدیاكارانی مێینە لە دەزگا و كەناڵە میدیاییەكان زیاد دەكات.