چ كاتێك ترسی منداڵەكەت ناسروشتی یە؟

1 مانگ پێش ئێستا

ئیدریس نوری 
ترس لەژیانی منداڵدا دەتوانێت كاریگەری نەرێنی درووست بكات، بەتایبەت ئەگەر هاتوو ئەم ترسە بۆ ماوەیەكی زۆر درێژەی هەبوو، ئەوا دەگۆڕێت بۆ نەخۆشی هەر بۆیە دایك و باوكان بە پلەی یەك، دەتوانن ڕێگری لەترسی منداڵەكەیان بكەن .
٭ترسی ناسرووشتی لە تەمەنە جیاوزی یەكانی منداڵاندا:
هەموو منداڵان لە قۆناغەكانی تەمەنیان دووچاری ترس دەبن، كە بەشێك لەو ترسانە بەترسی سروشتی دەژمێرێن، بەڵام ئەگەر ترسەكە لەحاڵەتی ئاسایی خۆی دەرچوو ئەوا دەگۆڕێت بۆ ترسی ناسرووشتی .
ترسی ناسرووشتی هۆكارێكە بۆ درووست بوونی كێشەكانی تر، بەپێی گەورە وبچوكی تەمەن دەگۆڕێت، هەروەها خودی ترسەكەش لەمنداڵێكەوە بۆمنداڵێكی تر دەگۆڕێت. 

٭ جۆرەكانی ترس بەپێی تەمەنە جیاوازەكانی منداڵ : 
- منداڵی ساوا: لەم قۆناغەدا منداڵ لەدەنگی ناساز و زۆر بەرز دەترسێت، بە گریان و خۆگرمۆڵەكردن دەریدەبڕێت، ئەم ترسە بەزۆری بەتێپەڕبوونی كات نامێنێت . 
- تەمەنی (٦ - ٨) مانگی لەم قۆناغەدا منداڵ لەكەسی نەناسراو دەترسێت و كاردانەوەی ناسروشتی ئەنجام دەدات، ئەم جۆرە ترسە تا (18) مانگی بەردەوام دەبێت . 
- تەمەنی (2 - ٥)ساڵی لەم تەمەندا منداڵ لە تاریكی وتەنهایی و حەیوانات دەترسێت ،ئەم ترسە تاسەرەتای چونە قوتابخانە درێژەی دەبێت، تەنانەت هەندێ جارمنداڵ لەتەمەنی ٦ساڵیدا لەچوونە قوتابخانە دەترسێت. 
- تەمەنی (6-12) هەنگاو بەهەنگاو ترسەكان شێوەیان لەهزری منداڵدا دەگۆڕێت، بۆنمونە ترسی جیابوونەوەی دایك و باوك لە منداڵ، ترسی دابڕان، ترسی ناواقعی، ترسی شەڕی نێوان دایك وباوك . 
- تەمەنی (12 - 18 ) ترسەكان دەگۆڕێن بۆ بابەتێكی تر، بۆنموونە لەم قۆناغەدا هەرزەكار لە ڕوداوی بوومەلەرزە و لافاو مردن و ئاگر و لەداست دانی دایك و باوك دەترسێت .
ترس لەتاقیكردنەوەكانی خوێندن و ترس لە ڕووبەڕوو بوونەوەی خەڵكی . 

٭ كاریگەری ترسی ناسرووشتی لەلای منداڵ ؟
۱.ترسی بەردەوام، كاریگەری خراپی دەبێت لەسەر دەروون جەستە . 
۲.ترسی ناسروشتی چالاكی یەكانی ڕۆژانە لاوازدەكات هەندێ كات لە كاریان دەخات ،دەبێتە هۆی دواكەوتنی ژیری و لەمپەر لە بەردەم فێربوون درووست دەكات . 
۳.ڕەنگە ترس ببێتە هۆی خەمۆكی لەم كاتەدا منداڵ هەمیشە بەكزی دەبینرێت و تێكەڵی لەگەڵ هاوتەمەنەكانی تری خۆی نەبێت ،ئەم ترسە پەل دەهاوێت بۆ قۆناغەكانی تری تەمەن، لەگەورەبوونی دا كاریگەری لێكەوتەكانی بەڕوونی دەردەكەوێت، لەئەنجام دا تاكێكی دەروون نەخۆش بەرهەم دێت .
٤.خراپترین ئاسەواری ترس ئەوەیە كە ئەم ترسە بەردەوام لەگەڵ ژیانی دا ڕەنگ بداتەوە، بێ گوێدانە چارەسەر وەببێتە هۆی تێكدانی ڕەفتارو گوفتارەكانی منداڵ ،لەئەنجام دا ئەم منداڵە هەست بەخەجاڵەتی و تووڕەی و بێزاری دەكات . 
٥.بەهۆی ترسەوە ،هەندێ كات منداڵ دووچاری "زمان گرتن" دەبێت ،بەو هۆی یەوە منداڵ توانای دەربڕین و گوزارشتی بەپێویست بۆ ئەنجام نادرێت.
٦.ترسی ناسرووشتی هۆكارێكی سەرەكی یە بۆ درووست بوونی كێشەی فەرمانەكانی مێشكی منداڵ .
۷.ترسی ناسروشتی ، زۆر جار دەبێتە هۆی ناڕاستگۆی و درۆكردن لەلای منداڵان . 

٭ڕێگە چارەی پێویست :
دایك و باوك لە پەروەردەی منداڵەكانیان ڕۆڵێكی بەرچاویان هەیە .
بۆیە ئامۆژگاری دەكرێن بەهیچ شێوەیەك منداڵەكانیان بەگێڕانەوەی چیرۆكی خەیاڵی ترسناك وەك: دێو درنج و ...هەروەها پۆلیسەكە دێت و دەت گرێت ، یان دكتۆرەكە دەرزیت لێ دەدات. بەم جۆرە منداڵەكەت مەترسێنە.
هەوڵ بدرێت منداڵەكە باوەڕبەخۆبوونی بەهێزبكرێت، نابێت دایك و باوك خۆیان هەمیشە لەدڵەڕاوكێی ئەوەدابن كە هەمیشە منداڵەكەیان شتێكی بەسەر بێت ، بەپێچەوانەوە نابێت منداڵ فەرامۆش بكرێت و پشت گوێ بخرێت، واتە هاوسەنگی هەبێت لەمەڕ پەروەردەی ترسی منداڵ . 

هیچ كات بەترسی منداڵەكەت پێ نەكەنیت، ئەو لە تەمەنێكدایە مێشكی بەتەواوی گەشەی نەكردووە، بۆیە تەریق كردنەوە و گاڵتە پێكردن بەمنداڵەكەت كارەكە هێندەی تر قورستر دەكات، هەوڵ بدرێت پاڵپشتی بیت و بۆی ڕوون بكەیتەوە .
دووربكەوە لەو كارانەی هۆكارێكن بۆترساندنی منداڵ، بۆنمونە هیچ پێویست ناكات ئاژەڵ یان پەلەوەر لەبەرچاوی منداڵەكەت سەربڕیت، هیچ پێویست ناكات منداڵەكەت فیلمی ترسناك ببینێت .
دواجار ئەگەر هیچت پێ نەكرا لەڕوبەڕووبونەوەی ترسی منداڵەكەت، واباشترە سود لە كەسێكی شارەزا وەك: پزیشكی دەروونی یان توێژەرێكی كۆمەڵایەتی ببینیت. 

پرۆفایل:
ئیدریس نوری
دەرونناس