قەڵایەكی تری ئیخوانیەكانی دۆستی ئەردۆگان روخا

1 مانگ پێش ئێستا

بارزان شێخ عوسمان 
سەرەتای ئەم هەفتەیە قەیس سەعید سەركۆماری تونس كۆتایی بە كێشمە كێشە پڕ گرێ و گۆڵەكانی وڵاتەكەی هێنا كە چەند مانگێك بو بە هۆی دەستی دەستی پێكردنی حكومەت بۆ جێبەجێكردنی بەڵێنەكانی بۆ چاكسازیی و قەڵاچۆكردنی گەندەڵیی و باشكردنی گوزەرانی خەڵك دروست ببو . 
لەماوەی دەساڵی رابردودا بزوتنەوەی نەهزەی ئیخوان موسلمین بە سەرۆكایەتی راشد غنوشی، سەرباری زۆرینەییەكەی لە پەرلەماندا، بەڵام نەیتوانی بارێكی ئۆقرەیی سیاسیی و ئابوریی لە تونسی دوای زەین عابدین بن عەلیدا بخوڵقێنیت وەك بەڵێنی دابو بە گەلی تونس، بەمەش ئیخوانیەكانی تونس وەك براكانیان لە میسر شكستیان هێنا بەوەی (الاسلام هو الحل) لەدروشمەوە بكەن بە واقیع و ئەزمونێكی باش پێشكەش بكەن، تا خەڵك باوەڕیان پێ بكات، بۆیە هەر لەدوای هەنگاوەكەی سەرۆك سەعید كە پشتی بە مادەی ٨٠ی دەستور بەستوە، رژانە سەر شەقامەكان و پشتیوانیی سەركۆماریان كرد بەو هیوایەی ئەم راستكردنەوە دەستورییە گۆڕانكارییەك بهێنێتە ئاراوە، كە توركیای ئەردۆگانی ئیخوانییەكانی هاوشێوەیان ناویان ناوە (كودەتا). 

ئەم هەنگاوەی سەرۆك قەیس سەعید كەبە باوكی دەستور ناو ئەبرێت بەو پێیەی پسپۆڕ و شارەزای دەستورە، لەگەڵ ئەوەی تەلیسمی ئیخوان موسلمینی لە تونس شكاند، گورزێكی گورچكبڕیشی لە توركیای ئەردۆگانیی سرەواند، هەم بەوەی هاوپەیمان و دەسكەلایەكی تری لە زۆنی پایزی عەرەبی لە شانۆی سیاسیی وەدەرنرا، هەم سەرچاوەیەكی گرنگی بازاڕی ساغكردنەوەی كاڵا و سەرمایە گوزاریی توركی لەدەست ئەچێت، بەو پێیەی تەنیا لەساڵی ٢٠١٩ زیاتر لەچوار ملیار دۆلار دەستكەوتی توركیا بوە لەتونس و لەسەدا نەوەد و چواری كاڵای توركی هاوردەی تونس كراوە، هەناردەی تونسیش تەنیا لەسەدا چوار بوە .. 

هەرچەندە یەكێتیی ئەوروپا و ئەمریكاش بەرەسمی پشتیوانیی ئەو هەنگاوەی سەرۆكی تونسیان نەكردوە، بەڵام بەو داواكارییانەیان بۆ پاراستنی ئۆقرەیی و پرۆسەی دیموكراسیی لە تونس و درێژە نەكێشانی ئاڵۆزییەكان، ئەو راستیە ساغ دەبێتەوە كە بە شێوازی دیپلۆماتیی و كەناڵی تر پشتی ئەگرن و مەحاڵە جارێكی تر نەهزەی ئیخوانیی بگەڕێتەوە بۆ سەر شانۆی سیاسیی خۆری ئەوتاقمەش بەرەو ئاوا بون ئەچێت .

زۆر لە مێژ بو ئیسلامییەكان رێك ئیخوان موسلمین ئیدیعایان دەكرد ئەوە تەنیا ئەوانن كە بە میانڕەویی خۆیان دەتوانن حكومەتداریی بكەن، هەر ئەوانیشن ئیسلامی راستەقینە نەك ئێران و عەرەبستانی سعودیی، بەڵام ئەزمونی ئیخوانییەكانی توركیا بە سەرۆكایەتی ئەردۆگان، ئیخوانەكانی سوریا لەئەنجومەنی نیشتمانیی سوریا، حوكمی ئیخوانیی لە میسر بە سەرۆكایەتی محمد مورسی لە تونس بە سەرۆكایەتی راشد غەنوشی، لە لیبیاش بەسەرۆكایەتی عەبدولحەمید دیبیە سەلماندی كە (الاسلام هو الحل) لە دروشمێكی بەتاڵ و كاریكاتۆرێك بۆ میانڕەوی هیچی تر نیە.

 سەلماندی هەژمونی نەرم و نیانیی ئیسلامی سیاسی تا سنورێكە و ئیتر خۆی ناگرێت و دەمامك لە روخساری دا ئەماڵێت، سەرەنجام ئەچێتەوە سەر پلێتی رەسەنی خۆی و وەك تاڵیبان و داعش و قاعیدە خۆی ئەنوێنێت، نە بێكاریی، نە گەندەڵیی، نە خۆسەپاندن و خۆدەوڵەمەند كردنی دەسەڵاتدارانیان پێ چاك ناكرێت و ئەو دروشمانەیان لە پڕوپاگەندەزیاتر، هیچی تر نییە . 
توركیای ئەردۆگان نەك گەشەی ئابوریی پێ پێشنەخرا، نەك دیموكراسیی و عەلمانیەتی توركیای پێ نەپارێزرا بەڵكو بەهۆی كەڵكەڵەی ئیمپراتۆریەتی ئیسلامییەوە توركیای خستە ژێر باری قەرز و قەیرانی ئابوریی قورسەوە، پایەكانی دیموكراسیی و عەلمانیەتییش لەبنەوە شەقیان برد و هیچی بەسەر هیچەوە نەما.
ئیخوانییە سورییەكانیش لە ئەنجومەنی نیشتمانیدا بەرگەی ژیانی سیاسیی و دیالۆگیان نەگرت و ئەنجومەنەكەیان كردە سەكۆی تائیفیی و دواتر بەرەو تێرۆریستیی و بەرەی ناسڕە و شام و چی و چی یان برد.
میسریشیمان بینی كە لە رێی دیموكراسییەوە هاتنە سەر حوكم بەڵام كودەتایان بەسەر دیموكراسییدا كرد و دەستیان كرد بە جێبەجێكردنی شەریعەتی ئیسلامیی
ئیخوانیەكانی تونسیش لە ماوەی دەساڵی رابردودا لە خێر و دەستكەوت بۆ توركیای ئیخوان موسلمینی هاوپەیمانیان سودێكیان بۆ گەلەكەیان نەبوە، لیبیاش ئەوە بارودۆخێتی كە ئەبینرێت، ئیتر بە چ بیانویەك ئیخوانییەكان(كە وەك هێزێكی پۆپۆلیست زیاتر هیچیان لەباردا نیە)، ئەتوانن سوار كۆڵی گەلانی ناوچەكەببن ؟!، هیچیان پێ نەبو لە سەپاندنی حیجاب و نیقاب و سەپاندنی شەریعەت و قانونێك زیاتر!! كە هیچ بەرهەمێكی بۆ پێشكەوتنی مرۆڤایەتی نیە، بەدەست و دەم و رەفتاری حكومدارییان شكستی (الاسلام هو الحل)یان سەلماند. ئەوەش دەرسێكی باشە بۆ ئیخوانییەكانی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستیش وەك حەماس و حزبی ئیسلامیی عراق و یەكگرتوی ئیسلامی و كۆمەڵی ئیسلامی و بزوتنەوەی ئیسلامی و ئەوانیتریش، تەنانەت شیعەكانی وەك حزب اللە ی لوبنان، موقتەدا سەدر و هەمو گروپە ئیسلامییەكانی تر . 

بۆیە پێویستە حزبە سیاسییەكان و روناكبیران هەموان پێكەوە بەگژ شەپۆلی ئیسلامیزەكردنی كۆمەڵدا بچنەوە و پشتیوانیی لە رەوتی دیموكراسیی و پێشكەوتنخواز بكەن نەك هێز و كەسایەتیی و رێكخراوە ئیسلامییەكان كە ئەمڕۆ هەمویان پشتیوانیی و پارەداركردنیان لە توركیا و ئێران و ئیمارات و قەتەڕ و عەربستانی سعودیەوەیە، هەر ئەوانیش پشتیوانیی تێرۆری نێودەوڵەتین. ئەوەتا یەكگرتوی ئیسلامیی وەك كلك گرێدراوی توركیا هەمان دەستەواژەی (كودەتا بەسەر دیموكراسیی)ەكەی ئانكەرەی بەكار هێنا وەك ئەوەی خۆیان باوەڕی زۆریان بە دیموكراسیی هەبێت .