بۆچی گرنگە منداڵ زمانی دایكی بخوێنێت؟

06/07/2021

موئمین زەڵمی
زمانی دایك، ئەو پەیوەندبەست و پەیوەستە هەڵقوڵاوەی خێزانە كە منداڵ لەدایكبوونەوە قسەی پێدەكات و ئاخاوتنەكانی لەگەڵ خێزان و دەوروبەرەكەی پێ ئەنجامدەدات، بەواتایەكی تر زمانی دایك زمانی منداڵیی (بومی) یە كە ئامرازی پەیوەندییەكانە لەسەربنەمای زۆرترین شارەزایی منداڵ پێی، واتە منداڵ لە پەیوەندیكردندا  یەكەمجار پەنا بۆ ئەو زمانە دەبات كە زمانی پێی پژاوە، بۆیەش گرنگە لێرەوە و لەچەمكی (زمانپژانەوە) چاو بخەینە سەر (زمانی خوێندن)، ئەم بیركردنەوەیەش لەوەوە تۆخ بوویەوە كە زمانی بیانی بویە زمانی خوێندن لەزۆرێك لەوڵاتانی جیهاندا، وەك چۆن ئێستاش لەهەرێمی كوردستان زمانی بیانی جێپێی بەزمانی دایك لێژكردوەو لەسەر ئاستی خوێندنی تایبەت، زمانی بیانی بووەتە زمانی خوێندن لەجێگای زمانی دایك.

بۆیەش لەچەندساڵی رابردودا بەشێك لەوڵاتان بیریان لەریفۆرمی یاساكانی وەزارەتەكانی پەروەردەو خوێندن كردووەتەوە بۆ ئەوەی ڕێگری لەم هەژموونە بێ بەزەییە بگرن كە منداڵ ناچاردەكات زمانی دایكی خۆی لەبیربچێتەوە، هەستی  شانازی پێوەكردنی كەم بێتەوەو وشەسازی و رستەسازی لاوازبێت.

لێرەدا بە كورتی ئەو هۆكارانە دەخەینە ڕوو كە بۆچی گرنگە منداڵ بە زمانی دایكی بخوێنێت لە قۆناغەكانی خوێندنی بنەڕەتیدا:
٭ بێگومان منداڵ كە پێش قوتابخانە بە زمانی دایكی ئاخاوتنەكانی ئەنجام دەدات، كاتێك دەچێتە قوتابخانە پێویستە بە هەمان شێوە زمانی دایكی بخوێنێت بۆ ئەوەی نەكەوێتە ناو بۆشاییەكی زمانەوانی و دابڕانی گەورەوە كە هەر لە سەرەتاوە لە زمانی دایكی داببڕێت، چونكە بە دڵنیاییەوە كاریگەری راستەوخۆی دەبێتە سەر هەموو كارلێككردنێكی ئەو منداڵە لەگەڵ پرۆسەی خوێندن و فێربووندا.

٭ منداڵ لە قۆناغەكانی سەرەتای خوێندندا پێویستە بە تەواوەی فێری نوسین و خوێندنەوە ببێت، بۆیەش كاتێك زمانی خوێندنی زمانێكیتر دەبێت نەك زمانی دایكی، هەستكردن بە شكستی لادروست دەبێت و لەم قۆناغە سەرەتاییانەی ژیانییەوە توشی ترس و دڵەڕاوكێ و دوودڵی زۆر دەبێت كە هۆكارن بۆ شكستپێهێنانی لە بیركردنەوەو فێربوون و خوێندندا، یارید (۲۰۱٦) لە توێژینەوەكەیدا لەسەر زمانی خوێندنی منداڵان گەشتە ئەو بڕوایەی كە خوێندنی زمانی دایك كاریگەری راستەوخۆی لەسەر بەرزكردنەوەی ئاستی فێربوون و زانستی منداڵان دەبێت.

٭ خوێندن لەخۆیدا بە ئامانجی پەرەپێدانی توانای فێربوون و وەرگرتنی زانیارییە لە منداڵدا، بەڵام خاڵی گرنگتر ئەوەیە كە منداڵ ئەگەر زمانی دایكی خوێند لە بنەڕەتیدا، ئاسانتر و باشتر دەتوانێت ڕای خۆی دەرببڕێت. نیشانتی (۲۰۱۷) داكۆكی لەوە دەكات كە خوێندنی زمانی دایك لە قۆناغی بنەڕەتیدا كاریگەری راستەوخۆی لەسەر پێشخستنی بیركردنەوە و فراوانكردنی هەستی ئەدەبی و توانای زانستی منداڵدا.

٭ ئاشكرا پەروەردەی نوێ، جەختلەسەر بەشداری ڕاستەوخۆ و كاریگەر و فراوانی قوتابی دەكاتەوە، بە شێوەیەك قوتابی چەقی پڕۆسەی فێركردن بێت، بۆیەش زۆر گرنگە بۆ ئەوەی قوتابی سەنتەر بێت، دەرفەتی پێ بدرێت بیركردنەوەكانی خۆی پێشكەش بكات، بیركردنەوەی منداڵیش هەمیشە بە زمانی دایكی دەستپێدەكەن، كەواتە كاتێك پێویستمان بەوەی گوێ لە بیركردنەوەی منداڵ بگرین، پێویستیشە دەرەچەكەی بۆفراوان بكەین تا لە كەشێكی تەندروست و خێرا و بێ گرێوگۆڵ دا بیركردنەوەكانی دەرببڕێت كە تەنها بە زمانی دایك دەكرێت.

٭  خوێندن زمانی دایك، هۆكارێكی كاریگەرە بۆ دروستكردنی پەیوەندییەكی بەهێز لەنێوان خێزانی قوتابی و قوتابخانەدا. چونكە خوێندنی زمانی دایك دەبێتە پاڵنەرێكی كارا بۆ ئەوەی دایكوباوكی منداڵ دڵخۆش بن بە بەشداریكردن لە پەروەردەی منداڵەكەیاندا و بەدڵنیاییەوە بەشداری دایكوباوك هۆكارێكی سەركەوتنی پرۆسەی پەروەردە و خوێندنی منداڵەكانیانە. كارسیك و نۆبلێت (٢٠٢٠).

٭ خوێندنی زمانی دایك، دەرفەتی باشتر بۆ مامۆستایانی ئەو دەڤەرانە دەرەخسێنێت كە بتوان ئەوانیش بە زمانی دایكی خۆیان  وانەكان شیبكەنەوە و هیچ جۆرە كەمبود و كورتهێنانێك لە وەرگرتن و بەخشینی زانیاری و مەعریفە لە نێوان مامۆستا و قوتابی دا دروست نەبێت.

٭ بۆ منداڵانی قۆناغە بنەڕەتییەكان، خوێندنی زمانی دایك، دەبێتە هۆی ئەوەی كە لامەركەزییەت لە پڕۆگرامی خوێندندا بێتە ئاراوە، واتە هەمووان ناچارنابن كە پابەندی یەكجۆر پڕۆگرامی خوێندن بن. لەبەرامبەردا پشت بە پرۆگرامێكی خوێندن دەبەسترێت كە زۆر نزیكە لە بازنەی منداڵانەوە لەسەر ئاستی تاك و خێزان و گوند و شار و شارۆچكەكانەوە. چونكە قوتابی كە پرۆگرامی خوێندنەكەی و نمونە كلتورییەكانی لە قۆناغی منداڵیدا نزیك بوون لە رۆحی خۆیەوە، خۆشەویستی زیاتری بۆ خوێندن و هەستێكی بەرزتری بۆ فێربوون لا دروست دەبێت. (پۆرسوێڵ، ۲۰۲۱).

٭ قوتابی زۆر گرنگە لە منداڵییەوە لە كلتور و فەرهەنگ و كەلەپور و شارستانییەتی خۆی دانەبڕێنرێت، بە پێچەوانەوە خوێندنی رێزمان و ئەدەبی زمانی دایك، دەرفەتی گەورەی دەداتێ كە شارەزای فەرهەنگ و ڕۆشنگەری و ئەدەبیاتی خۆی و ناوچەكەی ببێت و هەستێكی بەرزی لا دروست بببێت كە خوێندن و پەروەردەو فێركردن ڕۆشنكەرەوەی ڕێگاكەی دەبن و زیاتر شارەزای دەكەن لە زێد و بنەچەی خێزانی و نەتەوەیی خۆی.

لەكۆتاییدا، پێویستە ئەوە تۆخ بكرێتەوە كە خوێندنی زمانی دایك بۆ منداڵ لەقۆناغی بنەڕەتیدا، مافێكی تەواو یاسایی و دیموكراتییەو ڕەخساندنی یەكەمین ژینگەی پەروەردەیی تەندروست و ساغە بۆ منداڵ، كە بتوانێت خۆی تیا بدۆزێتەوەو پەرە بەتێگەشتی باشترو بیركردنەوەی باشترو فێربوونی باشتری بدرێت.

پرۆفایل:
 موئمین زەڵمی
دكتۆرای سیاسەتی زمان

سەرچاوەكان:
- كارسیك و نۆبلێت (٢٠٢٠). سیاسەتی زمان و ریفۆرم لەسیستمی خوێندن. ئینسكلۆپیدیای ئۆكسفۆرد.
- نیشانتی (٢٠٢٠). تێگەشتن لە گروپی زمانی دایك. گۆڤاری (IJTSRD)
- پۆرسوێڵ (۲۰۲۱). گرنگی زمانی دایك لە خوێندندا. رۆژنامەی تایمزی هیندی.
- یارید (٢٠١٦) . ئایا زمانی دایك هیچ ڕۆڵێكی هەیە. بەڵگەكان لە ئەسیوبیاوه. گۆڤاری پێداچوونەوەی ئابوری پەروەردە.