هەڕەشە مەكەن.. كێشەكان چارەسەربكەن!

2 مانگ پێش ئێستا

بەشی توێژینەوە
لە پارەوە، روداو گەلێك ڕودەدەن. دیارە لە دۆخی عیراق و ناوچەكە و كوردستاندا، روداوە سیاسی و كۆمەڵایەتی، تەنانەت رودانی تاوانیش، تا ڕادەیەكی زۆر چاوەڕوانكراون، ئەوەی مایەی سەرسوڕمانە، لە دوای هەر ڕوداوێكدا.. بە تایبەتی لە  ڕوداوەكەی هەولێرەوە، دەنگی بەرپرسەكان بەرز دەبێتەوە گوایە:
بە هیچ شێوەیەك رێگەنادەین، ئاسایشی هەرێم و خەڵك تێكبدرێ!
یاخوا وابێ، یاخوا پێتان بكرێ، یاخوا دوای ڕوداوێك، زوو ڕوداوێكی تر ڕونەدات، هەروەك چۆن دوای تەقەكردنەكانی سلێمانی هەڕەشەكرا، كە رێگە نادرێ ڕوداوی وا ڕوبداتەوە، كەچی لە تاسلوجە خراپتر ڕویدایەوە. دەترسین لە دوای ڕوداوەكەی هەولێریش، هەڕەشەكان نەیەنە دی و لە شارێكی تریش بقەومێ!

ئەی بەرپرسان!
لە وڵاتێكدا.. كێشەی موچە و پاشەكەوتی موچە هەبێ، بێكاری و هەژاری بەرز ببنەوە.. بێگومان تاوانی دزی و كوشتن و برینیش تەشەنە دەسەنن.

ئەی پۆستە باڵاكان!
لە كوردستاندا.. تیرۆریستان لە دەوروبەریا و جار و بار لە ناویشیا، تەراتێن بكەن، بێگومان لە دورایی ٧ كیلۆمەترەوە پایتەختەكەی موشەكباران دەكرێ!

ئەی دەسەڵاتداران!
لە كوردستانێكدا.. سوپای یەكگرتوو ، ئاسایشی یەكگرتوو، پۆلیسی یەكگرتوو نەبێ.. دوو ئیدارەیی بە كردەوە هەبێ، متمانەی سیاسی نەبێ، هەوڵی جۆراوجۆری دوو ئیدارەیی و لامەركەزی و سەرباخۆیی پارێزگاكان بدرێ، بێگومان كەلێن و كەلەبەر بۆ كاری تێكدەرانە زۆر دەبێ.

بەرپرسە بەڕێزەكان!
بە ویژدانتان سوێندتان دەدەین.. لەناو هێزی تایبەتی بەرپرسەكاندا.. چەند پیاو كوژ، گەندەڵ، دز، لە یاسا هەڵهاتوو داڵدەدراون؟
ئاخر ئیتر چۆن لە دوای هەموو ڕوداوێك، بەرپرسە بەڕێزەكان هەڕەشە دەكەن، گوایە ئیتر ناهێڵین ئاسایشی خەڵك و شارەكان تێكبچێ؟!
ئێمەش دەڵێین: هەتا هێزەكانی چەكدار.. لە زۆنی سەوز و زەرد.. داهاتی كوردستان، بە كردار و یاسا و دەستور یەك نەخرێن.. تاوان و تاڵان بەردەوام ڕوودەدەن. ئەو كاتەش تاك و تەرا هەر ڕودەدەن!!
هیواداریشین .. ئەوانەی هەڕەشە دەكەن وریای خۆیان و دەور و بەریان بن.. خراپتر نەقەومێ!!